Erbil 15°C دووشەممە 17 حوزەیران 15:36

ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە

کوردستان TV
100%


دەستەی ئاماری هەرێم لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک خولێکی ئەزموونی بۆ چۆنییەتیی جێبەجێکردنی پرۆسەی ئامار بەڕێوە دەبات.

گوهدار  محەممەد، بەرپرسی کەرتی هونەری و مەیدانیی سەرژمێری دەڵێت: "ئەم خولە لە پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەڕێوە دەچێت؛ تایبەتە بە سەرژمێریی ئەزموونی، وەکوو ئامادەکاری بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەوانەی لەم خولە بەشداری دەکەن باشترینیان وەک ڕاهێنەر هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی ڕاهێنان بە کەسانی تر بکەن، بۆ ئامادەکاریی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە تشرینی دووەم".

لە هەرسێ پارێزگاکە 130 فەرمانبەری ئامار بەشداریی خولەکە دەکەن و ڕاهێنان لەسەر گەمارۆسازی و سەرژمێری بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەکەن.

فەرمانبەرێکی بەشداربووی خولەکە دەڵێت: "ئەم خولە بەشێوەیەکی پراکتیکی بەڕێوە دەچێت. ڕاهێنان و ئامادەکاری دەکەین بۆ قۆناغی دواتر کە ئێمە وەک ڕاهێنەر چەند خولێکی تر بۆ کەسانی تر دەکەینەوە بۆ ئامادەکردنی کادیری زیاتر بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کە لە ماوەیەکی نزیکدا لەسەر ئاستی عێراق ئەنجام دەدرێت".

خولەکە بەشێوەی مەیدانی بەڕێوە دەچێت و دواتر کەسانی ڕاهێنراو، ڕاهێنان بە سەدان کەس دەکەن.

سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان لەم بارەیەوە دەڵێت: "کاری مەیدانی لە گەڕەکێکی هەولێر دەست پێ دەکەین؛ بۆ تاقیکردنەوەی پرۆسەکە وەکوو تۆمارکردنی داتا و بەکارهێنانی تابلێت، هەروەها ئەو فۆڕمەی کە دانراوە بۆ سەرژمێری جێبەجێی دەکەین. لە کۆتایی مانگیش پرۆسەیەکی گەورەتری گەمارۆسازی و ژمارەدانان دەست پێ دەکات؛ بۆ زانینی ئەوەی لە گەڕەک و شار و گوند، دەتوانین ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئەنجام بدەین؛ تاوەکوو دەگەینە پرۆسەیەکی گشتگیرتر. دوو مانگ پێش ئەنجامدانی سەرژمێریی ئەوکاتە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە گشتگیری پرۆسەیەکی گەمارۆسازی و ژمارەدانانی بۆ دەکرێت. لە 20 ی تشرینی دووەم سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دەست پێ دەکات و 15 ڕۆژ دەخایەنێت".

فەرمانبەرانی دەستەی ئاماری هەرێم و تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکان بە نوێترین و باشترین شێواز سەرژمێرییەکە ئەنجام دەدەن؛ چاوەڕێ دەکرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، پێویست بە 20 هەزار فەرمانبەر بێت تاکوو پرۆسەکە جێبەجێ دەکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.