Erbil 15°C سێشەممە 25 حوزەیران 10:16

میوانانی ماڵی خوا دەچنە کێوی عەرەفات

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ 9ی مانگی زیلحیجە، زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی یەکێک لە ڕوکنە سەرەکییەکانی فەریزەی حەج بەجێ دەگەیەنن کە وەستانە لەسەر کێوی عەرەفات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شه‌ممه‌15ی6ی2024، 9ی مانگی زیلحیجە، حاجیانی ماڵی خوا کە ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبن، بەمەبەستی بەجێگەیاندنی یەکێک لە ڕوکنە سەرەکییەکانی فەریزەی حەج، بەرەو کێوی عەرەفات بەڕێکەوتن، دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ رۆژی "تەروییە"یان لە مینا ئەنجام دا.
وەستان لە کیوەی عەرەفات بە یەکێک لە ڕوکنە سەرەکییەکانی فەریزەی حەج دادەنرێت و دەکەوێتە 9ی مانگی زیلحیجە و شەرعناسان ئاماژە بەوە دەکەن ھەر کەسێک لەچوارچوەی بەجێ گەیاندنی فەریزەی حەج نەچێتە عەرەفات، حەجەکەی قبووڵ ناکرێت و نابێت بە حاجی.
میوانانی ماڵی خوا لە شاری مەککەوە بە گوتنەوەی "لبیک اللھم لبیک.. لبیک لا شریک لک لبیک.. إن الحمد والنعمە لک والملک.. لا شریک لک" بەرەو کێوەی عەرەفات بەڕێکەوتن.
ھاوکات ئەمڕۆ میوانانی ماڵی خوا، نوێژی نیوەڕۆ و عەسر بە قەسرو جەمع بە یەک بانگ و دوو قامەت لە مزگەوتی نەمیرە ئەنجامدەدەن دوای ئەوەی گوێبیستی گوتاری عەرەفات دەبن.
بەپێی میدیاکانی سعوودیە، کارمەندانی ئاسایش، ھاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و پاسەوانی نیشتمانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکوومەتی سعوودیە لەسەر ڕێگەکانی کێوی عەرەفات بڵاوبوونەتەوە بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە گیانی حاجییان و یارمەتیدانیان.
ھاوکات لەگەڵ خۆرئاوابووندا میوانانی ماڵی خوا لە کێوی عەرەفات دێنە خوارەوە و لە نێوان بانگی شێوان و خەوتناندا دەچنە موزدەلیفە و لەوێ تا بەرەبەیانی 10ی زیلحیجە دەوستن و دواتر لەگەڵ نوێژی بەیانیدا دەست بە قوربانیکردن دەکەن.
میوانانی ماڵی خوا لە مینا، ڕۆژانی 11، 12 و13ی زیلحیجە سێ ڕەجمکردن ئەنجامدەدەن، کە بە ھەرسێ ڕەجمی بچووک و ناوەڕاست و گەورە ناسراوە، ھەر حاجیەک بیەوێت دەتوانێت ئەو سێ ڕۆژە بۆ دوو رۆژ کورت بکاتەوە و لەدوای ڕەجمەکان، بە مەبەستی ئەنجامدانی تەوافی ماڵئاوایی کە دوا ڕوکنی فەریزەی حەجە، حاجییان ڕوو لە کەعبە دەکەن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.