Erbil 15°C ھەینی 03 ئایار 18:54

هونه‌رمه‌ند جەمال هیدایەت كۆچیی دوایكرد

کوردستان TV
100%

میوزیكژەنی ناوداری كورد، جەمال هیدایەت عەبدوڵڵا، ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی نیسانی 2024، كۆچی دوایی كرد.

هونەرمەند جەمال هیدایەت عەبدوڵڵا، یەكەم هونەرمەندی عودژەن بووە لە شاری هەولێر و لە سەرەتای دەیەی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا دەستی بە كاری هونەری كردووە.

لە ماوەی تەمەنیدا، وێڕای دامەزراندنی یەكەم گروپی میوزیك لە شاری هەولێر، لە ڕووی كارگێڕی و پەروەردە و پێگەیاندنەوە لە چەندین ناوەندی هونەری و پەروەردەیی خزمەتی كردووە.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ كۆچی دوایی هونەرمەند جەمال هیدایەت، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكار و هونەرمەندی كوردستان دەكات و خزمەتەكانی هونەرمەندی كۆچكردوو هەمیشە بە نەمری دەمێننەوە.

پرۆفایلی هونەرمەندی كۆچكردوو

- لە 1931 لە شاری هەولێر لەدایكبووە.

- لە 1952دا دوای فێربوونی ژەنینی ئامێری عود، دەستی بە كاری هونەری كردووە.

- لە 1955 پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدای تەواوكردووە.

- لە پاییزی 1956ەوە لە قوتابخانەكانی ئیبن مستەوفی و ئەربیل ئوڵ وەك مامۆستای هونەر دامەزراوە.

- لە 1957 وەك مامۆستای وانەبێژی هونەر لە خانەی مامۆستایانی كوڕان وانەی وتووەتەوە.

- ساڵی 1958-1959 یەکەم گرووپی میوزیكی لە هەولێر بەناوی تیپی میوزیكی دەرسیم دامەزراندووە.

- ساڵی 1959-1970 وەک ژەنیاری عود بەشداری لە هەموو ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵە هونەرییەکانی هەولێر کردووە.

- ساڵی 1971 ئەندامی دامەزرێنەری تیپی هونەری هەولێر بووە و بۆ ماوەی 20 ساڵ سەرۆکی دەستەی کارگێڕی بووە.

- ساڵی 1973-1991 بەڕێوەبەری چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر بووە و بەشداری لە هەموو ڤیستیڤاڵ و کارە هونەرییەکانی وەزارەتی پەروەردە کردووە.

- ساڵی 1974-1975 وانە بێژی سروود بووە لە خانەی مامۆستایانی کچان.

- ساڵی 1975 ئەندامی دامەزرێنەری سەندیکای هونەرمەندانی هەولێر بووە.

- ساڵی 1982-1991 سەرۆکی دەستەی کارگێڕی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بووە.

- ساڵی 1997 سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئۆرکسترای کوردستان بووە.

- ساڵی 1996-2004 سەرپەرشتیاری پەروەردەیی سروود و میوزیكی قوتابخانەکانی سەرەتایی بووە.

- ڕۆژی سێشەممە 23ی نیسانی 2024، كۆچی دواییكرد.

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.