Erbil 10°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 00:55

سبەی واژۆ لەسەر 20 رێككەوتننامە لەنێوان عێراق و توركیا دەكرێت

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرای كرد كە سبەی دووشەم لە كاتی سەردانەكەی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ عێراق، واژۆ لەسەر 20 رێككەوتننامە لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەكرێت.

هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمرۆ یەكشەم گوتی: لە چەند رۆژی رابردوودا ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ واژۆکردنی زیاتر لە 20 ڕێککەوتننامە لەنێوان عێراق و توركیا كراوە.

گوتیشی: سبەی دووشەم لە كاتی سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو 20 رێككەوتننامەیە واژۆیان لەسەر دەكرێت.

هەروەها گوتی: رێككەوتنەكان زیاتر لە بوارەکانی ئاسایش، وزە، کشتوکاڵ، ئاو، تەندروستی و پەروەردەن، ئامانجی توركیاش سەقامگیری، ئاسایشی و خۆشگوزەرانی ناوچەکەیە و پەیوەندییەکانمان لەم ئاراستەیەدا دەبێت.

بڕیارە سبەی دووشەم رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بە سەردانێكی یەك رۆژە دەگاتە بەغدا و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدولەتیف رەشید سەرۆك كۆمار و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی تری عێراق، سەردانی هەولێریش دەكات.

ئەردۆغان رۆژی هەینی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەستەنبۆڵ گوتبووی: لەمیانەی سەردانەكەم بۆ بەغدا و دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەكان، سەردانی هەولێریش دەكەم و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی نێوان حكوومەتی ناوەند و هەرێم و چەند بابەتێكی تر پەیوەست بە عێراق و توركیا دەكات.

وەك چاوەڕوانیش دەكرێت یەكێك لە گرینگترین بابەتەكانی گفتوگۆی نێوان هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری توركیا، پرسی دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هەرێمی كوردستان دەبێت له ‌ڕێگه‌ی بۆڕی نه‌وتی جه‌یهانەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.