Erbil 5°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 20:55

هەنگاوەکانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر بەشە زانستیەکانى زانکۆکان دەستپێکرا

کوردستان TV
100%


لەدیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەیەکى گرنگ بۆ دەستپێکردنى هەنگاوەکانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر بەشە زانستیەکان لە دەرچوانی ساڵانی خوێندنى (2017 - 2018) تاکو (2022 - 2023) دەستپێکرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (‏12‏/05‏/2024) بە ڕاسپاردەى د. ئارام محه‌مه‌د قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەسەرپەرشتى د.توانا نەجەف محمدخان بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی لە دیوانى وەزارەت و بەڕێوەبەرى تۆمارى زانکۆکان بەڕێوەچوو، لە دەستپێکدا د.توانا نەجەف ڕایگەیاند: سەرۆکایەتى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نوسراوێکى بە ژمارە (1928) لە ڕێکەوتى (2024/4/25) ئاراستە کردوین، بۆ ئەوەى داتا و زانیارى تەواو لەبارەى سێ یەکەمى زانکۆکان ئامادە بکەین و دواتر ڕەوانەى بەغدادى بکەین بەمەبەستى دامەزراندنیان، بۆ ئەوەش ڕونیکردەوە لەسەر سەرجەم زانکۆکان پێویستە لە ماوەى پێنچ ڕۆژى کارکردندا تەواوى زانیارییەکان وەک لە خشتەى دیاریکراودا هاتوە و تایبەتە بە سێ یەکەمەکانى سەر بەشە زانستیەکان لە دەرچوانی ساڵانی خوێندنى (2017 - 2018) تاوەکو (2022 - 2023)  بە لیستى جیا بەرز بکەنەوە بۆ وەزارەت.

بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی ڕایگەیاند: دامەزراندنى سێ یەکەمەکان بەئەرکى لە پێشینەى خۆمان دەزانین و لە ماوەى ڕابردودا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەموو هەوڵێکى خۆى لەو بوارەدا خستۆتەگەر، چونکە ئەوە مافێکى یاسایی و ئاسایی خۆیانە، لەم قۆناغەشدا پێویستە هەموان پێکەوە هەماهەنگ و هاوکارى یەکتر بن، بۆ ئەوەى مافى هیچ یەکێک لە سێ یەکەمەکان نەفەوتێ، بۆیە دەبێ لە تۆمارکردنى ناوى چواریان و بەشەکانیان و تەواوى زانیارییەکان ورد بن، هەروەک پاڵپشتى و پشتیوانى وەزارەتى بۆ هەر هاوکارى و هەماهەنگى و کارئاسانیک بۆ دوپاتکردنەوە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى و دارایی ئاماژەى بە هەوڵەکانى وەزارەت لە ماوەى ڕابردودا کرد و وتى: لە چەند ڕۆژى ڕابردودا لیستى ناوى (1982) وانەبێژمان لە زانکۆکانى هەرێم ڕەوانەى بەغداد کردوە بۆ دامەزراندن، بەهەمان شێوە پێشتریش لیستى ناوى (980) لە هەڵگرانى ماستەر و دکتۆرامان ڕەوانەى بەغداد کرد بە مەبەستى دامەزراندن، بۆ ئەمەش بەغداد ڕەزامەندى لەسەر دامەزراندنى (226) کەسیان نیشاندا کە لە دانیشتوانى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بون، ئەوە جگە لە دامەزراندنى (2075) سێ یەکەمەکان و (2626) بەشە پزیشکیەکان لە بەغداد، کە بەهەمان شێوە خەڵکى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بون.

هەر لە قسەکانیدا وتیشى، لە هەرێمى کوردستان، ساڵانى ڕابردوو بەهەوڵەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى توانرا سێ یەکەمەکانى ساڵانى (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێنین، کە ژمارەیان (2842) یەکەم و دوەم و سێیەم بووە، هیواشى خواست لەم هەوڵەشیاندا سەرکەوتو بن و بتوانن مافى سەرەتایی سێ یەکەمان دابین بکەن و ئامانجەکانیان بەدى بهێنن.

لە بەشى کۆتایی کۆبونەوەکەدا دەرگاى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە وردەکارییەکانى تۆمارکردنى ناوى سێ یەکەمەکان لە نێوان بەڕێوەبەرى تۆمارى گشتى زانکۆکان و بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى گشتى کارگێڕى و دارایی و بەڕێوەبەرانى تایبەتمەند لە وەزارەت ئاڵوگۆڕ کرا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.