ئەمڕۆ چوارشەممە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز کۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە نیازی چارەسەری ریشەیی كێشەی نەوت لەگەڵ حكوومەتی فیدڕالی كرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی نێو پرۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا سەبارەت بە بودجە و نەوت کرا، تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکان و گەیشتن بە ڕێگەچارەی هاوبەش.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نیازی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێ کرایەوە و خواستی حکوومەتی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو، بە جۆرێک کە ئەم پرسە پێویستی بە ڕێگاچارەی هاوبەش و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموولایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئالنگارییانە کرا کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری دروستبوون، بە بایەخ و سوپاسەوە باس لە خۆڕاگری و پشوودرێژی کۆمپانیاکان کرا و ئاماژەش بەوەدرا بە پێکەوەیی مانەوە و کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامیدان بە کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن، هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیاکان بە پێویست زانرا لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.