ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی 6ـی 2024 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیى لە هانس ساندی باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق کرد کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کرد بوو.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی کرد بۆ هەوڵ و کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی دوو لایەنە، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی هۆڵەندا لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پشتگیریکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵ دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت هیوای سەرکەوتنیشی بۆ باڵیۆز خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.
باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا، ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کرد كە ڕێژەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا دووهێندە زیاتر بووە و خواستی وڵاتەکەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.