Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 21:26

پرۆژەى دامەزراندنى سەنتەرەکانى پشتیوانیى خاوەنپێداویستە تایبەتەکان لە زانکۆکان جێبەجێ دەکرێت

کوردستان TV
100%


شاندێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمى کوردستان لە شارى هەولێر لەگەڵ شاندێکى دامەزراوەى ئامیدیست، بە مەبەستى گفتوگۆکردن لەبارەى پرۆژەى دامەزراندنى سەنتەرەکانى پشتیوانیی خاوەنپێداویستە تایبەتەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوامى نەتەوە یەکگرتوەکان بە تایبەت لە بوارى ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسانیى خوێندن، بۆ هەموو تاکەکانى کۆمەڵگە، پشتیوانى لە ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر دەکات بۆ خاوەنپێداویستە تایبەتەکان، بۆ ئەوەى بتوانن لە خوێندنى زانکۆیى بەردەوام بن و هەمو کاراسانییەکیان بۆ بکرێت، لە زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان.

بۆ ئەم مەبەستەش وەفدەکەى دامەزراوەى ئامیدیست، لە ماوەى مانەوەیان لە هەرێمى کوردستان، هەر یەک لە زانکۆکانى سنوورى هەولێر و سلێمانى و دهۆک بەسەر دەکەنەوە و لەنزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ ستافى ئەکادیمیی زانکۆکان دەکەن، بە مەبەستى جێبەجێکردنى پرۆژەى دامەزراندنى سەنتەرەکانى پشتیوانیى خاوەنپێداویستە تایبەتەکان.

جێگەى ئاماژەبۆکردنە شاندەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێکهاتبوون لە د. ئامانج عەبدوڵا سەعید و د. سەباح ئیبراهیم وەیس، ڕاوێژکارانى وەزیر و د. خەتاب ئەحمەد مستەفا و د. توانا نەجەف محەمەد خان، بەڕێوەبەرانى گشتیى وەزارەت، هەروەها شاندی میوان پێکهاتبوون لە ستیڤن کۆچوبا، بەرپرسی ئامیدیست لە عێراق، خاتوو کوینسی دێرمۆدی و خاتوو دینا موحسین، بەرپرسانى بەشى دەستپێشخەریی خوێندنی باڵا لە ئامیدەست، هەروەها د. دلۆڤان فەتاح بەرواری، بەڕێوەبەری کاروباری گشتی و ئەکادیمیی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.

شایانی باسە ئامیدیست؛ دامەزراوەیەکى ئەمەریکاییە و چالاکییەکانی پەروەردە و ڕاهێنان و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا ئەنجام دەدات. ساڵانە لە ڕێگەی بەرنامەکانی پەروەردە و ڕاهێنانەوە، گۆڕانکاری لە پرۆگرام و کارى حکومەتەکان دەکات، بۆ ئەمەش پرۆژەى هاوبەش و جۆراوجۆرى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دامەزراوەکانى دیکەدا هەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.