Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 00:06

سوودانی داوای كردووە قاچاخچێتی هێلكە لە مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان رابگیرێ

کوردستان TV
100%

سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان كرد رێگری بكەن لە هێنانی هێلكە بە قاچاخ لە هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخان، چونكە بەهۆی ئەم كارەوە كێڵگە پەلەوەرییەكان زەرەرمەندی زۆر بوونەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەیاوەری وەزیری كشتوكاڵی عێراق و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فڕاكسۆنە كوردییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا چەند تەوەرێك تاوتوێ كران، یەكێك لە تەوەرەكان بابەتی هێنانی هێلكەی قاچاخ بووە لە هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخان.

لەمبارەیەوە مەریوان قەرەنی پەرلەمانتاری پارتی گوتی: محەمەد شیاع سوودانی لە كۆبوونەوەكەدا باسی لە كێشەی كێڵگە پەلەوەرییەكان و قاچاخچێتی هێلكە لە هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخان كرد.

گوتیشی: سوودانی راستەوخۆ هەردوو دەروازەی باشماخ و پەروێزخانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە قاچاخچێتی زۆری هێلكەی لێوە دەكرێت.

هەروەها گوتی: سوودانی راشیگەیاند كە بەهۆی ئەو قاچاخچێتییەوە زیانێكی زۆر بەر خاوەنی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان كەوتووە.

ئاماژەی بەوەش دا كە سوودانی داوای لە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كرد چارەسەری كێشەكە بكەن و ئەوانەی ئەم ناوچەیەیان بەدەستەوەیە واز لە كاری قاچاخچێتی بێنن یاخود ڕێگرییان لێ بكەن.

هەر لەسەر هەمان بابەت، سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵ نووسیویەتی: لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان کرد هێنانی هێلکە بە قاچاخ لە هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخان ڕابگرن.

هەروەها نووسیویەتی: محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوە دا كە بەهۆی ئەم قاچاخچێتییەوە پرۆژەکانی خۆتان و عێراقیش بەرەو مایەپووچ بوون دەچن.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لە كۆتایی مانگی رابردوو بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، گومرگ لەسەر هاوردەكردنی بەرهەمی هێلكە لە رێژەی 20% بۆ 70% زیاد كرا بە مەبەستی پاڵپشتیكردن و پشتبەستن بە بەرهەمی خۆمانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.