Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 21:15

شەپۆلی ئەمجارەی بارانبارین بەنداوی دەربەندیخانی سەرڕێژ کرد

کوردستان TV
100%


ئەو شەپۆلە بارانبارینەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بووە هۆی پڕبوون و سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان سامان ئیسماعیل ڕایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا لە سنووری دەربەندیخان نزیکەی 100 ملیم باران باریووە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە داهاتێکی زۆری ئاو بگاتە دەریاچەی دەربەندیخان".

دوای بۆردوومانەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر و دروستبوونی کێشە لە بەرهەمهێنانی کارەبا، سامان ئیسماعیل ئاماژەی بەوە دا کە ناچار بوون بەشێک لە ئاوی بەنداوەکەیان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا تەرخان بکەن و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بە تەواوی بەنداوەکە پڕ نەبێت لەو کاتەدا، لەمبارەیەوە گوتی: "لە دووهەفتەی ڕابردوودا ئامادەکاریی هەبوو کە سەرڕێژ بێت، بەڵام بە هۆی نەبوونی کارەبا و ئەو گرفتانەی کە لەبەردەم بەرهەمهێنانی کارەبا هاتە ئاراوە، یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا خرایە کارەوە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە بەنداوەکە پڕ نەبێت".

بە پێی قسەکانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، شەپۆلی ئەمجارە بارانبارین بەنداوی دەربەندیخانی سەرڕێژ کرد و لەمبارەیەوە گوتی: "لەم دوو شەوە بارانێکی زۆر باریووە و ئاوێکی زۆر لە بەنداوەکە کۆبووەتەوە، بەپێی ئەنجامی پلان و بەرنامەی بەنداوەکاندا بڕیارمان دا کە دوو دەرگای بەنداوەکە بکەینەوە".

کردنەوەی بەنداوەکە و سەرڕێژکردنی ئاوەکە دیمەنێکی جوانی بە سرووشتەکەدا و گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکەش خۆیان گەیاندە بەنداوەکە و وێنەیان لەگەڵ گرت.

سامان ئیسماعیل گوتیشی: "بەنداوی دەربەندیخان توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتری سێجار ئاوی هەیە و دوای تەواوبوونی ئەو قۆناغە لە بەردانەوەی ئاو، بە پێی پلان کار دەکرێت بۆ بەردانەوەی ئاو بۆ ناوچەکە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.