Erbil 28°C شەممە 28 ئەیلوول 01:24

مژدەیەك بۆ قوتابییە یەكەمەكانی زانكۆ.. هەنگاوەكان بۆ دامەزراندنتان دەستی پێ كرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ یەكشەممە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرسی دامەزراندنی سێ یەكەمی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێوەچوو و تێیدا بە فەرمی دەست كرا بە هەنگاوەكان بۆ دامەزراندنیان.

لە كۆبوونەوەكەدا د. توانا نەجەف بەڕێوەبەرى گشتیی کارگێڕى و دارایی وەزارەت ڕایگەیاند: سەرۆکایەتيى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوێکى بە ژمارە (1928) لە ڕێکەوتى (2024/4/25) ئاراستە کردووین، بۆ ئەوەى داتا و زانیاری تەواو لەبارەى سێ یەکەمى زانکۆکان ئامادە بکەین و دواتر ڕەوانەى بەغداى بکەین، بەمەبەستى دامەزراندنیان.

راشیگەیاند: بۆیە لەسەر سەرجەم زانکۆکان پێویستە لە ماوەى پێنچ ڕۆژى کارکردندا، تەواوى زانیارییەکان وەک لە خشتەى دیاریکراودا هاتووە و تایبەتە بە سێ یەکەمەکانى سەر بە بەشە زانستیيەکان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنى (2017 - 2018) تاوەکو (2022 - 2023)، بە لیستى جیا بۆ وەزارەت بەرز بکەنەوە.

داواشی لە زانكۆكان كرد لە تۆمارکردنى ناوى چواری و بەشەکان و تەواوى زانیاریی سێ یەكەمەكان ورد بن.

لەبارەی ناوی وانەبێژانیش، د. توانا نەجەف گوتى: لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لیستى ناوى (1982) وانەبێژمان لە زانکۆکانى هەرێمى كوردستان ڕەوانەى بەغدا کردووە بۆ دامەزراندن، بە هەمانشێوە پێشتریش لیستى ناوى (980) لە هەڵگرانى ماستەر و دکتۆرامان ڕەوانەى بەغدا کرد، بۆ ئەمەش بەغدا ڕەزامەندى لەسەر دامەزراندنى (226) کەسیان نیشان دا، کە لە دانیشتووانى ناوچە کوردستانیيەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بوون، ئەوە جگە لە دامەزراندنى (2075) سێ یەکەمەکان و (2626) بەشە پزیشکیيەکان لە بەغدا، کە بە هەمانشێوە خەڵکى ناوچە کوردستانیيەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بوون.

ئەوەشی خستەڕوو كە ساڵانى ڕابردوو لە هەرێمى کوردستان توانرابوو سێ یەکەمەکانى ساڵانى (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێنرێن کە ژمارەیان (2842) بوو.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.