مامۆستا خالید سه‌ركار: توانا و به‌هره‌ی خۆڕسكی خۆی ئه‌م هونه‌ره‌ی دایه..!
دكتۆر عادل مه‌لا كه‌ریم: له ڕێی كاره‌كانییه‌وه ستایل و مۆركی تایبه‌ت به‌خۆی دهسەپاند...!
گۆرانی سه‌فه‌ر و گه‌یشتن به خه‌ڵاتی ڕوانگه...
(سه‌فه‌رێكم هاتۆته ڕێ، سه‌فه‌ری ڕێی هات و نه‌هات
ماڵئاوا شار لانه‌ی خه‌مم، كێ ئه‌زانێ دێمه‌وه لات
لێره ده‌ڕۆم به‌جێت دێڵم، سه‌فه‌ر نادیاره بۆ كۆییه
بیره‌وه‌ریم وه‌كو چرۆ له ساڵ ده‌خزێ و بێ شوێن و پێیه)
ئه‌و گۆرانییه‌ی له گه‌رووی پاكی پڕسۆزی كوردانه و له ناخی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆشی شاره‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌وه هه‌ڵقوڵاوه، به هه‌ست و سۆز و گوێی هۆگران و شه‌یدایانی ئاواز و گۆرانی ئاشنا بوو له ڕێی ده‌نگه به سۆزه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند (هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج)ـه‌وه خۆی هاویشتۆته ڕۆحمان و ئارامی پێ به‌خشیوین، ئه‌و گۆرانییه پانتاییه‌كی فراوانی له یاده‌وه‌ری ژیانی زۆربه‌مانی داگیر كردووه.
گۆرانی سه‌فه‌ر له هۆنراوه‌ی شاعیر (ئیسماعیل خورماڵی) و ئاماده‌كردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند (ئازاد ساڵح) و ئاواز و گوتنی هونه‌رمه‌ند (هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج).
ئه‌و گۆرانییه خۆش و هه‌ستبزوێنه بووه هه‌وێنی ناونانی كۆرپه‌له‌یه‌ك و له هه‌رزه‌ییدا بووه بلیمه‌تێك له ژه‌نینی ئامێره فوودارهكان.
ئه‌و گۆرانییه چۆن تۆمار كرا‌و؟ چۆن بووه هۆی ناونانی منداڵێك
هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار عه‌زیز حه‌مه كه‌ریم ناسراو به (مامه عه‌زه) باوكی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ كاكه (ڕێهات) و ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای شنروێ پێی ڕاگه‌یاندم: كاك هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج گۆرانی سه‌فه‌ری دووجار تۆمار كردووه، جاری یه‌كه‌م ساڵی (1997)، له‌و ساڵه‌دا بۆ ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان تۆمارمان كرد،(ڕه‌وه‌ز)ی كوڕم ساڵی (1993) خوای گه‌وره پێی به‌خشین، ئه‌و كاته ته‌مه‌نی چوار بۆ پێنج ساڵان ده‌بوو، زۆر حه‌زی له‌و گۆرانییه ده‌كرد، له (13/2/2000) خوای گه‌وره كوڕێكی دیكه‌ی پێ به‌خشین، له‌بیركردنه‌وه‌دا بووین بۆ ناوێكی خۆش، له‌پڕ ڕه‌وه‌ز گوتی باوكه، دایكه، من ناوێكی زۆر خۆش به‌خه‌یاڵمدا هاتووه، گه‌ر بیڵێم ئه‌و ناوه‌ی لێ ده‌نێن؟!
پێكه‌وه گوتمان: تۆ بیڵێ ئه‌و كات قسه‌یه‌كی لێ ده‌كه‌ین .
گوتی حه‌زده‌كه‌م ناوی بنێن (ڕێهات) كه كاك هوشیار له گۆرانی سهفهرهكهیدا ده‌ڵێت: ڕێی هات و نه‌هات ، ئێمه‌ش بیرۆكه‌كه‌یمان په‌سه‌ندكرد و ناومان نا (ڕێهات). به‌هه‌رحاڵ كاك هوشیار له ساڵی (2019) گه‌ڕایه‌وه باس له حه‌ز و ئاواته‌كه‌ی ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ كرا كه كاك هوشیار گه‌ڕایه‌وه كوردستان به‌یه‌كه‌وه ئه‌و گۆرانییه بخوێنن و ئه‌و بهكلارنێتهكهی مۆسیقای بۆ بژه‌نێ؟! برای هونه‌رمه‌ند (توانا خورشید) سه‌رله‌نوێ ئاماده‌كارییه‌كی زۆر جوانی مۆسیقای بۆ كرد، له‌ناو گۆرانییه‌كه‌دا سۆڵۆكهی ڕێهاتی كرده ناو گۆرانییه‌كه‌ی سه‌فه‌ر، پاشان بیرله‌وه كرایه‌وه كلیپی بۆ بكه‌ن، به‌ڵێ به كوالێتێكی زۆر جوان كلیپی بۆ كرا، هاوسه‌ری ئازیزم (ژیان محه‌مه‌د شوكره) ڕۆڵی دایكی ڕێهاتی بینی و هه‌روه‌ها ڕه‌وه‌زی كوڕم ڕۆڵی ڕێهاتی بینی، ته‌نانه‌ت گۆرانی (سه‌فه‌ر) و ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ و خانه‌واده‌كه‌م، بووه هه‌وێنی نووسینێك به ناوی (چیرۆكی ئه‌و خێزانه‌ی چوونه نێو گۆرانییه‌ك) به خامه‌ی به‌ڕێز (دره‌و مه‌هدی) نووسرا((1).
لە خانەوادەیەكی بەهرەمەند و هونەرمەند لە دامێنی چیای شنروێ، ئەو شارەی لێوڕێژە لە جوانی و وێژه و هونەر و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری ڕه‌سه‌ن شاری هەڵەبجە، گوڵێك له‌ناو ئه‌و خانه‌واده هه‌ڵه‌بجه‌ییه لێوان‌لێو له هونه‌ر و زانست و په‌روه‌رده پشكووت، ئەو گوڵە لە ئامێزی میهرەبانی ئەو خانەوادەیەدا چرۆی كرد و گەشایەوە، ئەم كۆرپە په‌پووله ئاسایه موزیك و گۆرانی و نۆتە و ئامێرەكانی موزیك، دارەدارە و ڕەوڕەوەی ژیانی بوو.
كۆرپەیەك لەژێر سایە و سۆز و میهرەبانی و بەهرەمەندی باوكێكی دڵسۆز بۆ هونەری موزیك و گۆرانی و دایكێكی مامۆستا لێوڕێژ له‌په‌روه‌رده و زانست‌دا گەشە و په‌روه‌رده ببێت و ڕۆژانە گوێی به نۆته‌كانی موزیك بزرنگێتەوە و لەبڕی بووكەڵە و یاری منداڵانه، ئاوێزانی ئامێرە موزیكییەكان ببێت، دەبێت چ بلیمەت و هونەرمەندێك بێت بۆ دواڕۆژی هونەر و موزیكی نەتەوەكەی، بەتایبەت ئەگەر ئەم كۆرپەیە بەهرەیەكی لە سەروو بەهرەی كۆرپە ئاساییەكانەوە هەبێت.
كاكە ڕێهاتی مامە عەزەی هونەرمەند ئەو گوڵە جوان و بۆنخۆشە بوو كە زۆر بە زوویی گەشایەوە و بۆن و بەرامە و لێهاتوویی نەك بەتەنیا لە شارەكەی، بەڵكو هەموو كوردستانی گرتەوە، له ڕێی به‌هره هونه‌رییه‌كه‌یه‌وه توانی خەڵاتی تاكژەنی (ڕوانگە) بەدەست بهێنێـت.
ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ هونەرمەندێكی لاو و تژی لە وزە و داهێنان و بەخششی هونەری، خوێندكارێكی ڕەوشتبەرز و نەرم و نیان و ڕووخۆش و خاوەنی هەموو خەسڵەتە جوانەكانی هونەرمەند و ژەنیار، توانایەكی بەرز و هەناسەیەكی قووڵ و درێژ وەك بڵێی ئەم هەناسەیە تایبەتمەندی تایبەتی داوەتێ لە ژەنینی ئامێرە فوودارهكان بە گشتی و ئامێری كلارنێت و باڵه‌بان بەتایبەتی.
هەستم بە دڵخۆشیی و شادمانییەكی زۆر دەكرد كە لە دوای هونەرمەندان (قادر دیلان 1928-18/3/1999) و (شەوكەت ڕەشید 1930-17/4/1991) و (قادری سەیاحی 1943-17/4/2022) و عومەر سەركار، (محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی 1936-7/5/1999)، مزه‌فه‌ری كامگار، ڕێبین جەمال و هێرش عه‌بدولڕه‌حمان و ....تاد) تروسكاییەكی درەوشاوە بوونی هەیە، ڕێهات عاشقه‌كه‌ی مۆسیقا ڕێبوارێكی خاوەن وزە و دڵخۆشكەر لەسەر ڕێگا پیرۆزەكەی ئەو هونەرمەندانە هێدی هێدی بەشێواز و ڕێچكەی هونەری تایبه‌ت به خۆیی و بە مۆركی ڕەسەنایەتی كوردییەوە هەنگاوی هەڵدەگرت، هەزاران ئافەرین و سڵاو لە هەست و سۆز و گەروو و سینە و دەست و پەنجەكانت، كە لەو ماوە كورتەی تەمەنتدا هێندە بە قووڵی بچیتە نێو دنیای موزیك و بەشێوەیەكی بەرفراوان هەست و سۆز و دییەی بیسەر و بینەر پەلكێشی سۆزی كلارنێت و باڵهبانهكهت بكەیت.
من وەك خۆم هەمیشە سۆزی پڕ چێژی كلارنێتەكەی و شێوازی ژەنینەكەی سەرسامی دەكردم، لە یەكێك لە كارە هونەرییەكانی جوانەمەرگ لەنێو شانۆی ڕۆمانی له شاری سلێمانی، به هه‌سته جوانه هونه‌رییه‌كه‌ی باڵەبان دەژەنێت، ئای چەندێ شیرینە ئەو سۆزی ژەنینە خهمانگێز و ناخ هەژێنە و ڕاپێچت دەكا بەرەو دنیایەكی ئارام و ئاسوودەبوونی ڕۆح، ئەو ژەنینە پڕ هەستە لە ژەنینی هونەرمەندێكی خاوەن چەندین ساڵەی قاڵبوو و بە ئەزموون لە سۆز و خۆشەویستی بۆ ئامێری باڵەبان دەچێت، هەر كات دەنگی باڵهبانهكهی ڕێهاتی جوانەمەرگ دەهاتە گوێم هەست بەوە دەكەم كە ئەو ژەنینە ئەزموونی هونەرمەندێكی باكوری كوردستانه و زۆر له‌مێژه له ته‌ك ئامێری باڵهباندا عاشق و مه‌عشووقی یه‌كترین، سۆز و ژه‌نینی باڵه‌بان به‌هه‌سته به‌رزه‌كه‌ی كاكه ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ ژه‌نینی پڕ جۆش و خرۆشی هونه‌رمه‌ندان (مام حه‌سه‌نی نه‌ی - 20/7/1973) و (ئه‌حمه‌د داوده 1926-19/1/1979) و ( عوسمان محه‌مه‌دی، ناسراو به عوسمانه سوور) و (عه‌گیدی جه‌مۆ 1932-2019، ناسراو به‌میری بلوێر)ی وه‌بیر دێنامه‌وه.
كاكە ڕێهات زۆر زوو وەك ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش و ئومێدبەخش هەڵهات، بەڵام بەداخەوە زۆر زوو كشا ئه‌م هه‌واره‌ی جێهێشت و كۆچی ئەبەدیی كرد، بەم كۆچە ناوەختەی ڕێهاتی جوانەمەرگ نەك دڵ و دەروون و هەستی مامە عەزەی هونەرمەند و ژەنیارە خۆشەویستەكەی تیپی مۆسیقای شنروێ و خانەوادەكەی، بەڵكو ناخ و هه‌ستی هونەر و هونەرمەندان و هەموو هۆگر و عاشقانی موزیك و گۆرانی كوردی تەزاند، چونكه هێشتا وه‌ختی كشانی ئه‌و ئه‌ستێره گه‌شاوه‌یه نه‌بوو، به‌هره‌و توانای هونه‌ری زیاتری لێ چاوه‌ڕێ ده‌كرا.
ئای چ ڕووداوێكی جەرگبڕ و ناخهەژێن و پڕ ئازار بوو، ناو و كارە هونەرییەكانی بۆ هەمیشە لەنێو دڵدا، لەنێو هەست و سۆزی هەموواندا بەزیندوویی و بە پیرۆزی دەمێنێتەوە.
ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ كێ بوو؟!
ڕێهات منداڵێكی چاوگه‌شی بزێوی خانه‌واده‌یه‌كی هێمن و پڕ له‌موزیك و په‌روه‌رده، لێوان‌لێو له ئارامی و خۆشه‌ویستی بۆ خاك و نیشتمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور، ڕێهات له دایك و باوكێكی مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌یی له ڕێكه‌وتی (13/2/2000) له گه‌ڕه‌كی كارێزه‌وشكی شاری سلێمانی به‌دنیا هاتووه.
ڕێهات دووه‌م منداڵی ئه‌و خانه‌واده دڵسۆزه‌ی هونه‌ر و په‌روه‌رده‌یه، له ساڵی (1993) په‌روه‌ردگار یه‌كه‌م منداڵ به هه‌ردوو هاوسه‌ر (ژیان محه‌مه‌د شوكره و عه‌زیز حه‌مه كه‌ریم) ده‌به‌خشێ و ناوی لێ ده‌نێن( ڕه‌وه‌ز).
له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی ڕێهات، چرای ژیان له‌نێو ئه‌و خانه‌واده‌یه‌دا زیاتر ڕۆشن ده‌بێته‌وه و خۆشی و به‌خته‌وه‌ری زێده‌تر به‌هه‌ست و ڕۆحی ئه‌و خانه‌واده‌یه ده‌به‌خشێت، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگار و هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن، له ڕێی بزێوی و پڕ جووله‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی ڕێهاتهوه، له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌یه و هه‌ست به به‌هره و توانایه‌كی له‌ڕاده‌به‌ر له‌هه‌ست و ناخی ئه‌و منداڵه‌دا كراوه، به‌هۆی كرانه‌وه‌ی خانه‌واده‌ی ڕێهات و فراوانی پهیوهندییهكۆمهڵایهتییهكانیان، له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه ڕێهات تێكه‌ڵاو به كه‌سانی له‌خۆی گه‌وره‌تر بووه و ئه‌وانیش له دڵه‌وه خۆشیان ویستووه، هه‌م بزێو بووه و هه‌میش منداڵێكی ژیر و چالاك و پڕ وزه و به‌رده‌وام پرسیاری بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی هه‌بووه..!
له‌به‌رئه‌وه‌ی دایكی مامۆستای قوتابخانه‌ی (ئامانجی بنه‌ڕه‌تی) بووه، له‌گه‌ڵ خۆیدا بردوویه‌تی بۆ قوتابخانه‌كه‌ی، هێشتا ته‌مه‌نی (چوار به‌هار و نیو) بووه و له‌و ته‌مه‌نه منداڵییه‌دا سه‌رنجی ده‌وروبه‌ری بۆ لای هه‌ست و جووله و به‌هره و قسه‌كانی ڕاكێشاوه، له‌و كه‌م ته‌مه‌نییه‌دا له هه‌مان قوتابخانه خراوه‌ته به‌رخوێندن، دواتر له‌لایه‌ن مامۆستاكانییه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ توانا و به‌هره‌ی زانستی فێركردنی بۆ كراوه، ڕێهاتی خۆشه‌ویستی هه‌مووان ئه‌وه‌نده چالاك و به‌توانا بووه له تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا ده‌رده‌چێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له خوێندن، ده‌بێته بچووكترین قوتابی قوتابخانه‌كه‌ی، تێده‌كۆشێ و خۆی ماندوو ده‌كات له‌گه‌ڵ وانه‌كانی تا به سه‌ركه‌وتوویی قۆناغی سه‌ره‌تایی ته‌واو ده‌كات.
ناوه‌ندی (حه‌مدی) ده‌بێته ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی كه ڕێهات تێیدا درێژه به‌خوێندن بدات و له‌و قۆناخه‌شدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام له قۆناخی ناوه‌ندی وهرچهرخاندنێكی ته‌واو ده‌بێت له ژیانی خوێندن و كرانه‌وه‌ی بۆ ژیان و ناسینی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ كۆشش و تێكۆشانی وانه‌كانی قوتابخانه، حه‌ز و ئاره‌زووی كه‌مه‌ندكێشی دنیای خوێندنه‌وه‌ی ده‌بات و هه‌میشه به دوای پرسیاره بێ وه‌ڵامه‌كانه‌وه بووه، گه‌ڕه‌كی بووه كه زیاتر خۆی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بناسێت..؟!
دوای ته‌واوكردنی قۆناخی ناوه‌ندی، له ئاماده‌یی سه‌لاحه‌دینی كوڕان وه‌رده‌گیرێت، ماوه‌یه‌ك له ئاماده‌یی ده‌وام ده‌كات، بۆ ئه‌و ده‌بێته پرسیار؟ ئێره ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌و نییه كه حه‌ز و ئاره‌زوو خولیاكانی تێدا به‌دی بهێنێت، هونه‌رمه‌ند مامه عه‌زه‌ی باوكی ده‌ڵێت: ڕۆژێك له قوتابخانە هاته‌وه زۆر بێزار بوو.
گوتم: كوڕم بۆ بێزاری هیچ ڕوویداوه؟
گوتی: نه‌خێر به‌س تاقه‌تی خوێندنی ئاماده‌ییم نییه..! كه ده‌چمه قوتابخانه خه‌م دامده‌گرێت له‌بری ئه‌وه‌ی پێی دڵخۆش ببم.
گوتم: باشه كوڕم بیرێكی لێ ده‌كه‌ینه‌وه.
پاش بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر گوتم: تۆ له مۆسیقا شاره‌زاییت هه‌یه و ده‌نگت خۆشه بۆ هه‌وڵێكت بۆ نه‌ده‌م له (په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی) وه‌ربگیرێیت، كه وام گوت وه‌ك گوڵ گه‌شایه‌وه..!
بێ ئه‌وه‌ی هیچم پێ بڵێت، له‌سیمایدا ئه‌وه‌م ده‌خوێنده‌وه كه پێم ده‌ڵێت ئه‌و شوێنه شوێنی وه‌دیهاتنی خهونهكانمه.
ئه‌و ساڵه ده‌وامی نه‌كرد، له هاوینی ئه‌و ساڵه‌دا بردم بۆ خولێكی مۆسیقی بۆ لای مامۆستای گه‌وره (خالید سه‌ركار) به‌و شاره‌زاییه‌ی خۆم له بواری ژه‌نینی ئامێری مۆسیقا هه‌ستم كرد له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا زۆر به خێرایی فێری شته‌كان ده‌بوو) (2).
خوێندنه‌وه‌ی باوكێك بۆ جگه‌رگۆشه‌كه‌ی و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و حه‌ز و ئاره‌زووه‌ی و خستنه سه‌ر ڕێگای هاتنه‌دی ئاواته‌كانی، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دێته بوون، باوك خۆی هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری به توانای ئامێری عوود و ئه‌ندامێكی تیپێكی مۆسیقای دێرینی كوردستان (تیپی مۆسیقای شنرۆێ) و خاوه‌نی مێژووییه‌كی لیپاولیپ له جوانی هونه‌ر و به‌خششی هونه‌ری ڕه‌سه‌ن، بۆ خۆی وانه‌ی مۆسیقای به منداڵه‌كه‌ی نهوتۆتهوه؟، به‌ڵام نابێت ڕه‌نج و تێكۆشانی مامه عه‌زه‌ی باوك له‌یاد بكه‌ین، چونكه له كه‌وتنه سه‌رپێی كاكه ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگه‌وه گوێ و هه‌ستی به مۆسیقا و گۆرانی ئاشنا كردووه و جوانییه‌كانی دنیای مۆسیقا و گۆرانی ئاوێته‌ی ڕۆحی كاكه ڕێهاتی كردووه.
مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی دێرین و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی مامۆستا (خالید سه‌ركار) و مامۆستای گوتنه‌وه‌ی وانه‌ی مۆسیقا له په‌یمانگای (نه‌وا) ده‌ڵێـت: ئه‌و پرسیاره‌م له مامه عه‌زه‌ی باوكی كرد بۆ خۆت ده‌رس و وانه سه‌ره‌تاییه‌كانی مۆسیقای ناده‌یتێ؟ خۆت ژه‌نیار و شاره‌زایت؟
وه‌ڵامی ئه‌وه بوو: زۆرم مه‌به‌سته و حه‌ز ده‌كه‌م له‌سه‌ر ده‌ستی به‌ڕێزتان ڕێنمایی تۆ ئهلف و بێی مۆسیقا وه‌ربگرێـت، منیش سه‌ره‌تا پێم باش بوو له‌سه‌ر ئامێری پیانۆ وانه‌كانی مۆسیقا وه‌ربگرێت، له زۆرینه‌ی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان سه‌ره‌تا ئامێری پیانۆ ده‌خوێندرێت، پاشان حه‌ز به ژه‌نینی چ ئامێرێكی تر بكات دراسه‌ی بكات، بەهەرحاڵ دوای خوێندنی چه‌ند وانه‌یه‌ك توانا و به‌هره‌ی (ڕێهات)م بۆ ده‌ركه‌وت كهلاوێكی به‌هره‌مه‌نده، وای لێهات جگه له‌و وانانه‌ی كه من ئه‌مدایه، خۆیشی ده‌رس و وانه‌ی دیكه‌ی بۆ ئاماده ئه‌كردم و ڕا و تێبینی منی لێ وه‌رئه‌گرت، دیاربوو ئه‌م حه‌زه، ئه‌م عیشقه له‌ناخیدا بوو، ئاوێته ببوو له‌گه‌ڵ ڕۆحی‌دا) (3).
ڕێهات و په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی و ده‌ركه‌وتنی به‌هره و توانا هونه‌رییه‌كانی..!
له كردنه‌وه‌ی ساڵی نوێی خوێندن و لیژنه‌ی تاقیكردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌رگرتنی قوتابیان بۆ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی، به‌شی مۆسیقا ڕێهاتیش یه‌كێك بووه له‌و قوتابییانه به‌ڵگه‌نامه‌كانی تایبه‌ت به وه‌رگرتنی پێشكه‌ش كردووه و چاوه‌ڕێی هاتنه‌دی خولیاكهیهتی، له‌ناو ئه‌و هه‌موو قوتابییه زۆره‌دا، ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ توانا سیحراوییه‌كانی خۆی بۆ لیژنه‌كه ده‌سه‌لمێنێ و به ژه‌نینه پڕ سۆزه‌كه‌ی هه‌موو مامۆستاكانی لیژنه‌كه سه‌رسام ده‌كات و به‌یه‌كه‌می به‌شی مۆسیقا وه‌رده‌گیرێت.
ڕێهات و ئامێره دڵخوازه‌كه‌ی كلارنێت...!
ئه‌م لاوه هه‌رزه‌كاره پڕ وزه و توانا هونه‌رییه، ئه‌وه‌نده عاشقی هونه‌ری مۆسیقا بووه، گه‌ره‌كی بووه ده‌ست و پل و په‌نجه و سینه و گه‌رووی به‌سه‌ر هه‌موو ئامێره مۆسیقییهكاندا ڕابگات و له‌گه‌ڵ هه‌موویاندا دنیایه‌ك لێوان‌لێو له مۆسیقا بخوڵقێنێ، هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ش توانا و هه‌ست و ئیحساس و متمانه به خودی پێویسته، دیاره ئه‌ویش دڵنیابووه له تواناكانی خۆی.
ڕۆژێك له ماڵه‌وه دانیشتبووین گوتی: باوكه ده‌ڵێی چی (پیانۆ) هه‌ڵبژێرم؟!
منیش گوتم: كوڕم ئامێرێك هه‌ڵبژێره كه هه‌موو كه‌س پێی نه‌وترێت یان ئامێرێك بێت كه‌متر له‌نێو ژهنیارهكاندا به‌كار هاتبێت..!
گوتی: چ ئامێرێك هه‌یه هه‌موو كه‌س پێی نه‌وترێت و كه‌میش بێت؟
گوتم: كلارنێت ئامێرێكی كه‌مه و هه‌موو كه‌سێكیش خۆی لێ نادات.
گوتی: چاكت ناسیوم ده‌زانی هه‌میشه حه‌ز ده‌كه‌م ده‌ست بۆ شتێ ببه‌م ئاسان نه‌بێت، به‌گوێت ده‌كه‌م و كلارنێت هه‌ڵده‌بژێرم، سه‌یره چۆن خۆم خه‌یاڵم بۆ ئه‌و ئامێره ئه‌فسووناویه نه‌چووه؟!
ئیتر له‌و كاته‌وه كلارنێتی كرده نزیكترین هاوڕێ و ئامێری دڵبه‌ری خۆی، له‌ناو په‌یمانگا بووه یه‌كێك له ده‌ركه‌وتووترین قوتابییه‌كانی په‌یمانگا) (4).
كاكه ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ بۆ ساڵی خوێندنی (2014 -2015) له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانی، به‌شی مۆسیقا وه‌ك قوتابییه‌كی پڕ توانا و به‌هره‌ی هونه‌ری وه‌رده‌گیرێت و ده‌ست ده‌كات به‌خوێندنی مۆسیقا به‌شێوه‌ی زانستی له‌سه‌ر ئامێری كلارنێت.
د. عادل مه‌لا كه‌ریم مامۆستا و هونه‌رمه‌ند، باس له سه‌ره‌تاكانی ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ له‌په‌یمانگا ده‌كات و ده‌ڵێت: ڕێهات له‌گه‌ڵ هاتنی بۆ په‌یمانگا وه‌ك خوێندكار هه‌رزوو ئامێری كلارنێتی هه‌ڵبژارد و كردییه هاوڕێی هه‌میشه‌یی خۆی، عه‌وداڵی ئه‌وه بوو كه له‌ڕێی ئامێرهكهیهوه بگاته ئاستێكی كه‌م وێنه‌ی ژه‌ندن، كه ته‌نها مۆركی تایبه‌تی خۆی پێوه بێت، هه‌میشه بیری ئه‌وه‌ی هه‌بووه كه موزیكێك بژه‌نێت له هی خۆی بكات و به‌س، واته شه‌قڵی تایبه‌تی خودی خۆی، بیرمان نه‌چێت دوای ماندوبوونێكی زۆر و ڕاهێنانێكی زۆر و گه‌ڕان و گوێگرتنێكی زۆر، توانی له بواری كلارنێتژهندن ڕێچكه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی بدۆزێته‌وه، بۆیه به‌وپه‌ڕی بڕوا به‌خۆبوونه‌وه فووی به كلارنێتهكهیدا ده‌كرد و له كاتی ژه‌ندندا به ڕۆح ده‌توایه‌وه، ڕێهات زۆربه‌ی كاته‌كانی ژیانی بۆ موزیك ژه‌ندن و پراكتیكی موزیك بوو، له ته‌مه‌نێكی زۆر كورتدا چه‌ند به‌رهه‌مێكی دانسقه‌ی جوانی بۆ تۆماركردین كه جێگه‌ی تێڕامان و ههڵویستهكردنه له‌به‌رده‌میدا) (5).
ڕێهاتی به‌هره‌مه‌ند و قوتابی په‌یمانگا، ڕۆژ به‌ڕۆژ له ڕێی كۆشش و ڕاهێنانی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ئامێره شیرینه‌كه‌ی، پله به پله هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن ده‌نێ، له ساڵی دووه‌می په‌یمانگا توانا و به‌هره هونه‌رییه زیاتر گه‌شه ده‌كات و ناو و ئامێره دڵخوازه‌كه‌ی سنووری په‌یمانگا ده‌به‌زێنێ و ڕێهاتی هونه‌رمه‌ندی لاو ده‌بێته وێردی سه‌رزاری هونه‌رمه‌ندان و عاشقان و هۆگرانی موزیك، ئه‌و توانا هونه‌رییه له ڕێی شاشه‌ی كه‌ناڵه ئاسمانی و لۆكاڵییه‌كاندا به‌رجه‌سته ده‌بێت و بیسه‌ر و بینه‌ر به سیما و ده‌ست و په‌نجه و كلارنێته‌كه‌ی ئاشنا ده‌بن، ئه‌م گه‌نجه خۆنه‌ویسته عاشق به مۆسیقا له هه‌رشوێنێك تروسكاییه‌كی به‌دی كردبێت بۆ خزمه‌تكردن به هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووبێ وه‌ك ژه‌نیاری تازه‌پێگه‌یشتووی تژی له ژه‌نینی مۆسیقا بوونی هه‌بووه و توانا هونه‌رییه‌كه‌ی به چێژێكی باڵای مۆسیقاوه گه‌یاندۆته ئاماده‌بووانی كۆڕ و كۆبوونه‌وه و سیمینار و چالاكییه هونه‌رییه‌كان.
پارچه مۆسیقای (كڕێوه) و خه‌ڵاتی (ڕوانگه)..!
كار و تێكۆشانه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان چ له ڕێی گه‌رووی پاراو و زوڵاڵیانهوه بێ یان له‌ڕێی ده‌ست و پل و په‌نجه‌و سینه‌ی پڕههناسهیانهوه به‌رهه‌مه‌كانیان به گوێ‌گران و شه‌یدایانی ده‌نگ و ئاواز ده‌ناسێنن،ئه‌و به‌رهه‌مانه له‌ڕۆح و دڵی هونه‌رمه‌نده‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، بێگومان زۆر به‌ئاسانی دێته ناو هه‌ست و ڕۆحه‌وه و له‌دڵدا بۆهه‌میشه جێ ده‌گرێـت،
ڕێهاتی هونه‌رمه‌ندی لاو و چالاك له‌ڕێی دانانی پارچه موزیكێكهوه به‌ناوی ( كڕێوه) زیاتر خۆی ناساند و ده‌سته‌بژێر كرا بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ڕوانگه له‌بواری تاكژه‌نی موزیك دا ،
هیچ گومانی تێدا نییه دانانی هه‌ر هۆنراوه‌یه‌ك، ئاوازێك، گۆرانییه‌ك چیرۆكێك بوونی هه‌یه، جائه‌و چیرۆكه خۆشیی و شادی بووبێت یان ناخۆشیی و تراژیدا و له‌ناخی شاعیر، ئاواز دانه‌ر یان گۆرانیبێژه‌وه هه‌ڵقوڵاوه.
پارچه موزیكی كڕێوهش هیچ گومانی تێدانییه و چیرۆكێك له‌پشتی كڕێوه وه خۆی مه‌ڵاس داوه ....
هونه‌رمه‌ند(عه‌زیز حه‌مه كه‌ریم _مامه عه‌زه) باوكی كاكه ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ چۆنیه‌تی دانانی ئه‌و پارچه موزیكه ده‌گێڕێته‌وه :
( شه‌وێك له‌شه‌وه زۆر سارده‌كانی زستان بوو، دونیا به‌ستبووی و بووبووه شه‌خته، ڕێهات وه‌ك ههرشهوێكی تر خه‌ریكی پرۆڤه‌كردن بوو، نیوه‌شه‌و له‌ده‌رگای ژووره‌كه‌مان درا، به‌ئه‌سپایی دایكی له‌خه‌و هه‌ستان،
دایكه ، دایكه، هه‌سته
چییه ڕۆڵه به‌م نیوه‌شه‌وه سارده وه‌خه‌به‌رم دێنی؟
تۆههسته كارێكم پێته.
دایكی هه‌ستا و پێكه‌وه ڕۆیشتنه ژووره‌كه‌ی و له‌وێ به‌دایكی گوتبوو، ئه‌م ئاوازه‌م داناوه حه‌زده‌كه‌م گوێی لێ بگریت، دایكیشی داده‌نیشێت و له‌سه‌رخۆ ده‌ڵێ : ده‌ی كوڕم گوێم گرتووه، با بزانم چ ئاوازێكت داناوه؟
ڕێهات كلارنێته‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێت و به‌هێمنی له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی داده‌نیشێت، هێنده‌ی نه‌برد ده‌نگی كلارنێتهكه سه‌رنجی ڕاكێشام، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاوازێك بێت له جیهانێكی ئه‌فسوناویه‌وه هاتبێت، ئاوازێكی هێنده غه‌مگین بوو، هه‌موو گیانمی خسته له‌رزین و ده‌ستم به‌گریان كرد..! دیاره چه‌ند هۆكارێك بوونه هۆی ئه‌وه‌ی بگریم .
یه‌كه‌م : له‌خۆشیدا ده‌گریام كه كوڕه‌كه‌م ئه‌م توانا‌و به‌هره ناوازه‌ی هه‌یه.
دووه‌م: ئاوازه‌كه هێنده خه‌مناك بوو كه‌س خۆی له‌به‌ردا ڕانه‌ده‌گرت كه نه‌توانێت نه‌گری!
سێیه‌م: كاتێ گوێم له‌و ئاوازه بوو، له‌وه تێگه‌یشتم منداڵه‌كه‌م زامه‌كانی ناخی چه‌ند گه‌وره و به‌سوێن!
ڕێهات له ژه‌نینه‌كه‌ی بوویه‌وه و گوتی: دایكه ناوی بنێنین چی؟
فرمێسكه‌كانم سڕیی و له‌په‌نجه‌ره‌كه‌وه سه‌یرێكی ده‌ره‌وه‌م كرد، له‌وشه‌وه زۆر ساردانه بوو كه كڕێوه‌ی ده‌كرد، له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌كه‌دا واقم وڕمابوو! به‌بێ ده‌نگی وه‌ستابووم بیرم ده‌كرده‌وه، پاشان منیش چوومه ژووره‌كه‌ی و زۆر ده‌ستخۆشیم لێ كرد و گوتم له سه‌ره‌تاوه گوێم له مۆسیقاكه بووه و زۆر زۆرم به دڵه و شتێكی ناوازه‌یه.
گوتی: سوپاس به‌س موشكیله‌ی ناونیشانه‌كه‌یمان هه‌یه، دایكه وتت چی؟
له‌پڕێكدا وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئاسمانه‌وه ئیلهامم بۆ هاتبێ، گوتم: ناوی بنێ كڕێوه.
دوای ئه‌وه‌ی تێمانگه‌یاند كڕێوه چییه و به‌چی ده‌ڵێن كڕێوه، زۆری پێ‌خۆش‌بوو گوتی: ناوه‌كه‌م زۆر به دڵه و ناوی ده‌نێم كڕێوه.
بۆ به‌یانییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ژیانی هاوژینمدا دانیشتبووین زۆر دڵخۆش بووین به‌وه‌ی كوڕه‌كه‌مان به‌ری ڕه‌نج و شه‌ونخونییه‌كانی ده‌چنێته‌وه به تایبه‌ت بۆ من كهشارهزایم له بواری مۆسیقادا هه‌بوو نرخ و سه‌نگی مۆسیقاكهم ده‌زانی) (6).
پارچه موزیكی كڕێوه، ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ ئه‌وه‌نده به‌هه‌ست و سۆزێكی خهمانگێزهوه ژه‌نیویه‌تی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ر له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی گوێگر داده‌نێت، هونه‌رمه‌ند (د.عادل مه‌لا كه‌ریم) سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای سلێمانی و لیژنه‌ی دادوه‌ری خه‌ڵاتی ڕوانگه و، وه‌ك مامۆستایه‌كی هونه‌ر و مامۆستای ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ له ڕێی ئه‌و چه‌ند خاڵه‌وه خوێندنه‌وه‌ی بۆ هه‌ست و سۆز و ژه‌نینی ڕێهاتی هونه‌رمه‌ند كردووه و ده‌ڵێت (كڕێوه پارچه موزیكێكه له دانانی خۆیه‌تی ئه‌وه‌ی كه ڕێهات جیا ده‌كاته‌وه له ژهنیارهكانی تر ئه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌م پارچه موزیكهش بكه‌ین به‌به‌هانه ئه‌مانه‌ن:
1/ مۆركی ژه‌ندنی ڕێهات ته‌نها خۆیه‌تی و به‌ڕای من له كه‌سی تر ناچێت.
2/ ته‌كنیك به‌وپه‌ڕی ڕه‌هایی به‌كارهاتووه بێ ترس و دوودڵی، هه‌ندێ ته‌كنیكی گران نمایش ده‌كات كه جێگه‌ی سه‌رنجی گوێگره.
3/ تۆنی كلارنێته‌كه‌ی زۆر پاك و پوخته كه كه‌س ناتوانێ نكۆڵی لێ بكات.
4/ دینامیكییه‌ت كه ئه‌ویش ته‌كنیكێكی تره، زۆر به‌جوانی له‌م كاره‌دا به‌كارهاتووه و زۆر به ئاسانی كریشاندۆ و دیمیناندۆكان و ئهكسندهكان هه‌ست پێدەكهیت و له هه‌مووشی جوانتر له كات و ساتی پێویستی خۆیدا به‌كارهاتوون كه جوانییه‌كی تری به‌خشیوه‌ته كاره‌كه (7).
ئه‌وانه ئه‌و خوێندنه‌وه و تێڕوانینانه بووه كه ڕێهاتی هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیاری به‌توانا له‌و ماوه كه‌مه‌ی ته‌مه‌نیدا هه‌ڵبژێرێت بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ڕوانگه، هه‌رچه‌نده ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ خۆی خاوه‌نی توانایه‌كی به‌رزی هونه‌ری بووه، به‌ڵام پێویستی ده‌زانم كه ڕۆڵی ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه له‌یاد نه‌كه‌ین كه له ژیانی هونه‌ری كاكه ڕێهاتدا نه‌خشیان هه‌بووه له پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی به‌ره‌و لووتكه، هه‌ریه‌ك له مامۆستایان و هونه‌رمه‌ندان (به‌ڵێن عه‌زیز، به‌شدار ئه‌حمه‌د سدیق و بڕیار ئیسماعیل).
به‌رله‌وه‌ی ڕێهات خه‌ڵاتی ڕوانگه‌ی پێ ببه‌خشرێت، له چالاكییه‌كی هونه‌ریدا له شاری هه‌ولێر له مانگی (8ی 2018) وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری سه‌ركه‌وتوو خه‌ڵات ده‌كرێت.
خه‌ڵاتی ڕوانگه پرۆژه‌یه‌كی ساڵانه‌ی ده‌زگای ڕوانگه‌یه به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشبردنی توانای لاوان و دۆزینه‌وه‌ی به‌هره شاراوه‌كانی لاوان دامه‌زراوه، له ڕۆژی پێنجشه‌ممه ڕێكه‌وتی (6/12/2018) له هۆڵی شه‌هید (سه‌عد عه‌بدوڵڵا) له شاری هه‌ولێر مه‌راسیمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی ڕوانگه به‌ڕێوه‌چووه، كاكه ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ یه‌كێك بووه له‌و هونه‌رمه‌نده لاوانه‌ی خه‌ڵاتی یه‌كه‌می ڕوانگه له تاكژهنینی مۆسیقا پێ ده‌به‌خشرێت.
له‌سه‌ر شانۆ زۆر بوێرانه و بڕوابه‌خۆبوون له‌نێو چه‌پڵه‌ڕێزانی ئاماده‌بووانی مه‌راسیمه‌كه‌دا و دوای له ئامێزگرتنی خه‌ڵاته‌كه، ڕێهاتی هونه‌رمه‌ند ڕوو ده‌كاته ئاماده‌بووان و به‌ده‌نگێكی خۆش و دڵگهشییهوه ده‌ڵێت (من هه‌موو كات باسی ئه‌وه ئه‌كه‌م، هیچ كه‌سێك له‌م دنیایه بێ به‌هره بێ..! ئه‌وه‌ی پێویسته بزانین ده‌بێ به‌هره‌ی خۆمان بدۆزینه‌وه، به‌و بۆنه‌یه‌وه من زۆر خۆشحاڵم كه له ڕوانگه‌دا به‌شداربووم، هیوادارم هه‌ركه‌سێك به‌هره‌ی خۆی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، بگه‌ڕێت به‌دوایدا به‌هره‌ی خۆی بدۆزێته‌وه).
كاكه ڕێهات ڕۆژی دواتر واته ڕۆژی هه‌ینی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاری سلێمانی و له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌ی و هاوڕێیان و كه‌سوكارییه‌وه پێشوازییه‌كی زۆر گه‌رمی لێ ده‌كرێت خۆی و كلارنێته شیرینه‌كه‌ی به‌وپه‌ڕی به‌خته‌وه‌رییه‌وه له‌ئامێز ده‌گرن، ڕاسته ئه‌و له شاری سلێمانی له‌دایكبووه، به‌ڵام زاده‌ی دایك و باوكێكی هه‌ڵه‌بجه‌ییه و جێی شانازیی بووه كه خه‌ڵاتی ڕوانگه‌ی به‌ناوی شاری هه‌ڵه‌بجه‌وه پێ به‌خشراوه.
به‌داخه‌وه ئیره‌یی و چاو هه‌ڵنه‌هاتن به‌توانا و لێهاتوویی به‌رامبه‌ر بۆته ده‌ردێكی كوشنده له‌ناوماندا، له‌بری ئه‌وه‌ی كه‌سه به‌توانا و لێهاتووه‌كانمان له‌ئامێز بگرین و ستایشیان بكه‌ین و خۆشه‌ویستی و ڕێز و میهره‌بانی بۆ كار و تێكۆشانه‌كانیان دابنێن، جێی داخه‌وه ده‌كه‌وینه تانه و ته‌شه‌ر لێدان و هه‌وڵ ده‌ده‌ین تواناكانیان لێ بسه‌نینه‌وه و زه‌وتی بكه‌ین و بیانخه‌ینه سه‌ر ئه‌ژنۆ و به‌ره‌و داڕمانی ڕۆحیان به‌رین، هه‌زارجار حه‌یف كاكه ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ، ئه‌و لاوه خوێن گه‌رم و چالاكه، جیا له‌وه‌ی توانایه‌كی له ڕاده‌به‌ده‌ری له هونه‌ری ژه‌نینی ئامێره فوودارهكاندا هه‌بووه، له هه‌مانكاتیشدا خاوه‌نی بیر و هه‌ستێكی زۆر قووڵ بووه، هه‌میشه وێڵ بووه به‌دوای پرسیاره بێ وه‌ڵامه‌كاندا، ئه‌وه‌ش بۆته گرفتێكی گه‌وره بۆی، چونكه له‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ده‌ژیا مه‌خابن له هه‌ست و سۆز و بیركردنه‌وه‌ی تێنه‌ده‌گه‌یشتن..؟!
ڕێهات ته‌نها بۆ موزیك و خۆشه‌ویستی و ژیانێكی ئارام هه‌نگاوی هه‌ڵده‌گرت، ئه‌و وێنه‌ی باڵنده‌یه‌كی جوانی خۆش ئاواز گه‌ره‌كی بوو باڵه‌كانی زیاتر بكاته‌وه و به‌ره‌و خه‌ونه به‌دی نه‌هاتووه‌كانی به‌ئاسووده‌یی بفڕێت، چاوی به‌دكار و وته و تیری ناحه‌ز دای له باڵه‌كانی و نه‌یانهێشت له فڕین به‌ره‌و ئاسۆی گه‌ش به‌رده‌وام بێت، زۆر به‌داخه‌وه ئه‌و كلارنێت و باڵه‌بانه به‌سۆزه له لووتكه‌ی گه‌شانه‌وه‌دا له ڕێكه‌وتی (12/12/2018) كۆتایی به‌ژیانی خۆی هێنا و جوانه‌مه‌رگ بوو، مه‌رگی كاك ڕێهات نه‌ك به‌ته‌نیا دڵ و هه‌ست و ناخی خانه‌واده‌كه‌ی ته‌زاند، به‌ڵكو هه‌موو هونه‌رمه‌ندان و هاوڕێیانی ڕێهات و خانه‌واده‌كه‌ی خه‌مبار و دڵته‌نگ كرد..؟!
به‌كۆچی ئه‌به‌دی كاكه ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ، هونه‌ر و مۆسیقای كوردی لاوترین و به‌هره‌مه‌ندترین ژه‌نیاری له‌ده‌ست دا، به‌و كۆچه ناخ ههژێنهی ڕێهات هه‌موو خۆشییه‌كانی ژیانی ئه‌و خانه‌واده هونه‌رمه‌ند و ژیان خۆشه‌ویسته‌ی ڕاماڵی و چرای ڕۆشن و گه‌شاوه‌ی ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ی كوژانده‌وه.
جگه‌رگۆشه و ڕۆڵه‌ی ئازیزه‌كه‌ی مامه عه‌زه و ژیان خانی دایكی،له ئامێزی گردهپیرۆزهكهی سه‌یوانی سلێمانیدا به‌خاك سپێردراوه، گڵكۆی پیرۆزت كاكه ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ بۆ هەمیشە چراخان و لێوڕیژبێت لە موزیك، لە قەتار و خاوكەر و هۆرە و سیاچەمانە و لاوك و حەیران، یاد و یاده‌وه‌رییه شیرینه‌كانت به‌رز و به‌ڕێزبێت.
جه‌مالی ده‌لاك ( 2/5/2024) هه‌ولێر.
سه‌رچاوه:
(1) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار (عه‌زیز حه‌مه كه‌ریم - مامه عه‌زه) ڕۆژی چوارشه‌ممه (23/8/2023) (هه‌ولێر - سلێمانی).
(2 و 4 و 6) ڕێهاتهكهم، یاداشتكردنی: مامه عه‌زه، نووسینی كۆچه‌ر میرزا، كتێبی (ڕێهات نیشتمانه سه‌وزه‌كه‌ی كلارنێت) لاپه‌ڕه (22 و 23 و 27).
(3) به‌هره‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر، مامۆستا خالید سه‌ركار كتێبی (ڕێهات نیشتمانه سه‌وزه‌كه‌ی كلارنێت) لاپه‌ڕه(123).
(5 و 7) ڕێهات بۆ وات كرد..؟! عادل مه‌لا كهلایم، كتێبی (ڕێهات نیشتمانه سه‌وزه‌كه‌ی كلارنێت) لاپه‌ڕه(130).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.