Erbil 15°C دووشەممە 17 حوزەیران 17:48

گوتارەكەی سەرۆكی حكوومەت لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی كونسوڵگەری قەتەڕ لە هەولێر

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد حەسەن ئەلحەممادی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ و باڵیۆزی قەتەڕ لە عێراق، ڕێورسمی کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەڕ لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتيی قەتەڕ، هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:-

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

پێشەکی بەخێرهاتنێکی گەرمی بەڕێز د. ئەحمەد حەسەن ئەلحەممادی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ و بەڕێز باڵیۆزی قەتەڕ لە عێراق دەکەم.

ئامادەبووانی بەڕێز

ئێوارەتان باش و زۆر بەخێر بێن

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسولخانەی گشتیی قەتەڕ لە هەولێر. هیوادام ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکێک بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەنديی دۆستانەی نێوان هەردوولامان.

مایەی خۆشحاڵیمانە کە پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەرێمی کوردستان و قەتەڕدا هەیە و لە ماوەی ڕابردوودا چەندین بەرپرسی باڵای قەتەڕی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هەروەها ئێمەش سەردانی دەوڵەتی قەتەڕمان کردووە.


ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ میری قەتەڕ خاوەنشکۆ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی هەیە و خوازیارین پەیوەندییەکانمان لە بوارە جۆراوجۆەکاندا و لەسەر بنەمای بەرژەوەنديی هاوبەش، زیاتر پەرە بستێنێت.

کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی قەتەڕ هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵی و کولتووری و خوێندنی باڵادا.

قەتەڕ لە ڕووی وەبەرهێنان و ئاوەدانی و بيناسازی و وزە و جموجۆڵ و چالاکيی ئابوورییەوە، دەوڵەتێکی دەوڵەمەند و خاوەن ئەزموونێکی سەرکەوتووە، بۆیە دەکرێت هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی قەتەر لەم بوارانەدا وەربگرێت.

لێرەدا بانگهێشتی وەبەرهێنەرانی قەتەری دەکەین کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لە بوارە جۆراوجۆەکاندا پرۆژە ئەنجام بدەن و ئێمەش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەر کارئاسانییەک لەم بوارەدا.

هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارامی دەڤەرەکەیە و لە هەمانکاتدا سروشت و جوگرافیای هەرێم زۆر لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جۆراوجۆردا، بەتایبەتی کشتوکاڵی و گەشتیاری و پێشەسازیدا.

ئێمە بە هەموو توانایەک پێشوازی و پشتگیری لە وەبەرهێنانی فرەچەشن دەکەین کە بەشێکە لە کارنامەی حکوومەت لە ڕووی فرەچەشنکردنی ئابووری.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش پیرۆزبایی کردنەوەی کونسولخانەی گشتیی قەتەر دەکەین و هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی قەتەر دەخوازم.

هەر شاد بن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.