Erbil 7°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 22:35

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار گرێبەستی پرۆژه‌ی ئاوی چه‌مچه‌ماڵ به‌ گوژمه‌ی 78 ملیۆن دۆلار واژوو ده‌كات

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار گرێبەستی پرۆژه‌ی ئاوی چه‌مچه‌ماڵ به‌ گوژمه‌ی 78 ملیۆن دۆلار واژوو ده‌كات

به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ 78 ملیۆن دۆلار، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و كۆمپانیای هابیكا گرێبه‌ستی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی ئاوی گۆپته‌په‌ - چه‌مچه‌ماڵ واژوو ده‌كه‌ن و وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریش پیرۆزبایی له‌ دانیشتووانی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات و ده‌شڵێت: سنووره‌كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ به‌هۆی گرفتی كه‌مئاوییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن و چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵیش له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا كۆتایی دێت و كێشه‌ی ئاویان نامێنێت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24/6/2024، به‌ ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ و نوێنه‌ری كۆمپانیای هابیكا له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار گرێبه‌ستی پرۆژه‌ی ئاوی گۆپته‌په‌ - چه‌مچه‌ماڵ له‌لایه‌ن وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و كۆمپانیای هابیكا واژوو كرا.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بۆ ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن زانیاریی سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌كه‌ خسته‌ڕوو و ڕایگه‌یاند: به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌مڕۆ پرۆژه‌ی دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و ده‌وروبه‌ری واژوو كرا. ساسان عه‌ونی گوتیشی: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌ پشتگیری و ڕێنمایی و ڕاسپارده‌ی ڕێزدار مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی چه‌مچه‌ماڵ و ده‌وروبه‌ری بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ و جێبه‌جێ ده‌كرێت و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش ده‌چێته‌ سه‌ر كاره‌ زۆره‌كانی دیكه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار سه‌باره‌ت به‌ گوژمه‌ی پرۆژه‌كه‌ گوتی: پرۆژه‌ی دیزاین و جێبه‌جێكردن و كارپێكردنی ئاوی گۆپته‌په‌ - چه‌مچه‌ماڵ به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ 78 ملیۆن دۆلار كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دابینكراوه‌  ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 
سه‌باره‌ت به‌ ماوه‌ی ته‌واوكردنی پرۆژه‌كه‌ش‌ گوتی: به‌پێی ڕۆژی ته‌قویمی 730 ڕۆژی بۆ دیاریكراوه‌، به‌ڵام داوا له‌ كۆمپانیای جێبه‌جێكار ده‌كه‌ین ئه‌و ماوه‌یه‌ كورتتر بكه‌نه‌وه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی زووتر خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی چه‌مچه‌ماڵ و ده‌وروبه‌ری لێی سوودمه‌ند ببن. 
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ پرۆژه‌كه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی 3400م3  ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ یه‌ك كاتژمێردا هه‌یه‌ و  زیاتر له‌ 480 هه‌زار كه‌سیش لێی سوودمه‌ند ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی زۆر ئاو بۆ شاری سلێمانی له‌ پرۆژه‌ی ئاوی دووكان بۆ سلێمانی ده‌بێت.
له‌باره‌ی پێكهاته‌كانی پرۆژه‌كه‌ش، ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو:‌ پرۆژه‌كه‌ وێستگه‌ی پاڵاوتن و یه‌كه‌ی وه‌رگر و په‌مپ سته‌یشنی ناوه‌ندی و خه‌زانێكی گه‌وره‌ به‌ قه‌باره‌ی 5 هه‌زار مه‌تر سێجا له‌گه‌ڵ ڕاكێشانی هێلی كاره‌با و چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ش له‌خۆده‌گرێت. 
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ناوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ و ده‌وروبه‌ری و گۆپته‌ كرد، هه‌روه‌ها گوتیشی: سوپاسی جه‌نابی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێزدار كاك مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ین كه‌ فه‌رمانی كرد و پاڵپشتیی ڕاسته‌وخۆی پرۆژه‌كه‌ی كرد و ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵیش به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌مئاوی كۆتایی دێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.