Erbil 34°C شەممە 28 ئەیلوول 16:45

سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

کوردستان TV
100%

بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بە مەبەستی رێككەوتن سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەندەری جەیهانی توركیا.

یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تایبەت بوو بە پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان.

لە كۆبوونەوەكەدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی دانوستانکار باسیان لە کۆبوونەوە و هەوڵ و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە کرد کە لەم ڕووەوە کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

هەر بۆ ئەم مەبەستەش وا بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق بەیەکەوە سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.

بەهۆی ڕاگرتنی پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئاداری ساڵی پارەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی گشتی عێراق و هەرێمی كوردستان گەیشتووە.

لە کۆبوونەوەكەدا ڕێنوێنی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ شاندی دانووستانکار دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جدیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە ڕێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستوورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت، لەم چوارچێوەیەدا حکوومەتی هەرێم ئامادەی گفتوگۆ و دانوستان و گەیشتنە بە ڕێککەوتن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.