Erbil 30°C شەممە 28 ئەیلوول 19:47

لە میانی ئەنجامدانی فەریزەی حەج 30 ھاووڵاتیی ھەرێمی كوردستان لە مەککە کۆچی دواییان کردووە

کوردستان TV
100%


لەمیانی پێشوازیکردن لە گەڕانەوەی یەکەمین کاروانی حاجییانی ھەرێمی کوردستان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان د.پشتیوان سادق ڕایگەیاند کە داوای لێبووردن لە ھەر کەموکوڕییەک دەکەن و ئاشکرایشی کرد کە لە ڕێگای وەزارەتی ئەوقافەوە، چوار ھەزار و 685 کەس ڕێورەسمی حەجی کردووە کە ئەمە پشکی ھەرێم بووە لە عێراقدا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێم، د.پشتیوان سادق ڕایگەیاند کە، بەشێک لە حاجییان بە فڕۆکە و بەشێکی دیکەیان بە ڕێگەی وشکایی چوونەتە سعوودیە و ھاوکات 42 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لە خزمەت ئەو حاجیانەدا بوونە لە مەککە و مەدینە.

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە کە جگە لەو ڕێژەیەی کە حەجیان کردووە، ژمارەیەکی دیکەی ھاووڵاتییان لەڕێگەی جۆراوجۆرە و بە ڤیزای گەشتییارییەوە فەریزەی حەجیان بەجێ گەیاندووە، ئەوانەی لەو ڕێگەوە ئەو ڕێوڕەسمەیان کردووە ھیچ پەیوەندییان بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییەوە نییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتی: "نزیکەی 15 ھەزار کەس لە دەرەوەی ڕێکارەکانی وەزارەتی ئەوقافەوە چوونە حەج، ھەروەھا 30 ھاووڵاتی خەڵکی ھەرێم لە مەککە کۆچی دواییان کردووە، کە تەنیا یەک کەسیان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە چووەتە سعوودیە".

د.پشتیوان سادق گوتیشی: "ئێمە پێشتر داوامان لە کۆمپانیاکان کردبوو کە لە دەرەوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقافەوە گەشتەکانییان ئەنجام نەدەن، بۆیەش لیکۆڵینەوەیەکی یاسایی توند لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت کە بەڵێنیان بە خەڵک دابوو بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بۆ خەڵک بکەن لە حەج، بەڵام وەکو پێویست ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکردووە، بۆیە پێویستە ڕیوشوێنی توندی یاساییان ‌لەگەڵ بکرێت تا ئەو کارانە دووبارە نەبێتەوە.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار ھەزار و 685 حاجی لە ھەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانەوە بریتیی بوو لە 33 ھەزار و690 کەس کە لە ڕێگای ئاسمانی و وشکاییەوە چوونەتە سعوودیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.