Erbil 9°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 17:50

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت ئامادەین بچینە بەغدا

کوردستان TV
100%

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە ئەوان ئامادەن هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بكەن بە مەبەستی گفتوگۆكردن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: سەبارەت بە نووسراوى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئێمە وەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت.

بڵاویشی كردەوە: لەسەر ئەم بابەتە چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكى لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکوومەتی فیدراڵ لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژوو کرا.

هەروەها بڵاوی كردەوە: دوایین جاریش لە ڕۆژانی 19 و 20ی مانگى ئايار لێژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جەختیشی كردەوە كە ئەوان ئامادەن هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەن بەمەبەستى چارەسەرى بابەتی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان.

وەزارەتی نەوتی عیراق دوێنێ سێشەممە بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا رایگەیاند "بانگهێشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوتمان لە هەرێمی كوردستان كردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لە شاری بەغدا ".

هەروەها رایگەیاند "ئامانج لە كۆبوونەوەكە دۆزینەوەی چارەسەر و رێككەوتنی كۆتاییە سەبارەت بە پرسی نەوت لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا دەست بە هەناردەكردنی نەوت بۆ بەندەری جیهانی توركیا بكرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جیهان وەستاوە، ئەم راوەستانەش بەپێی راپۆرتی ئەپیكور زیانی ملیارەها دۆلاری بە حكوومەتی عێراق گەیاندووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.