Erbil 15°C سێشەممە 18 حوزەیران 15:29

مه‌سرور بارزانی: ئامادەکاریمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوهەوا کردووە

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ دووشەممە 6/3 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، بەردی بناخەی هەردوو پارکی ( ئاڵۆکا ) و سەرهەڵدان ( بەرۆشکێ) ی لە دهۆک دانا.

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی کولتووری ژینگەپارێزی و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی کردەوە و ئاماژەی کرد کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی توانا، کاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا کردووە.
ئەمەش ده‌قی گوتاری سەرۆکی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز، زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لە دهۆکین بۆ دانانی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک لەنێویشیاندا هەردوو پارکی "ئالۆکا و بەڕۆشکێ". پێش چەند ڕۆژێکیش لە دەڤەری سۆران بووین بۆ دانانی بەردی بناغەی دوو پارکی گرنگ. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پابەندبوونمان بۆ جوانترکردن و تەندروست کردنی شارەکانمان.

 ئەم دوو پارکەی ناو شاری دهۆک، چەندان خزمەتگوزاریی گرنگ لەخۆیان دەگرن و خزمەتێکی باش دەگەیەننە دانیشتووانانی شارەکە، چونکە ڕووبەری هەردوو پارکەکە زۆر فراوانە و هیوادارم ئەم پارکانە ببنە شوێنێکی باش بۆ کات بەسەربردنێکی خۆش. هەروەها تەواوبوونی ئەم دوو پارکە دیمەنێکی دڵڕفێن دەداتە دهۆکی ڕەنگین و کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای ناو شاری دهۆک دەبێت.

بەداخەوە لە ڕووی سەوزاییەوە، هەرێمی کوردستان هێشتا لە ئاستی پێویست و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نییە. هەر چەندە پارێزگای دهۆک لەم ڕووەوە لە ناوچەکانی دیکە باشترە؛ بەڵام پێویستە بایەخێکی زیاتر بە زیاترکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بدەین.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی پێویستی دەرکردووە بۆ زیاترکردنی ڕووبەری سەوزایی و چاندنی داروبار لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە تایبەت لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون. دوو ڕۆژی دیکە ڕۆژی جیهانیی ژینگەیە، ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی داکۆکی لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەم لە بواری پاراستنی ژینگەدا کە نابێت تەنها ئەرکی حکوومەت بێت، بەڵکوو ئەرکی هەموومان و هاووڵاتییان بێت.

خوای گەورە سروشت و ژینگەیەکی جوانی پێداوین، پێویستە بیپارێزین و بە پاکی بهڵێینەوە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتووش سوودی لێ ببینن. ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێی تواناکان، چەند هەنگاوێکمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ناوە.

 بە گوێرەی شرۆڤە و لێکدانەوەکانی زانایانی ئەم بوارە، ناوچەکەمان یەکێک دەبێت لەو ناوچانەی بە سەختی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، بۆیە هەستاوین بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک هەنگاو و ڕێکاری پێویست بۆ ئەوەی ڕووبەرووی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە. بۆ نموونە، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی ئەو گازانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی دەردەچن، دروستکردنی چەندین پۆند و بەنداو و کارکردن بۆ بووژاندنەوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستە هەنگاوی زیاتر بنێین و لە هەمووان گرنگتر، بەهێزکردنی فەرهەنگی ژینگەپارێزییە لەنێو گەلی خۆماندا؛ بۆ ئەم چەندەش ڕۆڵی ڕاگەیاندن، پەروەردە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت ڕۆڵی خێزان و بنەماڵە گرنگە.

بەڕێزان؛ وەکو ئەوەی ئاگادارن، هەفتەی ڕابردوو سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەت، سەرۆک و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق کۆبووینەوە. بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا دانوستانمان لەسەر چارەکردنی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.

لە بەغدا بە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی عێراقم گوت، جێگەی داخ و دڵتەنگییە کە تاوەکو ئێستا دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە و قەیرانە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کورستان و فیدراڵیدا دەکەین. پێویستە ئەم مافانە، سرووشتی بن و نەبنە هەواڵەکانی ڕاگەیاندن؛ بەڵکوو لە جیاتی ئەمە بە یەکەوە بەرنامە بۆ پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باشتر دابنێین تاوەکو ڕکابەری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی جیهان بکەین. هەروەها چۆن بتوانین لە هەموو ڕوویەکەوە وڵاتەکەمان بەرەوپێش ببەین.

وڵاتەکەمان، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و سامانی سرووشتی و ماددیی زۆرمان هەن، تەنها ئیدارەدانێکی باشترمان پێویستە تاوەکو بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان. هیوادارم چی دیکە کاتەکمان بۆ دروستکردنی گرفت و کێشە و ناکۆکییەکان نەفەوتێنین و هەموومان ڕکاربەریی بکەین بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان و بەرەوپێشبردنی ئاوەدانی وڵاتەکەمان.

هەر سەرفەراز و سەرکەوتووبن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت. هیودارام ئەم پارکانە لە هەمووتان پیرۆز بن و لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییاندا بن. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەمووتان. سوپاس.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.