Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 21:53

پەیامی ماڵئاوایی پلاسخارت بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق: زۆر شت لە ئێوە فێربووم و هەرگیز لە بیرتان ناكەم

کوردستان TV
100%

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بەهۆی نزیكبوونەوەی تەواوبوونی ماوەی كاركردنی لە عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوەوە و تێیدا رایگەیاند كە ئەو زۆر شت لە پیاو و ژنانی هەرێمی كوردستان و عێراق و فێر بووە، بۆیە هەرگیز لە بیریان ناكات.

جینین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە پەیامەكەدا دەڵێت: لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێك کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕوان.

پلاسخارت هەروەها سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆی بۆ ئەو هاوکاریی و پاڵپشتییە میهرەبانانە دەربڕیوە کە لە ماوەی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان و عیراق پێشکەش بە یونامی و بنەماڵەی فراوانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بە تایبەتی بە ئەو کراوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامە ماڵئاواییەكەی جێنین هێنیس-پلاسخارتە:-

لە کاتێکدا ماوەی کارکردنم وەك نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە کۆتایی نزیك دەبێتەوە، ئاواتەخوازم سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ هەموو عێراقییەکان و بەتایبەتی ئەوانەی چاوم پێیان کەوتووە و لەگەڵیاندا کارم کردووە، دەرببڕم.

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، من زۆر سەرسام بووم بە بەخشندەیی و میوانداریی گەلێك کە هەرگیز لە دابونەریتی پێشوازیکردن لە خەڵکی بیانی و یارمەتیدانی ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتییە دانەبڕوان، هەتا ئەگەر کاریگەریی لەسەر ئاسوودەیی و کاتی خۆشیان هەبێت. من زۆر شت فێربووم لە گوێگرتن لە ژنان و پیاوانی عێراقی کە بە شانازییەوە مێژووی خۆیان ڕوون دەکردەوە. هەرچەندە زۆرێك لەوانە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی سەرخت بوونەتەوە، بەڵام زۆرجار گەشبینییەك بۆ ڕۆژانی داهاتوو دەدرەوشایەوە. ئەوان پێشوازییان لە من و هاوکارانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە شارۆچکە و ماڵەکانیاندا، بانگهێشتیان کردووین بۆ بەشداریکردن لە ژەمێك یان بۆنەیەك و هەرگیز دەرفەتێکیان لەدەست نەدا بۆ نمایشکردنی کولتوورە دەوڵەمەند و جوانییە بێئەندازەکەی عێراق. لە سەرانسەری وڵاتدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، خەڵکی بێشومار لە هەموو تەمەنێکدا بە شێوەیەکی خۆڕسك هیوا و ئاواتی هاوبەشیان هەبووە. بۆیە من هیچیان لەبیر ناکەم.

هەروەها بەڕاستی کۆبوونەوە و گفتوگۆیە پیشەگەرانەکان بەرزدەنرخێنم کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشەکانمان هەمانبووە، هەر لە نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمی و سەرۆك عەشیرەت و سەرکردە ئاینییەکانەوە تا دەگاتە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و پارێزگا و نیشتمانی و دادوەر و بەرپرسانی ئەمنی و سیاسەتمەداران. شایەنی باسە کە تێڕوانین و دیدگاکانیان زۆر شتیان فێرکردین و ڕێنمایی کارەکانمانیان کردووە. لە هەندێك لەو کۆبوونەوانەدا تاکەکان جیاوازی ڕۆژانەیان وەلاوەدەنا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ عێراق لە کاتە گرنگەکاندا. هەموو ئەو جۆرە پەیوەندییانە کاریگەرییەکی نەسڕاوەی لەسەر من بەجێهێشتووە و بێگومان هەرچەند سووپاسگوازی دامودەزگاکانی حکومەتی عیراق بم هێشتا کەمە، کە لە ڕێگەی هەوڵە بێوچانەکانیانەوە کارەکانی ئێمەیان ئاسانتر کردووە و کارمەندان و ئۆپەراسیۆنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان پاراستووە.

هیچ کام لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دووربووە لە ڕەخنەکان - هەندێکیان ڕەوا بوون، هەندێکیان تەنها لەسەر بنەمای تێڕوانینێکی هەڵە بووە سەبارەت بەوەی ئێمە کێین و چی دەتوانین و چی ناتوانین بکەین. بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە بەهاکانی ڕێکخراوەکە و ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوە چی دەگەیەنێت تێگەیشتوون، زۆر دڵخۆشی کردووین. وەك زۆر جار وتوومە نەتەوە یەکگرتووەکان عەسای سیحراوی لانییە. لە کۆتاییدا هاوسەنگی نێوان ململانێ و ئاشتی یان هەژاری و خۆشگوزەرانی بەندە بە ئیرادەی سیاسی دەوڵەتەکانەوە. بەڵام ئەگەر بتوانین گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤەکاندا بکەین، ئەوا شایەنی ئەوەیە هەنگاو بنێین و بەردەوام بین لە هەوڵدان. لە کۆتاییدا، نەتەوە یەکگرتووەکان یەك کاری لەپێشینەی سەرەکی لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەیە: پێشخستنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان – بەبێ گوێدانە جیاوازیی لایەنگیری یان باوەڕ یان پاشخان یان نەتەوە.

دیسانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم بۆ ئەو هاوکاریی و پاڵپشتییە میهرەبانانە دەرببڕم کە پێشکەش بە یونامی و بنەماڵەی فراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بە من بە تایبەتی کراوە.

هەربژی عێراق

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.