Erbil 15°C یەکشەممە 16 حوزەیران 09:48

چین مانۆڕێکی سەربازیی لە دەوروبەری تایوان دەست پێکرد

کوردستان TV
100%


سوپای چین ڕایگەیاند کە مانۆڕێکی سەربازیی گشتگیریان لە دەوروبەری تایوان دەست پێ کردووە.

فەرماندەیی بەرەی رۆژھەڵات سەربە سوپای رزگاریخوازی میللی چین لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مانۆڕێکی سەربازیی گشتگیریان لە ناوچەکانی باکوور، باشوور و ڕۆژھەڵاتی دوورگەی تایوان دەست پێ کردووە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، گوتەبێژی فەرماندەیی بەرەی رۆژھەڵات سەربە سوپای رزگاریخوازی میللی چین، لی شی ڕایگەیاندووە، ئامانج لە ئەنجامدانی مانۆڕە سەربازییەکەیان لە دەوروبەری تایوان، سزادانی ئەو ھەوڵانەیە کە بەردەوام بۆ سەربەخۆیی لە تایوان خراونەتەگەڕ، ھەروەھا ھۆشدارییەکە لە دەستوەردانی ھێزە بیانییەکان لە پرسی تایوان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەو مانۆڕە بە ناوی "شمشێری ھاوبەشی 2024-A" دەستی پێکراوە و دوو ڕۆژ دەخایەنێت و ھێزەکانی وشکانی، ئاسمانی و دەریایی چین تیایدا بەشدارن.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لەچوارچێوەی مانۆڕەکەدا، مەشق لەبارەی ئامادەیی شەڕی ئاسمانی دەریایی، دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی سەنگەرەکان و مەشقی تەقەکردن لەسەر ئامانجە سەرەکییەکان، ئەنجام دەدەرێت.

ھاوکات لەبەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی تایوان، سەرکۆنەی ئەنجامدانی مانۆڕە سەربازییەکەی چین لە دەوروبەری تایوان کرد.

وەزارەتی بەرگریی تایوان لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس ڕایگەیاندووە: "ئێمە بەدوای ململانێدا ناگەڕێین، بەڵام لێی ڕاناکەین و متمانەی تەواومان ھەیە کە ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان دەپارێزین".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.