Erbil 15°C سێشەممە 25 حوزەیران 18:12

ئه‌مڕۆ یادی 126 ساڵه‌ی ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردییه‌

کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ 22ی 4 ی2024،  یادی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییه‌، كه‌ له‌ شاری‌ قاهیره‌ و (126) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی‌ كوردی‌ به‌ ناوی‌ "كوردستان" ده‌رچوو.

رۆژنامه‌ی كوردستان یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی ئه‌هلی كوردییه‌ و یه‌كه‌م ژماره‌ی له‌ 22ی 4ی ساڵی 1898 له‌ ئاواره‌ییدا له‌لایه‌ن جووته‌ برا (میقداد میدحه‌ت به‌درخان و جه‌لاده‌ت به‌درخان) له‌ چاپخانه‌ی دار ئه‌لهلال له‌ قاهیره‌ به‌ یارمه‌تی نووسه‌ری ناوداری عه‌ره‌ب جۆرجی زێدان چاپكرا و بووه‌ سه‌رقافڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی.

رۆژنامه‌ی كوردستان له‌ماوه‌ی پێنج ساڵ و له‌ پێنج وڵات و شوێنی جیا 31 ژماره‌ی چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌،  كه‌ ژماره‌ 1 -5 ی له‌لایه‌ن میقداد میدحه‌ت به‌درخانه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و ژماره‌ 6-31 كه‌ كۆتا ژماره‌یه‌تی له‌لایه‌ن عه‌بدولڕه‌حمان به‌گی برایه‌وه‌ ده‌رچووه‌.

 دواتر به‌ هۆی خراپی باری ئابووری چاپی ئه‌و رۆژنامه‌ ڕاگیرا و نه‌یانتوانی درێژه‌ به‌ چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی بده‌ن و ته‌نیا ئه‌و 31 ژماره‌ی لێ بڵاو كرایه‌وه‌.

رۆژنامه‌ی  كوردستان ژماره‌ 1-5 ی له‌ قاهیره‌ ، ژماره‌ 6-19 له‌ سويسرا، ژماره‌ 20-23 دووباره‌ له‌ قاهیره‌، ژماره‌ 24 له‌ له‌نده‌ن ، ژماره‌ 25-29 له‌ فۆڵكستن، 30-31 دووباره‌ له‌ سويسرا چاپكرايه‌وه‌.

بۆ به‌فه‌رمی ناساندنی ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردیی، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 21ی 4 ی2021، پێشنیازە بڕیاری ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی له‌22ی نیسانی هه‌مووساڵێك، په‌سه‌ندكرد.
ساڵانه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ 22ی 4 وه‌ك رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیی به‌رز راده‌گیرێت و چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.