Erbil 5°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 07:46

مه‌كته‌بی سیاسی: پارتی و ڕێبازی بارزانی ئەو پارت و ڕێبازە نین کە به‌ فشار و ھەڕەشە گۆڕەپانەکە چۆل بكات

کوردستان TV
100%


بەبۆنەی48مین ساڵوەگەڕی بەرپابوونی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
 له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتییدا هاتووه‌، ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان بە دۆست و دوژمنانی سەلماند، کە شۆڕشی میللەتێکی ھەقخواز و خاوەن کێشەیەکی ڕەوایە، بۆیە نە بە ئاگر و ئاسن، نە بە پیلان و گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی و نە بە نکووڵی و فشار خامۆش ناکرێ و لەناو نابرێ، پارتی و ڕێبازی بارزانییش ئەو پارت و ڕێبازە نین، کە بەو فشار و ھەڕەشە و دوژمنکارییانە کۆڵ بدەن و گۆڕەپانەکە چۆڵ بکەن و ڕێگا بدەن سەودا بە مافەکانی کوردەوە بکرێت.

ده‌قی په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان: 
جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان 
ئەندام و لایەنگرانی تێکۆشەری پارتیمان
پێشمەرگە قارەمانەکان 
ئەمڕۆ چل و ھەشت ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵاندا تێدەپەڕێ، ئەو شۆڕشەی بە ڕابەرایەتی و ڕێنوێنیی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتیی پارتیمان بەرپابوو. ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان خەونی داگیرکەر و دوژمنانی خستە چاڵ و سەلماندی کە کورد نابەزێ و لە پیلان و گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی بەھێزترە. 
چوار ساڵ دوای ڕێکەوتننامەی یازدەی ئازار و ئەو کاتەی  ڕژێمی بەعس خۆی لە پابەندییەکانی ڕێكکەوتنەکە و مافە ڕەواکانی کورد و کوردستانییەتی کەرکووک دزییەوە، سەرکردایەتیی پارتی و شۆڕشی کوردی لە نێوان ڕازیبوون بەو واقیعە تاڵە و دووبارە ڕووکردنەوە چەک و چیا، ڕێی دووەمی ھەڵبژاردوو بە پشتیوانیی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان درێژە بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دراو، دیسان خۆ سازدارایەوە و لە بیست و شەشی گوڵانی ساڵی 1976 و لە چیاکانی کوردستانەوە دووبارە ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی جاڕدرا و سەنگەرەکانی شەرەفمەندیی بەرگریی ئاوەدان کرانەوە. 
ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان بە دۆست و دوژمنانی سەلماند، کە شۆڕشی میللەتێکی ھەقخواز و خاوەن کێشەیەکی ڕەوایە، بۆیە نە بە ئاگر و ئاسن، نە بە پیلان و گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی و نە بە نکووڵی و فشار خامۆش ناکرێ و لەناو نابرێ، پارتی و ڕێبازی بارزانییش ئەو پارت و ڕێبازە نین، کە بەو فشار و ھەڕەشە و دوژمنکارییانە کۆڵ بدەن و گۆڕەپانەکە چۆڵ بکەن و ڕێگا بدەن سەودا بە مافەکانی کوردەوە بکرێت، ھەروەھا سەرھەڵدانەوەی شۆڕش سەلماندی تاکە ڕێگا چارەی دۆزی کورد داننانە بە سەرجەم مافە نەتەوەیییەکانی ئەو میللەتە.
شۆِڕشی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ئامانجەکانی، جگە لەوەی ئەو نائومێدییەی ڕەواندەوە، کە لە نسکۆدا ھاتە ئاراوە، بووە دەسپێکی قۆناغێکی دیکەی خەباتی کوردایەتییش، کە سەرباری ئاستەنگ و کێشەوبێشەکان، توانیی ئەو خەباتە ڕەوایە درێژە پێ بدات تا پێکھێنانی بەرەی کوردستانی و کۆبوونەوەی ھەموو ھێزە سیاسییەکان لە دەوری یەک ئامانج و ئەوەش بووە ھەوێن و داینەمۆی ڕاپەرینی پیرۆزی ساڵی 1991، کە ئاسۆیەکی نوێی لەبەردەم گەلی کورددا کردەوە، دواجار گەلی کورد سەربەرزانە و لەسەر خاکی خۆی دەسەڵاتی دیموکراسییانەی میللی خۆی لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان دامەزراند و کۆی ئەوانەش، کە پیلانی جەزائیریان لە گەلی کورد و شۆڕشەکەی گێڕا، نابووت بوون و لەلایەن گەلانی خۆیانەوە سەرنگوون کران. 
ئەمڕۆ کە یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەکەینەوە، گەلەکەمان قۆناغ گەلێکی دوور و درێژی بڕیوە و سەدان ھەوراز و نشێوی دیکەی تێپەڕاندووە و چەندین لوغم و مین و پیلانی دیکەی پووچەڵ کردۆتەوە و دووبارە لە ئایندە و ئاسۆیەکی گەش دەڕوانێت، پارتی کە ئەو ھەموو پیلان و گەلەکۆمەکییەی لێکرا، وەک پێشڕەوی کوردایەتی و کۆڵنەدان، وەک ھەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و بە پاڵپشتیی گەل، حزبی ژمارە یەکی عێراق و کوردستانە، ھەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگری و داکۆکیی مەردانەی لە خاک و مافی گەلی کوردستان، ھێندەی دیکە پێگە و متمانەی لەسەر ھەموو ئاستەکان بەھێز کردووە و بەرنامە نیشتمانسازی و ئاوەدانخوازییەکەشی جێی ئومێدی جەماوەرە، پتەویی ڕیزەکانی نێوخۆشی وای کردووە ئەھلی ئەو پڕکێشییە سەختانە و پێشڕەوایەتیی خەبات و ئاواتەکانی گەلەکەمان بێت. 
لە کاتێکدا یادی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو کوردستانێکی ئاسوودە و سەقامگیر ھەنگاو دەنێین، بۆ بەھێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی ھەرێم و، دووپاتی پشتیوانیمان لە دامەزراوە سەروەرییەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەتێکی بەھێز و سەرتاسەری دەکەینەوە، کە لە ئاست ئەرکەکانی قۆناغەکەدا بن و، بتوانن سەقامگیریی کوردستان وەک ھەمیشە بپارێزن و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر و باشتر ببەن، ھاوکات کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ھەڵبژاردنێکی گەل پەسەند، ھەڵبەتە ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەیە، ئەو یەکڕیزییەی، کە پارتیمان زۆرترین نەرمیی لە پێناودا نواند بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی ناو ھەرێم و ئەوانەی پەیوەستن بە دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لە بارەی ھەڵبژاردن و بوودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، لەلایەکی دیکەوە و لەو دەرفەتە جارێکی تر جەخت دەکەینەوە سەر پرەنسیپەکانی ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە عێراقێکی فیدڕاڵدا.
لەو یادە پڕ شکۆیەدا، ھەم دیسان بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە، وەک ھەمیشە لەسەر ھەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی شەرعییانەی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، ھەروەھا بەھێزکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی و دیموکراسی و کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.
لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانی نەمر) و کاکە (ئیدریسی ھەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای سەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.
لە یادی شۆڕشی گوڵاندا، بەڵێن بۆ گیانی پاکی شەھیدان نوێ دەکەینەوە کە درێژەپێدەری ڕێبازەکەیان بین، کە ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئەو ئەزموون و دەستکەوتانەی، کە بەرھەمی خوێنی بەنرخی ئەوانە.
دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدان و سڵاو و رێز بۆ خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزیان دەنێرین، سڵاو بۆ یادی ئەو تێکۆشەرانەی سەرقافڵەی گەشانەوەی ژیلەمۆی شۆڕش بوون.
گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامان و لایەنگر و دۆستان و جەماوەری پارتیمان و کۆی خەڵکی کوردستان دەکەین، بە تایبەتیش یەک‌ بە یەکی پێشمەرگە قارەمانەکانمان کە بە جوامێری و لە سایەی سەری ئەواندا کوردستان پارێزراو و سەربەرز و ئارامە.
سەرکەوتن ھەر بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە..
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای کورد و کوردستان..      
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
25ی ئایاری 2024
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.