Erbil 28°C شەممە 28 ئەیلوول 01:32

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بوو بە بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی حكوومەت وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ خۆڕاگریی و لەخۆبردوویی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی کوردستانییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەو ناوچە کوردستانییانە نابێت و پێویستە کۆتایی بە سیاسەتی بەعەرەبکردن و ئەو پێشێلکارییانە بهێنرێت کە لەو ناوچانە دەکرێت و دۆخی ناخوازراوی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە و بە پێی ماددەی 140ی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی باڵای وەزاری پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی نەخشەڕێگەی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و دانانی پلانی جێبەجێکردنی ئەو نەخشەڕێگەیە و دۆسییەی خاک، کە لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتە و نابێت بە هۆی سیاسەتی سەرقاڵکردنی هەرێم بە بابەتەکانی دیکەوە، ئەم دۆسیەیە پشتگوێ بخرێت. 

لە تەوەری دووەمدا گفتوگۆ كرا لەبارەی تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان لە خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2024 و 2025.

داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان كرا کە بە یەک دەنگ داکۆکی لە ماف و شایستەکانی هەرێم بکەن لە خشتەکانی بودجەی فیدراڵ.

جەختیش كرایەوە کە پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی هەرێم بێ کەموکورتی و لە کاتی خۆیدا ڕەوانەی حکوومەتی فیدڕاڵ بکرێت، لە بەرامبەریشدا حکوومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێ بگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن.

لە بڕگەیەکی دیکەدا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا وەک کارئاسانی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوودا، بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە کۆی گشتی بەرکەوتەکانی نەگەڕاوە، دوای ئەوەی بەدواداچوون دەکرێت بۆ دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی کە پڕۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبووە بەهۆی هۆکاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.

لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ڕاسپارد بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێداچوونەوە بە دۆسیەی کاریگەریی هاتوچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان لە ڕێگەوبانە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش ڕێگەی نێوان هەولێر و سلێمانی بکەن لە ڕووی یاسایی و گرێبەستی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان، هەروەها پەلە بکات لە تەواوکردنی پڕۆژەکانی دووسایدکردنی ڕێگەوبانی نێوان شارە سەرەکییەکان بە تایبەتی لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.