ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە لە پرۆژەی "هەژماری من" هاووڵاتییان تەواو سەرپشك دەبن لە دیاریكردنی ئەو بانكەی كە دەیانەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.
عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: ئامانجی سەرەکیی ئێمە لە پرۆژەی "هەژماری من" ئەوەیە هاووڵاتییان سەرپشک بن لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە دەیانەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
گوتیشی: لەم بابەتەدا نامانەوێت نە قۆرخکاریی بەغدا هەبێت نە هی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەمانەوێت زۆرترین بژاردە لە بانکە حکوومی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی و تایبەتەکان بخەینە بەردەستی هاووڵاتییان.
هەروەها گوتی: بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین و وەڵامی هەموو پرسیار و تێبینییەک لەسەر پرۆژەی "هەژماری من" دەدەینەوە، زانیاریی هەڵە و ساختە چونکە زیان بە هەمووان دەگەیەنێت، هەمیشە بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان باشترە.
پرۆژەی "هەژماری من" پرۆژەیەکی دیجیتاڵیی بانکییە بۆ بەجێکردن و بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:-
1- دەستڕاگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی. ئامێرەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.
2- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/ پێشینەی جۆراوجۆری بانک.
3- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.
4- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
5- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.