بەگوێرەی ئەو ئامارانەی كە لە سعوودییە بڵاوكراوەتەوە، لە پڕۆسەی ئەمساڵی حەجدا بەشێوەیەكی گشتی زیاتر 900 كەس گیانیان لەدەستداوە كە زۆرینەیان خەڵكی وڵاتی میسڕن، سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش ئەوەی زانراوە تا ئێستا 16 حاجی گیانیان لەدەستداوە.
ئامارەكە لەلایەن ئاژانسی (فڕانس پرێس) بڵاو كراوەتەوە و تێیدا هاتووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان لە پڕۆسەی حەجی ئەمساڵدا زیاتر لە 900 كەس گیانیان لەدەستداوە، زۆری رێژەی مردووانیش بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرما بووە كە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە سعوودییە بۆ سەرووی 51 پلەی سیلیزی بەرز ببووەوە.
زۆرینەی ئەو حاجییانەشی گیانیان لەدەستداوە خەڵكی وڵاتی میسڕن كە ژمارەیان زیاتر لە 600 حاجی بووە، دوای ئەویش هەریەك لە ئەندۆنیسیا 132، هیندستان 68، ئوردن 60، توونس 35، ئێران 11 و سەنیگال 3 حاجی گیانیان لەدەستداوە.
سعوودییە لە دەستپێكی پڕۆسەی حەجدا رایگەیاندبوو كە بۆ ئەمساڵ پێشوازی لە 1.8 ملیۆن حاجی لە سەرتاسەری جیهان دەكەن.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش، بەگوێرەی ئەو ژمارانەی كە شاندی حاجییان بڵاویان كردۆتەوە لە پڕۆسەی حەجی ئەمساڵدا 16 هاووڵاتی هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.