Erbil 15°C ھەینی 03 ئایار 19:37

ئۆکراینا: ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژه‌ک هێرشی کردە سەر کیێڤی پایته‌خت

کوردستان TV
100%


ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژه‌كی بالستی هێرشی کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و ناوچەکانی میکۆلایڤ، ئۆدیسا و چەرکاسی.

فەرماندەیی هێزەکانی ئاسمانیی ئۆکراینا، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوێنێ شەو ڕووسیا بە دوو هاژه‌کی بالستی "ئیسکەندەر-M" و 16 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شاهید" هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئۆکراینا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەلایەن هێزەکانی ئاسمانییەوە 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەکانی کیێڤ، میکۆلایڤ، ئۆدیسا و چەرکاسی خراونەتە خوارەوە.

سەرۆکی فەرمانگەی سەربازیی شاری کیێڤ، سێرگی پۆپکۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەرمانگەکە بڵاویکردەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ناوچەی کورسکی ڕووسیاوە ڕەوانەی کیێڤ کراون و ڕایگەیاند: فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە ناوچەکانی سومی و چەرکاسی تێپەڕبوون و لە باشووری ڕۆژئاواوە چوونەتە کیێڤەوە. لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە تەواوی ئامانجەکانی دوژمن لەناوبرا.

پۆپکۆ ئەوەیشی خستەڕوو کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانیی و ماددەی نەکەوتووەتەوە.

سەرۆکی فەرمانگەی سەربازیی لە ناوچەی ئۆدیسا، ئۆلیگ کیپەر لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆدیسا چەند خانوویەک زیانیان بەرکەوتووە و حەوت کەسیش کە دووانیان منداڵبوون برینداربوون.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.