زانایانی زانکۆی کامبریچ وێنەی رووخساری ئافرەتێكی نیاندرتاڵ لە ئەشكەوتی شانەدەر لە هەرێمی كوردستان دروست دەكەنەوە دوای ئەوەی لە پڕۆسەیەكدا بۆ ماوەی 9 مانگ ئێسك و پروسكەكانی لێك دەدەنەوە.
ئافرەتەكە كە بە (شاندەر Z) ناونراوە، بەگوێرەی پشكنینی زاناكان لە تەمەنی 40 ساڵی دایە و بەر لە 75 هەزار ساڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی كوردستان ژیاوە.
تیمەكەی زانكۆی كابریچ لە ساڵی 2018 ئێسك و پڕوسكی ئەو ئافرەتەیان لەژێر زەوی لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزیوەتەوە، دواتریش لە ڕێگەی کۆکردنەوەی 200 پارچە ئێسکەوە کەلـلەسەرەكەیان دروست كردۆتەوە، پڕۆسەكەش نزیکەی 9 مانگی خایاندووە.
یەكێك لە ئەندامانی تیمی كاركردن لە زانكۆی كامبریچ كە زانای مرۆڤناسی كۆنە بە ناوی ئێما پۆمێرۆ دەڵێت: لە كاتی دۆزینەوەیدا لە ئەشكەوتی شانەدەر كەلـلەسەرەكەدا ورد ببوو، بۆیە ناچار بوون 200 پارچە لەیەك بدەنەوە كە وەك مەتەڵێکی سێ ڕەهەندی وابوو.
دەشڵێت: ماسولكەكانی رووخساری ئافرەتەكە بە گشتی گەورەن وەك ئەوانی سەر برۆی، بەڵام چەناگەی بچووکە و باڵاشی مەتر و نیوێك دەبێت، تەمەنیشی لە ناوەڕاستی چلەکانە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە لەو سەردەمەدا پیری زووتر هاتووە.
ئاماژە بەوەش دەدات كە بۆ دیاریكردنی رەگەزەكەی، پشتیان پشكنینی مینای ددانەكانی بەستووە و بۆیان دەركەوتووە كە رەگەزەكەی ئافرەتە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.