Erbil 14°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 10:32

روونكردنەوە لەبارەی دەنگۆی راگرتنی گەشتیاران لە بازگەكانی هەولێر بڵاو دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر روونكردنەوەیەكی لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هەواڵی قەرەباڵغی بازگەكان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بڵاو كردەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەكە لە روونكردنەوەكەدا رایگەیاند: بە شانازییەوە پارێزگای هەولێر و هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا بە سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندارەکان لە خزمەتی گەشتیاران بوون، ئەنجامیش بە هەوڵ و ماندووبوونی هەموولایەک، شاری هەولێر لە میواندۆستی و ئارامی سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کرد.

راشیگەیاند: هەندێ میدیای عەرەبی دیمەنی قەرەباڵغی هاتنی گەشتیارانیان کردە هەواڵ، گوایە لە بازگەکانی هاتن بۆ هەولێر ڕاگیراون، لە کاتێکدا لە بازگەکان بەوپەڕی بەرپرسیارەتی و میواندۆستی ئاسانکاری تەواویان بۆ گەشتیاران کردووە، هەروەها تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان لە بازگەکان بە شیرینی و پێداویستی جیاجیا خزمەتی خەڵک و گەشتیارانیان كردووە.

هەروەها رایگەیاند: بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار قەرەباڵغی لە بازگەكان دەبینرا، کە ئەمەش لە وێنە ڕاستەقینەکەدا سەرکەوتنی بەرنامەداڕێژراوی هەولێر بوو بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.

لە كۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر جەختی كردەوە كە هەولێر و خەڵکەکەی و حکوومەت بەیەکەوە کار بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی گەشتوگوزار دەکەن و هەواڵی بێ بنەماش ساردمان ناکاتەوە لە خزمەتکردن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.