دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر بڕیاری دا پلیتی سەرجەم ئەو یارییانەی یانەكە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق ماوەیەتی، بۆ هاندەران بكرێنە خۆڕایی، داواشی لە هاندەران كرد هاندانێكی شارستانییانەی یانەكەیان بكەن و دووربن لە هەر هەڵوێستێك كە ببێتە هۆكاری سزادانی یانەكە.
یانەی هەولێر لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی یانەکەمان پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام لە پێناو هاندەرانی خۆشەویستی و دڵسۆزی هاندەرانی یانەکەمان، بڕیارمان دا پلیتی چوونەژوورەوەی یاریگا بۆ سەرجەم ئەو یارییانەی کە یانەکەمان لە یاریگای فەڕەنسۆ هەریری لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ماویەتی، بەخۆڕایی و بێبەرامبەر بێت .
بڵاویشی كردەوە: هاندەرانی خۆشەویستی یانەی وەرزشی هەولێر، تەنها داواکاریمان لەم قۆناغەدا لە ئێوەی خۆشەویست هاندانی یانەکەی خۆتانە و هەر ئەوەشتان لێ چاوەڕێ دەکرێت.
لە راگەیەنراوەكەی یانەی هەولێر هەروەها هاتووە "هاندەران و هەواداران دڵسۆزانی یانەی وەرزشی هەولێر، ئێمە بۆ خزمەتی ئێوە لێرەین، ساردی و گەرمی سەر پەیژەکان و هاندانی شارستانییانەتان و هاواری پڕ بە قوڕگە زێڕینەکانتان هەرگیز لە بیرناکرێت.
دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر تەنیا یەك داواكاریشی لە هاندەران هەبوو و رایگەیاند: تەنیا داخوازیمان لەم قۆناغە و لەو یارییانەی ماون، ئەوەیە كە دووربن لە هەر هەڵوێستێك کە ببێتە هۆکاری سزادانی یانەکەمان .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.