Erbil 15°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 14:39

هونه‌رمه‌ند قادر دیلان (1928_18/3/1999)

پێشه‌نگ و داهێنه‌ر له‌ مۆسیقا و ئاوازی كوردیدا..!
کوردستان TV
100%

دوای دامه‌زراندنی (تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) له ‌شاری سلێمانی و ماوه‌ی (7) ساڵ كار و چالاكی و تێكۆشانی هونه‌ری، زه‌ماله‌ی خوێندن وه‌رده‌گرێ و به‌ره‌و وڵاتی (چیكۆسلۆڤاكیا) به‌ڕێ ده‌كه‌وێت به‌و مه‌به‌سته‌ی بڕوانامه‌ی باڵا‌ له ‌مۆسیقا به‌ده‌ستبهێنێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ نیشتمان، به‌ڵام به‌هۆی كوده‌تای شوومی شوباتی ساڵی (1963)ی به‌عسییه‌كان، بارودۆخی وڵات به‌شێوه‌یه‌ك ده‌شێوێ نائومێد ده‌بێت له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان، به‌رله‌وه‌ی كوردستان به‌جێبهێڵێ له‌ وڵات مۆسیقاژه‌ن، ئاوازدانه‌ر، رۆژنامه‌نووس و كاری نواندنی له‌ چه‌ند شانۆگه‌رییه‌كدا كردووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ (پراگ) ژیاوه‌ تێكۆشاوه‌ و خوێندنی ته‌واو كردووه‌، له ‌هونه‌ری گۆرانی گوتنیشدا چه‌ند به‌رهه‌مێكی تۆمار كردووه‌ و ئاوازی بۆ داناوه‌، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییانه‌ گه‌یشتونه‌ته‌وه‌‌ كوردستان و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ پێشوازێیه‌كی بێ وێنه‌ی لێ كراوە.

له ‌ڕێی ئه‌و گۆرانییانه‌وه‌ قادر دیلان مه‌به‌ستییه‌تی به ‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی بڵێ ڕاسته‌ به‌جه‌سته‌ و ڕووخسار لێتان دوورم، به‌ڵام من هه‌میشه‌ ڕۆح و دڵ و هه‌ستم له‌ نیشتمانه‌‌ و له‌ڕێی ده‌نگ و گۆرانییه‌وه‌ به‌ ڕۆحی نیشتمان و زێدو ئازیزانم شاد ده‌بمه‌وه‌. 

دوای چوارده ‌ساڵ ژیان له‌ غوربه‌ت و نامۆییدا، هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له ‌ساڵی (1976) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری سلێمانی، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ناو كه‌سوكار و هاوڕێیان و زێده‌كه‌ی، له ‌چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌رباره‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییانه‌ی له‌ (پراگ) تۆماری كردوون و له‌ كوردستان گوێگر و هه‌وادارێكی زۆری په‌یداكردووه‌، له‌ وه‌ڵامی (فكرت عزه‌ت) ده‌ڵێت: (ده‌مه‌وێ تۆزێ زیاتر ده‌رباره‌ی ئه‌و سێ گۆرانییه‌ بدوێم وه‌كو هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و هونه‌رمه‌ندانی عێراقیش ده‌زانن من هیچ كات خۆم به‌ده‌نگ خۆش نه‌زانیوه‌ و ناشزانم..!)

تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییانه‌ به‌ده‌نگی خۆم له ‌به‌رچه‌ند هۆیه‌ك بوو:

یه‌كه‌میان به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ گوێتان لێبووه‌، ئه‌و گۆرانیبێژه‌ی ئه‌و گۆرانییانه‌ بڵێ ده‌بێ (نۆته‌) بخوێنێته‌وه‌، ئه‌گینا له ‌تاكت (وه‌زن) ده‌رده‌چێ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌هه‌ندێكیان شێوه‌ی هاڕمۆنی تیا به‌كارهێنراوه‌، هه‌ر ئاوازێكی جیاوازه‌ له‌وی تریان له‌به‌ر ئه‌وه‌ بۆ گۆرانیبێژێكی نه‌خوێنده‌وار زۆر قورسه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ویستم له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ گوێره‌ی توانای خۆم بیری میلـله‌ته‌كه‌م بخه‌مه‌وه‌ كه‌ ورده‌ ورده‌ خه‌ریك بوو منی له‌بیر بچێته‌وه‌، چونكه‌ زۆر ده‌مێكه‌ دوورم بۆ ئه‌وه‌ی نه‌زانێ لێی دوورم؟! 

گۆرانی یه‌كه‌م: (جوانی بێ ناو)...

(قژكاڵی لێو ئاڵی پرشنگی نیگا كاڵ

ئه‌ی كچه‌ جوانه‌كه‌ی سه‌رگۆنا نه‌ختێ ئاڵ!)

شیعری هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد (گۆران) له‌و شیعره‌دا به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌مزی باسی كوردستان ده‌كات زۆرم به ‌دڵه‌، و‌ گۆران په‌رستیشم له‌به‌ر ئه‌و گۆرانییه ‌بووه‌ نموونه‌ی یه‌كه‌م ئیشم دوای ئه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر له‌لای برا كورده‌كان، له‌ده‌ره‌وه‌ به‌ڵكو له‌ زۆر وڵاتانی ئه‌وروپا په‌سه‌ند كرا،

گۆرانی دووه‌م: (بارانه‌)

(باران بارانه‌ نم نم ته‌ڕمی كرد

له‌نجه ‌و لاره‌كه ‌و له ‌دین ده‌رمی كرد)

بچووكترین فۆرمی گۆرانی ئه‌گه‌ر تۆزێ به‌ زانایی ده‌ستكاری بكرێ شتی ئاوای لێ ده‌رده‌چێ، وه‌ خه‌ڵك له ‌ئه‌وروپا وه‌كو هه‌ر چ گۆرانییه‌كی ڕۆژئاوایی دانسی له‌سه‌ر ئه‌كه‌ن.

گۆرانی سێیه‌م: (فریشته‌)

(ڕوومه‌تی وه‌ك گوڵی بێگه‌رد

قژی خاو، ئاوریشمێكی زه‌رد

چاوی كاڵ، ئه‌گه‌رچی نه‌رمه‌

به‌ڵام نیگای ئێجگار گه‌رمه).

له‌ ئاوازی (ولیه‌م یوحه‌ننا 1934_14/9/2005)یه‌ و شیعری (كامه‌ران موكری 1929_7/12/1986)یه‌، ئه‌م گۆرانییه‌ وه‌كو دیارییه‌ك بوو بۆ یه‌كه‌م تیپی مۆسیقا كه ‌له ‌كوردستاندا دروست بوو له ‌ساڵانی (1955) به‌ره‌وژوور (تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) ئه‌و گۆرانییه‌ له ‌نموونه‌ی ئیشی ئه‌ندامی ئه‌و تیپه‌ و كاك ولیه‌م بوو،له‌ ڕاستیدا له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا به‌گوێره‌ی لێكۆڵێنه‌وه‌ و زانیارانی مۆسیقای ڕۆژئاوایی زۆر په‌سه‌ندیان كرد، چونكه‌ ڕه‌گ و خوێنی گۆرانییه‌كان كورده‌ و كوردییه‌  وه ‌تێكه‌ڵاوێكی زۆر ڕێكی له‌گه‌ڵ مۆسیقای تازه‌ی ڕۆژئاوایه‌، ده‌توانرێ زۆر گۆرانی هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردیش به‌م شێوانه‌ تازه ‌بكرێته‌وه ‌(1).

هونه‌رمه‌ند قادر دیلان: ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی له ‌سلێمانییه‌وه‌ چرۆی كرد و له‌ به‌غدا گه‌شەی ‌كرد و له‌ پڕاگ پێگه‌یشت...!

له‌نێو هونه‌رمه‌ندانی كورد، بواری ئاواز و گۆرانی و مۆسیقای كوردی، قادر دیلان ناوێكی دیار و هونه‌رمه‌ندێكی پێشه‌نگی ئه‌و بواره‌یه‌، هونه‌رمه‌ند له‌خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ریدا گه‌شه‌ی كردوو گه‌یشته‌ لوتكه‌ی هونه‌ر.

سه‌باره‌ت به‌ ساڵی به‌دنیاهاتنی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان گه‌لێك سه‌رچاوه‌ هه‌ن هه‌ریه‌كه‌یان ئاماژه‌ به ‌ساڵی (1926، 1928 و 1930) ده‌ده‌ن، هونه‌رمه‌ند برا بچووكی شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ر و هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش (حه‌مه‌ ساڵح دیلان 1927_ 28/10/1990)ـه‌، كوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری شاری سلێمانین، ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ دڵسۆزه‌ی گه‌ل و نیشتمان ‌(حه‌مه‌ ساڵح و قادر) كوڕی مه‌لا ئه‌حمه‌دی دیلان و فاتمه‌خانن، ناو و نازناوی (دیلان) پێشه‌نگی هونه‌ری مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی و خه‌مخۆر و دڵسۆزی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی بوون و جوانترین شاكاری هونه‌رییان پێشكه‌شی كورد و كوردستان كردووه‌.

ناوی (قادر كوڕی مه‌لا ئه‌حمه‌د دیلان كوڕی مه‌لا ساڵح كوڕی مه‌لا قایه‌ری شه‌وخوێن كوڕی مه‌لا محه‌مه‌د كوڕی مه‌لا هه‌مزه‌یه‌) بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ دروستبوونی شاری سلێمانی (1784ی زاینی) له‌ قه‌ڵاچوالانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ سلێمانی و نیشته‌جێ بوون.

باوكیان مه‌لا ئه‌حمه‌دی دیلان یه‌كێك بووه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كان و ‌ده‌نگخۆشه‌كانی شاری سلێمانی، كه‌سێكی خوێنده‌وار و ڕۆشنفكر و ئاشنایه‌تییه‌كی زۆری هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ هۆنراوه‌دا، ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ی‌ مه‌لا ئه‌حمه‌د كاریگه‌ری له‌سه‌ر منداڵه‌كانی داناوه‌، هه‌روه‌ها له ‌مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز و له ‌كاتی بۆنه‌ ئایینیه‌كاندا بانگ و سه‌ڵای له ‌مزگه‌وتدا خوێندووه‌، ده‌وروبه‌ر و ئاماده‌بووان چێژیان له ‌ده‌نگی مه‌لا ئه‌حمه‌د وه‌رگرتووه‌.

هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له‌ ڕێكه‌وتی (24/5/1928) له‌ یه‌كێك له ‌گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كانی شاری سلێمانی به‌ناوی (ده‌رگه‌زێن) چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌، به‌ڵام له‌دیمانه‌یه‌كدا به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان، هه‌ڵبه‌ست دیلان، كوڕی حه‌مه‌ ساڵح دیلان (واته‌ برازای  هونه‌رمه‌ند قادر دیلان) به‌پێی یاده‌وه‌رییه‌كانی كه‌ له ‌زاری باوكی كۆچكردووی (حه‌مه‌ ساڵح دیلان)  بیستوویه‌تی و بۆی گێڕاوه‌ته‌وه‌ كە (قادر دیلانی برام سێ ساڵ به‌ ته‌مه‌ن له‌من بچووكتره‌) (2)

به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ی كاك هه‌ڵبه‌ست دیلان بێت، هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له ‌ساڵی (1930) له‌دایك بووبێت..!، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان زیاتر ئاماژه‌ به‌ ساڵی (1928) ساڵی له‌دایكبوونی هونه‌رمه‌ند ده‌ده‌ن.

هونه‌رمه‌ند قۆناغه‌كانی خوێندن (سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی) له‌ شاری سلێمانی ته‌واو ده‌كات

له‌ سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه‌ به‌هۆی كاریگه‌ری ژینگه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی، خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ری حه‌ز و ئاره‌زووی بۆ هونه‌ر له ‌ناخیدا چرۆ ده‌كات، ده‌ستپێكی ئه‌و حه‌ز و خولیایه‌ له‌ ئامێری (شمشاڵ)ـه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات.

(له ‌ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریمه‌وه ‌شمشاڵژه‌ن بووم، ڕۆژێكیان به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌مان بانگی كردم و پێی گوتم له‌شكره‌ شڕه‌كه‌ی عوسمانلی چه‌ندین ساڵه‌ ژوورێكی قوتابخانه‌كه‌مانیان پڕ كردووه‌ له ‌ئامێری موزیك تا ئه‌مڕۆ ئه‌و ژووره‌ داخراوه‌، وه‌ره‌ كامه‌ ئامێرت ده‌وێت بۆ خۆت هه‌ڵیبژێره‌، منیش ئامێری (كلارنێت)م هه‌ڵبژارد و به‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵایه‌كی زۆر بووم به‌كلارنێتژه‌ن، پاشانیش ده‌ستم كرد به‌ ئامێری (كه‌مان _ ڤایۆلین) ژه‌نین (3).

كه‌واته‌ قادر دیلان یه‌كه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له ‌شاری سلێمانی ئامێری كلارنێتی ژه‌نیوه..!

قادر دیلان و خولی فێربوونی مۆسیقا...!

به‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی خه‌مخۆر و دڵسۆز، له ‌ساڵی (1926) یه‌كه‌م تیپی مۆسیقا له‌ شاری سلێمانی به‌ سه‌رپه‌رشتی (شاكر فه‌تاح 1914_ 27/6/1988) داده‌مه‌زرێت، ئه‌و تیپه‌ مۆسیقییه‌ پێكهاتبوون له‌ (18) هونه‌رمه‌ند.

له‌سه‌ر بڕیار و ڕاسپارده‌ی هونه‌رمه‌ند (حه‌نا په‌ترۆس) سه‌رۆكی یه‌كه‌م ئۆركێسترای عێراقی، بڕیار ده‌ده‌رێت له‌ وه‌رزی هاوینی ساڵی (1947) خولێكی مۆسیقا له ‌شاری سلێمانی بكرێته‌وه‌ به ‌مه‌به‌ستی فێركردنی مۆسیقا بۆ گه‌نج و لاوانی شاری سلێمانی، ئه‌و وه‌فده‌ هونه‌رییه‌ی له‌ شاری به‌غداوه‌ هاتبوون بریتی بوون له‌م مامۆستا و هونه‌رمه‌ندانه:-

1/ حه‌نا په‌ترۆس، به‌ڕێوه‌به‌ری خول و وانه‌ی ئامێره‌ هه‌واییه‌كان

2/ غانم حه‌داد، وانه‌ی ئامێری كه‌مانچه

3/ جه‌میل به‌شیر، وانه‌ی ئامێری كه‌مانچه‌ و عوود

4/ سالم حسێن، وانه‌ی ئامێری قانوون

5/ یه‌عقووب یووسف، وانه‌ی ئامێری عوود

6/ حه‌قی، وانه‌ی ئامێری نای

7/ شواع، وانه‌ی ئامێری كه‌مانچه

8/ مونیر ئه‌ڵاوێردی، وانه‌ی ئامێری كلارنێت. (4).

ئه‌و گه‌نج و لاوانه‌ی له‌و ساڵه‌دا (1947) به‌شداربوون له‌ خولی فێربوونی ئامێره‌كانی مۆسیقا له‌ شاری سلێمانی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ بوون:-

(به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی، قادر دیلان، ڕۆبین ئۆفیك، شه‌ماڵ سائیب، سه‌ركیس كیغام، شێخ ڕه‌زای شێخ محه‌مه‌دی گوڵانی، عه‌بدوڵا جاف، عه‌بدوڵا میدیا، ئه‌حمه‌دی حه‌مه‌ی له‌یلێ، مه‌حموودی حه‌مه‌ی له‌یلێ، ئه‌حمه‌د زرنگ، غه‌ریب میرزا كه‌ریم، جه‌مال فه‌تاح، نووری عه‌نبه‌ر، عه‌لی ئیحسان، جه‌مال عه‌بدوڵا، كه‌مال ئه‌حمه‌د، تۆفیق حه‌سه‌ن ده‌وڵه‌ت)

قۆناغی چوونی هونه‌رمه‌ند بۆ به‌غدا و گه‌شه‌كردنی..!

دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ئاماده‌یی، له‌ ساڵی(1951 بۆ 1952) قادر دیلان ده‌چێته‌ به‌غدا و له‌ كۆلێژی ئابووریی/ به‌شی بازرگانی وه‌رده‌گیرێت و ده‌ست ده‌كات به‌خوێندن.

هونه‌رمه‌ند له ‌ساڵی (1951) په‌یوه‌ندی به‌ڕێكخستنه‌كانی حیزبی شیووعی عێراقه‌وه‌ ده‌كات، خوێندن و كاری حیزبایه‌تی و له‌ هه‌مانكاتدا خولیا و ئاره‌زووه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا پێكه‌وه‌ گرێ ده‌د‌ات، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا خۆشەویستنی بۆ هونه‌ر و په‌ره‌پێدانی ژه‌نینی ئامێری مۆسیقا، هونه‌رمه‌ند قادر دیلان ساڵی (1951) سه‌ردانی ڕادیۆی به‌غدا ده‌كات و پێشنیاز ده‌كات وه‌ك ژه‌نیارێكی مۆسیقا ئاماده‌یه‌ هاوكاری و كاریان له‌گه‌ڵدا بكات.

(كامیلی كاكه‌مین 1912_16/4/1987) ئه‌و كاته‌ سه‌رپه‌رشتیاری ڕادیۆی كوردی به‌غدا بووه ‌هه‌وڵی بۆ ده‌دات وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری (كلارنێت) وه‌رده‌گیرێت، له ‌ڕادیۆ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئامێری كه‌مانچه‌ (مامۆستا جه‌میل به‌شیر1921_22/9/1977) ئه‌و كاته‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ بووه‌، دوای تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ستوپل و په‌نجه‌ و توانای هونه‌ری، له ‌ڕادیۆی به‌غدا وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری (كلارنێت) له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای ڕادیۆی كوردی به‌غدا ده‌ست به‌كار ده‌بێت.

هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای ڕادیۆی كوردی ئه‌و كاته‌ بریتی بوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌:-

1/ ئه‌حمه‌د خه‌لیل... عود ژه‌ن (كورد)

2/ مه‌حموود حیجازی... شمشاڵژه‌ن (عه‌ره‌ب)

3/ ئیبراهیم محه‌مه‌د... جومبووشژه‌ن (به‌غدایی)

4/ نازم نه‌عیم... كه‌مانچه‌ژه‌ن (مه‌سیحی)

5/ عه‌بدولئه‌حه‌د جه‌رجیس... قانوونژه‌ن (مه‌سیحی موسڵاوی)

6/ عه‌زرا وه‌رده‌... كه‌مانچه‌ژه‌ن (مه‌سیحی دهۆك)

7/ قادر دیلان ... كلارنێتژه‌ن (سلێمانی) (5)

هونه‌رمه‌ند قادر دیلان ده‌ڵێت (دوای ئه‌وه‌ی له ‌تاقیكردنه‌وه‌ ده‌رچووم و وه‌رگیرام له‌ ڕادیۆی به‌غدا، پاش ساڵ و نیوێك بووم به‌ سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای ڕادیۆی كوردی به‌غدا، جارجارێك به‌ كلارنێت یارمه‌تی به‌شی عه‌ره‌بی ڕادیۆم ده‌دا، دوای چه‌ند ساڵێك ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا كه‌وته‌ كاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا جارجار به‌شداریی فیلمی كورت كورت بۆ (ڕیكلام) و به ‌سه‌ده‌ها پارچه‌ مۆسیقام ته‌ئلیف كردووه‌، ده‌توانم بڵێم كاری زۆر گه‌وره‌مان كرد) (6).

له‌گه‌ڵ بوونی به ‌سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای ڕادیۆی كوردی به‌غدا له ‌ساڵی (1953)، گۆڕانێكی ته‌واو له ‌ڕووی ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی مۆسیقا بۆ هونه‌رمه‌ندان دروست بووه،‌ چونكه‌ هونه‌رمه‌ند قادر دیلان شاره‌زایی زۆر باشی هه‌بووه‌ له ‌میلۆدییه‌ كوردییه‌كان، چونكه‌ له‌ ڕێی باوكی و هونه‌رمه‌ند حه‌مه ‌ساڵح دیلانی برایه‌وه‌ شاره‌زا و ئاشنایه‌كی باشی هه‌بووه‌ به‌ میلۆدی و مه‌قامه‌ كوردییه‌كان، له ‌كاتی پرۆڤه‌كردن له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژ به‌و پێیه‌ی قادر دیلان له ‌ئاوازه‌ كوردییه‌كان شاره‌زایی چاكی هه‌بوو، پێشتر به‌كلارنێته‌كه‌ی ئاوازه‌كه‌ی بۆ هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقا لێ ئه‌دا و مه‌شقی پێ ده‌كردن دووباره ‌و ده‌باره‌ی ده‌كرده‌وه ‌بۆیان تا ئه‌و كاته‌ی زۆرترین چێژه‌كانی ناو ئاوازه‌كه‌ی نیشان ئه‌دان و لێی ڕاده‌هاتن) (7).

به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌‌ی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (باكووری 1928_2/11/2022)، به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانی هونه‌رمه‌ند (سێوه ‌1891_9/12/1963)یه‌ له‌ ساڵی (1952) به‌ سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له ‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا بۆی تۆماركراوه‌،جیا له‌ ده‌نگه‌ به‌سۆز و دڵنشینه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند (سێوه‌)، له ‌ڕووی مۆسیقاوه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه ‌چه‌ند شیرین و كوردانه‌یه‌.

له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی به ‌خزمه‌تی هونه‌ر و مۆسیقا و هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی كورد، قادر دیلانی به‌هره‌مه‌ند و مۆسیقاژه‌نی به ‌توانا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای (أنوار الفن)، ئه‌و تیپه‌ مۆسیقییه‌ له ‌هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیار و به‌تواناكانی ئه‌و كاتی به‌غدا پێكهاتووه‌ و دیلانیش وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی كورد له‌گه‌ڵیاندا كاری هونه‌ری كردووه‌.

مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ‌(ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی 1946 هه‌ڵه‌بجه‌) له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان ده‌ڵێت: (به‌هۆی تێكه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌رفه‌تی زیاتری بۆ ڕه‌خسا، چونكه‌ به‌ر‌ده‌وام مۆسیقایان بۆ هونه‌رمه‌ندان لێ ده‌دا، كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو ته‌نانه‌ت كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوردستان ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی پێوه‌ دیاربوو) (8).

قادر دیلانی دڵسۆز و خه‌مخۆری مۆسیقای كوردی تا ساڵی (1955) له‌ شاری به‌غدا ده‌مێنێته‌وه‌، به‌هۆی  تێوه‌گلانی به‌كاری سیاسییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاتی عێراق له‌ خوێندن بێبه‌شی ده‌كه‌ن و له‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا دووری ده‌خه‌نه‌وه‌..؟! 

(تا ساڵی 1955 له‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا مامه‌وه‌ و دواتر گه‌ڕامه‌وه‌ سلێمانی، له‌و كاته‌دا باوكم نه‌خۆش بوو، دایكم مردبوو، حه‌مه‌ ساڵحی برام له‌زیندان بوو، ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی باوكم بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ماڵی خۆمان قوتابخانه‌یه‌كی بچكۆله‌م كرده‌وه‌، ده‌ستم كرد به‌فێركردنی لاوان و گه‌نجان ئه‌وانه‌ی حه‌زیان له‌ مۆسیقا ده‌كرد،له‌سه‌ر ئامێره‌كانی (كه‌مان، عوود، نای، ڕیتم و قانوون) نزیكه‌ی (15 بۆ 16) كه‌س هاتن ده‌رسیان ئه‌خوێند، له‌وانه‌ (نه‌جاتی عه‌بده‌، ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك، سه‌ردار ڕه‌مزی، هادی عه‌نبه‌ر و ولیه‌م یوحه‌نا، ته‌نیا ولیه‌م یوحه‌نا خه‌ریجی مه‌عهه‌دی مۆسیقای به‌غدا بوو، براده‌رێكی عه‌ره‌بیشمان له‌گه‌ڵدا بوو ناوی (حازم حه‌داد) زۆر زۆر باش بوو، (9).

نزیكه‌ی شه‌ش‌ مانگ له ‌فێركردن به‌رده‌وام بووم، دوایی ئۆركێسترایه‌كی جوان دروست بوو به‌ ناوی ئۆركێسترای (قادر دیلان)، من پێم ناخۆشبوو به‌ناوی منه‌وه‌ بێ، بڕیارمان دا ناوی گرووپه‌كه‌ بگۆڕین به‌ (مه‌وله‌وی) مه‌وله‌وی یه‌كێك له ‌شاعیره‌ به‌رزه‌كانی كورده‌) (10).

چۆنیه‌تی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له ‌شاری سلێمانی...؟!

دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقا به ‌ناوی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی، وه‌رچه‌رخانێكی گرینگ بوو بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی له‌و سه‌رده‌مه‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشتر تیپێكی مۆسیقا نه‌بووه‌ تا بتوانێ به‌شێویه‌كی نوێگه‌ری ئامێره‌كانی مۆسیقا و ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان له‌ چوارچێوه‌یه‌كدا به‌ناوی تیپی مۆسیقا كۆ بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ خوێنگه‌رم و خاوه‌ن سه‌لیقه‌ هونه‌رییه، ڕچه‌شكێن بوون و توانیان كاروانی هونه‌ر به‌ره‌وپێش ببه‌ن له ‌شاری سلێمانی و كوردستان به‌ گشتی.

هونه‌رمه‌ند (حاته‌م سه‌عید ، ناسراو به‌ (حاته‌مه‌ ڕه‌ش 1936_ 7/1/2011) له ‌دێدارێكیدا له‌گه‌ڵ (گۆڤاری سلێمانی) لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك براده‌ر بووین، نه‌جاتی عه‌بده‌، ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك، هادی عه‌نبه‌ر، به‌هجه‌ت سه‌عاتچی و به‌نده‌، له ‌دوكانی به‌هجه‌تی سه‌عاتچی كۆ ده‌بووینه‌وه‌ و دائه‌نیشتین و هه‌ریه‌كه‌مان له ‌ئامێرێكی مۆسیقادا شاره‌زا بووین، به‌هجه‌ت و هادی كه‌مانچه‌یان ئه‌ژه‌نی، نه‌جاتی عه‌بده‌ شمشاڵی لێ ئه‌دا، هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا په‌یمانگای ته‌واو كرد، ئه‌میش كه‌مانچه‌ی ئه‌ژه‌نی، ڕۆژانه‌ ته‌مرینی ئه‌كرد و ئێمه‌ش سه‌ردانیمان ئه‌كرد، دوای ماوه‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له‌ ئێزگه‌ی كوردی به‌غدا دوورخرایه‌وه‌ و هاتبۆوه‌ بۆ سلێمانی، قادر دیلان هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره ‌و به‌توانا و نیشتمانپه‌روه‌ر بوو، له ‌به‌غدا له‌گه‌ڵ (سامی شه‌واف و ئه‌نوه‌ر مه‌نسی) كاری كردبوو، ئه‌و دوو زاته‌ له‌ بواری مۆسیقادا ناسراو بوون، قادر دیلان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كوردانه‌ی له ‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا ده‌ركرابوو، له ‌مۆسیقا و هونه‌ردا زۆر شاره‌زابوو، زۆر دڵخۆشبوو به‌حه‌ز و ئاره‌زوومان، ڕۆژێك پێشنیاری كرد كه‌ تیپێكی مۆسیقا دابمه‌زرێنین، هه‌موومان پێمان خۆشبوو ڕازی بووین، تیپه‌كه‌مان بریتی بووین له:-

قادر دیلان، كه‌مانچه‌، به‌هجه‌ت ره‌شید سه‌عاتچی 1927_12/7/1998 _ كه‌مانچه‌، هادی عه‌نبه‌ر 1933_5/5/2007 _ كه‌مانچه‌، نه‌جاتی عه‌بده: 1937‌_ شمشاڵ، حازم حه‌داد موسڵاوی بوو، ئامێری عوودی ده‌ژه‌نی و گۆرانیشی ئه‌گوت، جه‌لال عه‌زیز 1928 سلێمانی_ 19/4/2008 له‌نده‌ن - ئه‌ویش عوودی ده‌ژه‌نی و گۆرانیشی ئه‌گوت، سه‌ردار ڕه‌مزی كه‌مانچه، حاته‌م سه‌عید ناسراو به‌حاته‌مه‌ ڕه‌ش 1936_7/1/2011 _ ئیقاع) (11).

سه‌ره‌تا ناوی تیپی (دیلان) بۆ گۆڕدرا بۆ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی..؟!

ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده ‌ده‌ستوپل و په‌نجه‌ جوانه‌ هونه‌رییه‌، له‌به‌ر ڕێز و حورمه‌تی زۆرییان بۆ هونه‌رمه‌ند قادر دیلان، چونكه‌ كه‌سێكی نیشتمانپه‌روه‌ر ‌و زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و كوردپه‌روه‌ر بووه‌، له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ جوانانه‌یی و هه‌روه‌ها شاره‌زاییه‌كی زۆری له‌ مۆسیقا و ئاوازداناندا‌، پێیان باشبووه‌‌ ناوی تیپه‌كه‌ بنێن (دیلان)..!

به‌ڵام هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان) به‌و پێشنیاره‌ی هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی ڕازی نابێت و گله‌یی و گازانده‌ش ده‌كات و پێیان ده‌ڵێت من بڕیاری كشانه‌وه‌ ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر به‌ ناوی دیلانه‌وه‌ ناوی تیپه‌كه‌‌ بنێن..!

له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان) ده‌ڵێت (سه‌ره‌تا تيپه‌كه‌يان ناو نا (ديلان) من ڕازى نه‌بووم و به‌ ئه‌ندامانى تيپه‌كه‌م گوت، ئه‌و ناوه‌ نه‌گۆڕن واز دێنم، ئه‌وجا كردمانه‌ تيپى مه‌وله‌وى) (12).

هه‌روه‌ك ئه‌ركێك و فه‌رامۆشنه‌كردنی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ كه‌ ناوی تیپه‌ مۆسیقییه‌كه‌ی ناو نا مه‌وله‌وی، بۆ به ‌ناوی ئه‌و شاعیره‌ به‌رزه‌ی كورده‌وه‌ ئه‌و تیپه‌ ناونرا..؟! ئه‌ویش كه‌سایه‌تییه‌كه‌‌ خاوه‌نی مێژوویه‌كه‌ له‌دنیای هونه‌ر و وێژه ‌و ڕاگه‌یاندن و خه‌مخۆری فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر (نه‌جاتی عه‌بده‌) له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌ پاشكۆی ڕۆژنامه‌ی (العراق) كه ‌به ‌كوردی له‌ به‌غدا ده‌رچووه‌، ناوی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ دێنێ و ده‌ڵێت: چه‌ند جارێك له‌سه‌ر ناونانی تیپه‌كه‌ كۆبووینه‌وه‌، ڕۆژێك كاك (حه‌مه‌ فه‌ره‌ج مه‌عرووف ناسراو به ‌خاڵه‌ حه‌مه ‌فه‌ره‌ج 1938_ 12/2/2008) هات و گوتی ناوێكی زۆر خۆشم دۆزیوه‌ته‌وه‌ ناوی تیپه‌كه‌ ده‌نێین (تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) له ‌ڕۆحیانه‌تی (مه‌وله‌وی) مه‌زنه‌وه‌ نزیكه‌، چونكه‌ هۆنراوه‌كانی زۆر ته‌ڕ و جوان و بڕگه‌كانی پڕن له‌ مۆسیقا، ئیتر بڕیاری له‌سه‌ردرا و ناومان نا مه‌وله‌وی) (13).

له‌گه‌ڵ سه‌رقاڵبوونی به‌ دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و بارودۆخی ناجێگیری ته‌ندروستی باوكی و بێكاری، به‌ هه‌وڵ و هیمه‌تی دڵسۆزانه‌ی (مه‌دحه‌ت موباره‌ك) هونه‌رمه‌ند له‌ دائیره‌ی (ئیداره‌ی محه‌لی) وه‌ك كارمه‌ند داده‌مه‌زرێت.

له‌ كاتێكدا ئه‌و پۆله‌ هونه‌رمه‌نده‌ دڵسۆزه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به ‌تێكۆشانی هونه‌ری، له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ سه‌رزه‌نشت ده‌كرێن و ئه‌و كاره‌یان به ‌عه‌یبه ‌و شووره‌یی ناو ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌وان بوێرانه ‌و خه‌مخۆرانه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌پێناو سه‌رخستنی هونه‌ر و ناساندنیان به‌ خه‌ڵك (كاتێك ده‌ستمان پێ كرد پێیان ده‌وتین شووره‌یی و گه‌وره‌ترین عه‌یبه‌ ئه‌و كاره‌، به‌ڵام من هه‌رگوێم نه‌دایه‌، من باوكم مه‌لا بوو له‌ مزگه‌وت بانگی ده‌دا، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام بووم، ئێمه‌ به‌ ئیش و كاره‌ هونه‌رییه‌كان خۆمان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا فه‌رز كرد، له‌عه‌یبه‌وه ‌وامان كرد خه‌ڵك بێن بۆ ته‌ماشای ئاهه‌نگه‌كانی ئێمه‌ به‌ شه‌وقه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بچینه‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌ ڕۆژێك خۆم و هاوڕێكانم چوینه‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی، له‌و كاته‌دا ده‌روێشه‌كان كۆڕی زكریان به‌ستبوو، ئێمه‌ (9) كه‌س ده‌ف و منیش (ته‌پڵ)م لێ ده‌دا، له‌گه‌ڵ ده‌روێشه‌كان ده‌ستمان كرد به‌ ژه‌نین، ته‌نها مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌بوو له ‌ڕێگه‌ی ئاینیشه‌وه‌ بێت بچینه‌ ناو خه‌ڵك و زیاتر خۆمان بناسێنین، وای لێهات له‌بری ئه‌وه‌ی جنێومان پێ بده‌ن خه‌ڵك چه‌پڵه‌یان بۆ لێ ده‌داین) (14).

هونه‌رمه‌ندانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له ‌ساڵی (1955) بریتی بوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه:-

1/ قادر دیلان

2/ بەھجەت ڕەشید سەعاتچی

3/ حاته‌م سه‌عید (حاته‌مه‌ ڕه‌ش)

4/ ولیەم یوحەننا

5/ نەجاتی عەبدە

6/ ھادی عەنبەر

7/ سەردار ڕەمزی فەتاح

8/ قادر عەرووس

9/ ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك

10/ حازم حەداد (خه‌ڵكی مووسڵ بووه‌)

11/ نووری بەدەوی

12/ ساجید ڕه‌فیق

13/ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج مه‌عروف (ناسراو به‌ خاڵه‌ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج)

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ستوپه‌نجه‌ ڕه‌نگین و دڵسۆزانه‌ بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان مه‌شخه‌ڵی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردیان له‌ شاری سلێمانی به‌رزكرده‌وه‌ و دواتر به‌ هه‌موو كوردستان و عێراق دانا و كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان بڵاوبۆوه و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ پێشوازیان لێ كرا‌.

تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی...؟!

دوابه‌داوی پێدانی مژده‌ی دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقا له‌ شاری سلێمانی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌ست و ئازادانه‌ كاروچالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، پێویستیان به ‌وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی بووه‌، هونه‌رمه‌ند نه‌جاتی عه‌بده‌ ‌لەبارەی چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی بۆ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی پێمان ده‌ڵێت: بۆ دامه‌زراندنی تیپه‌كه‌ مۆڵەتێكی فه‌رمیمان پێشكەش كرد، تا ڕێگه‌ به‌ تیپەكە بدرێت بێ ئەوەی كەس بتوانێت بەربەستی بۆ دابنێت كارەكانی خۆی ئه‌نجام بدات، داواكارییه‌كه‌مان له‌ ڕێگای موته‌سه‌ڕیفی ئه‌و كاتی سلێمانی بۆ به‌غدا نێردرا، له‌و كاته‌شدا سه‌عید قه‌زاز 1904 سلێمانی - 20/9/1959) وه‌زیری ناوخۆ بوو، كه‌ داواكارییه‌كه‌مان ده‌چێته‌ به‌رچاوی، بێ دوودڵی یه‌كسه‌ر ده‌ڵێت: زۆر باشە، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجانه‌ی سلێمانی زۆر خه‌ریكی كاروچالاكی سیاسه‌ت نه‌بن و بە مۆسیقاوە خەریك بن، مۆڵه‌تیان پێ بده‌ن تا ئه‌و تیپه‌ دابمه‌زرێنن، ئەو وەزیرە بێ ئاگا بوو لەوەی له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئێمه ‌ئامانجمان برەودان بوو بە كاری سیاسی، بەڵام له‌ژێر په‌رده‌ی هونه‌ردا..!
دوای ئه‌مه‌ به ‌فه‌رمی تیپی مۆسیقای (مه‌وله‌وی)مان دامه‌زراند و كه‌وتینه‌ پێشكه‌شكردنی ئاهه‌نگی مۆسیقا و گۆرانی و جه‌ماوه‌ریش پشتگیرییه‌كی باشی كاره‌كانی ئێمه‌یان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی سلێمانی، ئه‌مه‌ش وای له‌ تیپه‌كه‌ كرد كه‌ زیاتر گه‌شه‌ بكات و زیاتر پێش بكه‌وێت و چێژی هونەری ته‌شه‌نه‌ بكات) (15).

دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی بۆ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ به ‌هه‌موو توانایانه‌وه‌‌ تێده‌كۆشن و ئاهه‌نگی گۆرانی و مۆسیقا ساز ده‌كه‌ن و زیاتر گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و به‌ره‌و پێش ده‌چن، سه‌رسامی و پشتگیری جه‌ماوه‌ری شاری سلێمانی زیاتر به‌ده‌ست دێنن.

كاره‌ هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ڕێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ دامه‌زراندنی (كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان له ‌سلێمانی) له ‌ساڵی(1957) دواتر ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ له ‌شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش لقی لێ ده‌كرێته‌وه‌.

تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنیان و كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان له‌لای جه‌ماوه‌ر زیاتر ناسران، كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و به‌ توانا له ‌چڕینی ئاوازی كوردی له‌ ده‌وری تیپی ناوبراو كۆبوونه‌وه‌ و به‌شداربوون له‌ هه‌موو ئاهه‌نگ و یاد و بۆنه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و كاره‌ساته‌ تراژیدیاكان و ئاهه‌نگی كۆمه‌ككۆكردنه‌وه‌ بۆ نه‌داران و لێقه‌وماوان، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆش و گۆرانیبێژانه‌ی له‌ ته‌ك ده‌ستوپه‌نجه‌ی داهێنه‌رانه‌ی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌شداربوون وه‌ك :-

ڕه‌شید حاجى عه‌بدوڵا ميرزا عه‌زيز ميرزا فه‌تاحى بازرگان (ناسراو به‌ ڕه‌شۆڵ 1912_14/7/1974)، (حه‌مه‌ى به‌كر 1926_14/2/1999)، (شه‌ماڵ سائيب 1931_ 7/11/1986)، (حه‌سه‌ن زيره‌ك 1921_26/6/1972)، (باكوورى 1928_2/11/2022)، (سێوه 1891_9/12/1963)‌، (تايه‌ر تۆفيق 1922_20/10/1987)، (حه‌مه‌ ساڵح دیلان 1927_28/10/1990)، (عوسمان سابوونچی 1931_16/6/1971)، (فوئاد ئه‌حمه‌د 1932_17/8/2004)، (ڕه‌سوول گه‌ردى 1922_17/10/1994)، (ئيبراهيم محه‌مه‌د 1931_3/5/2005)، (قادرى حاجى حسێن 1921_6/9/1984)، (كه‌ریم كابان 1927_14/1/2016)، (محه‌مه‌دی ماملێ 1925_23/1/1999)، (عومه‌ر ڕه‌زا  1942_7/8/2021).

هونه‌رمه‌ند قادر دیلان توانیویه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌نگی مێینه‌ بباته‌ سه‌ر شانۆ و له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا گۆرانی بخوێنێ، خانمه‌ گۆرانیبێژ (عائیشه‌ عه‌لی) یه‌كێك له‌و گۆرانیبێژه‌ ئافره‌ته‌ بوێرانه‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی گۆرانی خوێندووه‌، هونه‌رمه‌ند ڕه‌فيق چالاك 1923_30/11/1973)، (خه‌لیلی سه‌دیقی 1930_1970)، (ئه‌حمه‌دی شێخاڵی  1929_6/12/2005)، (فه‌ره‌جى حاجى ڕه‌شيد 1922_1981) و (جه‌مال جه‌لال 1942_21/8/2016).

تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی تیپه‌ تاقانه‌كه‌ی كوردستان، له ‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییانه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك كار و چالاكی هونه‌رییان له ‌شاری سلێمانی و شارۆچكه‌ و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان و ته‌نانه‌ت شاری به‌غداش ئه‌نجام داوه‌، له‌ هه‌موو ئه‌و كار و چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌، هونه‌رمه‌ند قادر دیلان وه‌ك سه‌رۆكی تیپی مۆسیقا و ئاوازدانه‌ر و ئاماده‌كردنی مۆسیقا به‌ ئامێری كلارنێت، كه‌مانچه‌ و عوود به‌شداری كردووه‌.

ئاهه‌نگ و بۆنه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی...!

ئاهه‌نگ و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان:

1/ ئاهه‌نگی قوتابخانه‌كان، قوتابخانه‌ی گۆیژه‌ی كوڕان له ڕێكه‌وتی‌ (4/12/1955).

2/ ئاهه‌نگی دواناوه‌ندی سلێمانی به ‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی پیشه‌سازی له‌ ڕێكه‌وتی (20/8/1956) له‌و ئاهه‌نگه‌دا هونه‌رمه‌ندان (حه‌سه‌ن زیره‌ك و ئه‌حمه‌دی شێخاڵی) و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ی شاری سلێمانی به‌شدار بوون، وێنه‌ی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ له‌لایه‌ن فۆتۆگرافه‌ری به‌توانا (ڕه‌فیق مه‌حموود محه‌مه‌د ناسراو به‌ ڕه‌فیقی وێنه‌گر، 1932_8/9/2020) وێنه‌ی گیراوه‌ و ئه‌مڕۆ بۆته‌ ئه‌رشیفێكی به ‌نرخ بۆ گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی.

3/ هه‌موو كۆتایی مانگێك له‌ یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئاهه‌نگیان بۆ میوانانی یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران ساز كردووه‌.

4/ ئاهه‌نگی كۆمه‌ككۆكردنه‌وه‌ بۆ زیانلێكه‌وتووانی كاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی (پێنجوێن)، ڕێكخستنی ئاهه‌نگ له ‌نه‌خۆشخانه‌كان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕۆحییه‌تی نه‌خۆشه‌كان.

هه‌روه‌ها ئه‌و كاره‌ساته‌ تراژیدییایه‌ی له ‌ڕۆژی (18/10/1957) ڕۆژی هه‌ستانی لافاوه‌كه‌ى شارى سلێمانى، تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى وه‌ك هه‌ستێكی به‌رزی نیشتمانی و ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی، هونه‌ر ده‌كه‌نه‌ ڕایه‌ڵه‌یه‌ك له‌نێو شار و شارۆچكه‌كاندا، نمایشی شانۆی (ڕه‌زیل و لافاو) له ‌نووسین و ئاماده‌كردنی هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان) و گۆرانی و مۆسیقا بۆ مه‌به‌ستی كۆمه‌ككۆكردنه‌وه‌‌، به ‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ (حه‌مه‌ ساڵح دیلان 1927_28/10/1990)، ڕه‌شۆڵ و  عوسمان سابوونچی 1931_16/6/1971)  له‌ شارى سلێمانى ئاهه‌نگ ساز ده‌كه‌ن، دواتر ڕوو ده‌كه‌نه‌ شارى هه‌ولێر له‌ (13/11/1957) به‌ هاوكاری هونه‌رمه‌ندان (ڕه‌سوول گه‌ردی)، (مشكۆ 1928_15/5/1989) و (حه‌یده‌ر به‌قاڵ 1915_4/12/1979) بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ ئاهه‌نگ ساز ده‌كه‌ن ‌و پاشان تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌ره‌و شاره‌كه‌ی حاجی قادری كۆیی له‌ ڕێكه‌وتی‌ (15/11/1957) جگه‌ له ‌هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی، له‌ كۆیه‌ش هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند (سێوه‌ و باكووری) هاوكار ده‌بن له‌ ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگه‌كه‌، ئه‌و تیپه‌ دڵسۆزه‌ خه‌مخۆره‌ ئه‌و داهاته‌یان له‌ ئاهه‌نگه‌كاندا ده‌ستكه‌وتووه‌ بۆ زيانلێكه‌وتووانى لافاوه‌كه‌ی شاری سلێمانی ته‌رخانكردووه، كه‌واته‌ هه‌میشه‌ له ‌هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ بوون بۆ دڵخۆشكردنی هه‌ژاران و زیانلێكه‌وتووان و قوتابی كه‌مده‌رامه‌ت، ئه‌و كۆمه‌ككۆكردنه‌وه‌یه‌ بۆ گیرفان و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌بووه‌، ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ جوان و لێوانلێوه‌ له ‌مرۆڤایه‌تی‌، خه‌سڵه‌تی هه‌موو ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بووه‌، به‌ڵام قادر دیلان ڕۆڵی سه‌ره‌كی گێڕاوه‌.

به‌پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ به‌لایه‌نێكی دیكه‌ی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند قادر دیلان بده‌م ئه‌ویش كاری نواندنه‌، له‌و بواره‌شدا ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ دڵسۆزه‌ بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ڕۆڵی بینیوه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی بواری شانۆی ئه‌و كاتی شاری سلێمانی له‌ شانۆگه‌ری:-

*  له‌ڕێی نیشتمان، ساڵی (1946).

* تاوانی چی بوو؟  ساڵی (1951).

* مه‌م و زین، ساڵی (1958).

* ڕه‌زیل لافاو، ساڵی (1957).   

5/ ئاهه‌نگی یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران ب ه‌بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی (بارزانی نه‌مر  1903_1/3/1979) له‌ ساڵی (1958) و سه‌ردانی بۆ شاری سلێمانی.

6/ سازدانی ئاهه‌نگ به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی كرێكاران‌ له‌ (1/5/1959) به‌ هاوكاری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش (حه‌مه‌ ساڵح دیلان و قادری حاجی حسێن).

7/ سازدانی ئاهه‌نگ له‌ یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ڵه‌بجه ‌ساڵی (1959) هونه‌رمه‌ندی شانۆكار (ڕەئووف یه‌حیا 1924_1987) له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك نمایشی شانۆگه‌ری (بازرگانی ڤینیسیا) له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ن، دوای ته‌واوبوونی نمایشی شانۆییه‌كه‌، شه‌وه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئاهه‌نگیان بۆ جه‌ماوه‌ری شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ساز كردووه‌.

8/ به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی لقی وه‌زاره‌تی ئیرشاد له ‌شاری سلێمانی له‌ (25/12/1960).

9/ له ‌ساڵی (1961) چه‌ندین كاروچالاكی هونه‌رییان له ‌ناوه‌وە و ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی ئه‌نجام داوه‌، تۆماركردنی چه‌ند سروودێك له‌ ماڵی هونه‌رمه‌ند (حاته‌مه‌ ڕه‌ش) له ‌گه‌ڕه‌كی قه‌زازه‌كان له‌سه‌ر داوای سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول، سرووده‌كان بریتی بوون له‌ (سڵاو له ‌پارتی دیموكراتی كورد، دایه‌گیان توخوا به‌سیه‌تی گریان) هه‌ردوو سروود له‌ هۆنراوه‌ی نووری وه‌شتی 1935_2001) له‌ ئاوازی هونه‌رمه‌ند (نه‌جاتی عه‌بده‌)، سروودی پێشمه‌رگه‌ین، جه‌ژنه‌ جه‌ژنی كوردستانه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌).

له ‌هه‌مان ساڵدا (1961) سازدانی ئاهه‌نگێك له‌ كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی كورد له ‌شاری كۆیه‌ به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند (سێوه‌).

10/ له ڕێكه‌وتی ‌(23/11/1961) تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی تیپی ئاهه‌نگێك ساز ده‌كه‌ن به ‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان كه‌ (عه‌بدولكه‌ریم قاسم 1914_9/2/1963 ) ئاماده‌ی ئه‌و مه‌راسیم و ئاهه‌نگه‌ بووه‌، (15 كوڕ و 15 كچی) شۆخ و شه‌نگ به ‌كۆرس سروودی (عه‌بدولكه‌ریم پاڵه‌وانه‌) یان خوێندووه‌، هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ (حه‌ننا بترس، سمكۆ عه‌زیز، نه‌جاتی عه‌بده‌، حاته‌مه‌ ڕه‌ش، هادی عه‌نبه‌ر، قادر كوردی، قادر دیلان، ڕه‌فیق چالاك، حازم حه‌داد و ولیه‌م یوحه‌نا).

11/  له ‌ڕێكه‌وتی (7/4/1963) به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ له‌ هۆڵی (خولد) له‌ شاری به‌غدا ئاهه‌نگ ساز ده‌كه‌ن به ‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ، دیارترینیان هونه‌رمه‌ندی گه‌ل (تایه‌ر تۆفیق) بووه‌.

هونه‌رمه‌ند قادر دیلان و ڕۆڵی له‌ تۆماركردنی به‌رهه‌می پۆسته ‌و ئیداره...!

له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی، هونه‌رمه‌ند قادر دیلان به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی خۆی له ‌زیندووكردنه‌وه‌ی ئاوازی كوردی، ناساندنی مۆسیقای كوردی و به‌دوور له‌ كاریگه‌ری هونه‌ری عه‌ره‌ب و فارس و تورك پشكی شێری به‌ركه‌وتووه‌، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ تیپی مۆسیقای كردووه‌ به‌دوو به‌ش، به‌شێكی بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی هونه‌ری كلاسیك و فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی وه‌ك باڵه‌بان و ته‌پڵ و ده‌هۆڵ و زوڕنا، قادر دیلان تێڕوانینی بۆ ئه‌و هونه‌ره‌ میلـلییه‌ به‌ هونه‌رێكی شادی به‌خش و پڕچێژی هونه‌ری و له‌ناو ڕۆحی تاكی كورددا ده‌ژی، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی بۆ مۆسیقای مۆدێرن، له‌ هه‌ردوو به‌شه‌كه‌دا ڕۆڵی گرنگ و به‌رچاوی بینیوه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی.

یه‌كێك له ‌به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ میلـلییه‌كان له‌باری هونه‌رییه‌وه‌ په‌سه‌ند و جێی ستایش و چێژبه‌خشه‌ به‌گوێگر به‌رهه‌می (پۆسته‌ و ئیداره‌یه‌) به‌ده‌نگ و ده‌ستوپه‌نجه‌ی هونه‌رمه‌ندان (عه‌به‌ی سه‌یزاده‌ 1900_6/10/1974)، (مام حه‌سه‌نی نه‌ی _20/7/1973) و (عه‌زۆله‌ی ته‌پڵ 1934_17/7/1973) تۆمار كراوه‌، كاسێتێكی شادی به‌خشه‌ له ‌مه‌راسیمی ئاهه‌نگ و جه‌ژن و زه‌ماوه‌نده‌كاندا لێ ده‌درێ، ئه‌و كاسێته‌ به ‌هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان تۆمار كراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌خشنده‌یی و دڵسۆزییه‌كی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند قادر دیلانه‌ بۆ سه‌ر خه‌رمانی گه‌نجینه‌ی هونه‌ری كوردی، به‌ڵگه‌ش بۆ ڕاستی و دروستی یاده‌وه‌ری نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس (مارف ناسراو)ـه‌، له ‌دیده‌نییه‌كی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (مونیر به‌شیر 1930_28/9/1997) له‌ ساڵی (1975) باسی ئه‌و ڕۆژانه‌مان بۆ ده‌كات كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ك (مونیر به‌شیر) عه‌وداڵ و تامه‌زرۆیی كاسێتی (پۆسته ‌و ئیداره‌) بووه‌، مارف ناسراو له‌دیدارێكی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند مونیر به‌شیر و لێی ده‌پرسێ: تۆ خه‌ڵكی سلێمانیت؟! گوتم به‌ڵێ، گوتی تا ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ سه‌ر و سۆراغی شریتێكی (پۆسته ‌و ئیداره‌)م تا ئێستا دوو سێ دانه‌شم بۆ هاتووه‌! به‌ڵام هیچ كام له‌وانه‌ ئه‌و نییه‌! كه ‌من له ‌دووی وێڵم..! چونكه‌ ئه‌و شریته‌ ساڵی (1954 یا 1956) له‌ ماڵی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان

 تۆمار كراوه‌، جا تۆ لای خۆته‌وه‌ بزانم بۆم په‌یدا ناكه‌یت! منیش پێم گوت به‌سه‌ر چاو هه‌وڵت بۆ ئه‌ده‌م، له‌ هاتنه‌وه‌م بۆ سلێمانی چوومه‌ دیده‌نی شاعیر و هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌د ساڵح دیلان 1927_ 28/10/1990) به‌ ناوی مونیر به‌شیره‌وه‌ داواكه‌یم پێ گوت، ئه‌ویش گوتی ڕاسته‌ نوسخه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌م لایه ‌له‌سه‌ر شریتی به‌كره‌یه‌، ناتوانم بتده‌مێ شتی تایبه‌تی خۆمی تیایه‌، به‌ڵام لای (ئه‌حمه‌دی قه‌ساب، كه ‌به ‌ئه‌حه‌گێژی قه‌ساب) به‌ناوبانگ بوو وه‌ك ئه‌سڵییه‌كه‌ بۆت تۆمار ده‌كا، هه‌رچۆنێك بوو شریته‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆما برده‌وه‌ به‌غدا و دامه‌ ده‌ست مامۆستا مونیر به‌شیر، دوای سوپاسێكی زۆر پێكه‌نی و گوتی ئێوه‌ عه‌به‌ی سه‌یزاده ‌ده‌ناسن! ئه‌م پیاوه‌ زۆر به‌هره‌مه‌ندبوو) (16).

سروودی نه‌ورۆز و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاوازه‌كه‌ی..؟!

هیچ كات نكۆڵی له‌ توانا و به‌هره‌ی به‌رزی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له‌ ڕووی ژه‌نینی مۆسیقا و ئاوازدانان و ئاماده‌كردنی گۆرانییه‌وه‌ ناكرێت، تا ئه‌و كاته‌ی له‌ وڵات بوو به‌رده‌وام له‌خه‌می ئه‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌دا بووه‌، ئه‌ویش خزمه‌تكردن به‌هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌،

جه‌ژنى نه‌ورۆز، جه‌ژنیكی دێرینی گه‌لى كورده‌، ڕه‌مزى تێكۆشان و به‌رخوردان و نوێبوونه‌وه‌ى ژيانه‌، پيرۆزى ئه‌و جه‌ژنه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌ بۆته‌ هانده‌رێك بۆ شاعيران به‌ هه‌ست و خامه‌ی باڵایان، جه‌ژنی نه‌ورۆزیان پیرۆزتر و شیرینتر كردووه‌ له‌لای نه‌ته‌وه‌ی كورد.

يه‌كێك له ‌شاكاره‌كانى شاعيرى گه‌وره‌ى حاجی تۆفیق (پیره‌مێرد 1867_19/6/1950) ئه‌و هۆنراوه‌يه‌ى نه‌ورۆزه‌ له ‌ساڵی (1948) نووسیویه‌تی:

(ئه‌م ڕۆژى ساڵى تازه‌يه‌ نه‌ورۆزه‌ هاته‌وه‌

جه‌ژنێكى كۆنى كورده‌، به‌خۆشی و به‌هاته‌وه‌).

ئه‌و هۆنراوه‌ به‌رزه ‌و میلۆدی ئه‌و سرووده‌‌ پڕسۆز و كاریگه‌ره‌، هه‌ڵقوڵاوی شاری سلێمانییه‌، به‌ڵام به ‌ڕۆح و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو كوردێك له ‌كوردستانی گه‌وره‌ ئاشنایه‌.

سه‌باره‌ت به ‌میلۆدی سروودی نه‌ورۆز هه‌ندێك ڕا و سه‌رنج هه‌ن گوایه‌ ئاوازی هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان)ـه‌، ته‌نانه‌ت هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له‌ و دیداره‌ی له‌گه‌ڵ (كاكه‌سوور/ هۆڵه‌ندا) له ‌گۆڤاری (چلاوازدا) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت (من نیو سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر ئاوازم بۆ داناوه‌) (17).

دوای گه‌ڕان و به‌دواداچوونم و پرسیاركردن له‌وباره‌یه‌وه‌، له‌به‌رنامه‌ی (چراكان) تایبه‌ت به‌ یادی هونه‌رمه‌ند و شاعیر (حه‌مه‌ ساڵح دیلان)، چیرۆكنووس و ڕۆژنامه‌نووس مامۆستا(محه‌مه‌د نووری تۆفیق 1934_ 8/6/2011) له ‌زاری شاعیر (حه‌مه‌ساڵح دیلان)ـه‌وه‌ بیستوویه‌تی و بۆی گێڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌و ئاوازه‌ هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ ساڵح دیلان دایناوه‌ و هونه‌رمه‌ند قادر دیلانی برای هاوكاری كردووه‌ له‌ ڕێكخستنی ئاوازه‌كه..!

به‌ مه‌به‌ستی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دروستبوونی ئاوازی نه‌ورۆز، هه‌ڵبه‌ست دیلان كوڕی هونه‌رمه‌ند و شاعیر (حه‌مه‌ ساڵح دیلان) له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌واڵه‌كه‌ی خۆی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیویه‌تی:

(بۆ سەروبەندی مێژووی سروودی نەورۆز:

ساڵی (1948) ناسراو بە ساڵی وه‌تبه‌ واتە ساڵی (ڕاپەڕین) بە ڕاسپاردەی مامۆستا (برایم ئه‌حمه‌د 1914_8/4/2000) بە شاعیر دەنگخۆش و  ڕۆشنبیر حەمە ساڵح دیلان ئه‌ڵێ بە سروودێ بەشداری ئاهه‌نگی نه‌ورۆز بكات. 

لە ماڵی خۆیانا ڕۆژێ پێش ئێوارەی نەورۆز ئەم سروودە ئەڵێ.

حەمە ساڵح دیلان ده‌گێڕێته‌وه‌ لەم ساڵەیا جۆره‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستییه‌ک له‌ وڵاتا هاتبووه‌ ئاراوه تا ڕادەیەک بۆنە نەتەوەییەکان ڕێپێدراو ببوون.

بەگوێرەی ئەو ڕاسپاردەیە، په‌یوه‌ندیم كرد به‌

(حاجی  تۆفیق  بەگ (پیرەمێرد) بۆ ئەوەی شیعرێکم بۆ ئەو بۆنەیە بۆ بنووسێ.

ئەو بەھۆی دۆستایەتی باشی له‌گه‌ڵ باوکما مەلا ئەحمەدی دیلان، جگه‌ له‌وەی چەند جارێکیش  شیعره‌کانمی بۆ ده‌ستکاری کردبووم، زۆریش حه‌زی له‌ ده‌نگم بوو، سۆراخیم کرد لە به‌رده‌م دوکانه‌که‌ی (حه‌مه‌ سه‌عی خه‌یات) نزیک چایخانه‌ی شه‌عب چاوم پێی كه‌وت.

داوای شیعرێکی تازه‌م لێ کرد بۆ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ، گوتم ئاوازی بۆ دائه‌نێم و له‌ ئێوارەی ئاهه‌نگی نەورۆزا ئه‌یڵێم، داواکەمی پەسەند كرد.

پاش وەرگرتنی شیعری نەورۆز لە مامۆستا پیرەمێرد، بە ڕێی گەڕانەوەما بۆ ماڵی خۆمان شیعره‌که‌م له‌به‌ر كرد.

بۆ قادری برام (قادر دیلان) خوێنده‌وه‌ زۆر به‌ دڵی بوو، پێم گوت ئاوازی بۆ دائەنێم، تۆیش یارمه‌تیم بدە.

ئه‌و شه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌ ئاواز زیاترا بازمان دا تا له‌ به‌ره‌به‌یانا به‌سه‌ر ئه‌م ئاوازه‌ی ئێستەیا که‌وتم و هه‌روه‌کو شێت قادرم له‌ خه‌و هه‌ڵسان، گوتم  گوێ بگره‌، له‌گه‌ڵما ده‌ستی کرد به‌ کلارنێت لێدان.

ئه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌یه‌ له‌ ماڵی ئێمه‌دا ده‌نگی ئه‌یایەوه.

پاشان بڕیاردرا ئەم سروودە ئەبێ بببێتە ھاوەڵی ئاگری نەورۆز و لە ئاھەنگی ئێوارەی جەژنی نەورۆزا بگوترێ.

گوتن: حەمە ساڵح دیلان

کەمانچە: قادر دیلان

ئۆکۆردیۆن: ولێم یۆحننا

تۆمار: نووری وەشتی

ساڵ: ١٩٤٨

شوێنی تۆماركردن: ماڵی مامۆستا ولێم یۆحننا.

دوای (10) ساڵ لە نەورۆزی ساڵی (1958)، بۆ دووەمجار ئەم سروودە بە مۆسیقاوە ئەوترێتەوە و تۆمار ئەکرێ لە ماڵی مامۆستا (شێخ محەممەدی خاڵ 1904_15/7/1989) کە پاشان ماڵه‌كه‌ی بوو به‌ بارەگای (نووسەران و ئەدیبانی كورد).

مۆسیقییەکان

دەنگ⁄ گوتن: حەمە ساڵح دیلان

کەمانچە: قادر دیلان

عوود: ولێم یۆحننا

تۆماری دەنگ: نووری وەشتی (18). 

به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ زانیاری له‌سه‌ر ئاوازی سروودی نه‌ورۆز، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه‌ بڵێم ئه‌و میلۆدییه‌ به‌رزه ‌و چڕینی به‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌، له ‌ماڵی (دیلان)ـه‌كانه‌وه‌ له‌دایكبووه‌، ڕاسته‌ ئاوازی حه‌مه‌ ساڵح دیلانه‌، به‌ڵام بێگومان ڕۆڵی كارامه‌یی و لێهاتوویی هونه‌رمه‌ند قادر دیلانی تێدا به‌رجه‌سته‌ بووه‌ له‌ ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی مۆسیقای سرووده‌كه‌، ده‌بێت بۆ هه‌میشه‌ ڕۆڵی هه‌ردوو برا (حه‌مه‌ ساڵه‌ح و قادر) به‌رز بنرخێنین بۆ ئه‌و شاكاره‌ هونه‌رییه.

هونه‌رمه‌ند قادر دیلان و چوونی بۆ هه‌نده‌ران ..!

دوای ئه‌و هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشان و خۆماندووكردنه‌ له‌پێناو به‌رزڕاگرتن و پێشخستنی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، قادر دیلانی هونه‌رمه‌ند ده‌رفه‌تی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی بۆ هه‌نده‌ران بۆ ده‌ڕه‌خسێ، له ‌ڕێكه‌وتی (24/6/1962) شاری سلێمانی به‌جێدێڵێت به ‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندنی مۆسیقا، دوای گه‌یشتنی به‌ شاری (پراگ) له ‌زانكۆی (كۆنسه‌رڤاتواری كارلۆڤۆ) وه‌رده‌گیرێت، هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نی له‌و كاته‌دا له‌چاو خوێندكاره‌كانی دیكه‌ به‌رزتربووه‌، زۆر خۆی ماندوو ده‌كات و تێده‌كۆشێ تا بڕوانامه‌ به‌پله‌ی نایاب له‌سه‌ر ئامێری (پیانۆ و فلووت) به‌ده‌ست دێنێ (پێش ساڵی 1955  له‌ ڕێی ڕادیۆوه‌ منیان ناسی زۆر منیان به‌شتێكی گه‌وره‌ ده‌زانی، به‌س خۆم خۆم نه‌ئه‌ناسی كه‌ من تا ئێستا له ‌ناحیه‌ی مۆسیقاوه‌ كه‌م ده‌زانم به‌ تایبه‌تی زانستی تیۆری مۆسیقا..! نه‌ته‌وه‌كه‌شم نرخێكی گه‌وه‌ریان دابوو به‌ من، زۆر به‌پێویستمزانی كه‌ بێمه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ فێربوونی مۆسیقا بۆ ئه‌وه‌ی رۆژێك بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ خزمه‌تی میلـله‌تی كورد و مۆسیقای كوردی به‌شێوه‌یه‌كی عیلمی و تیۆری، ڕۆژی (25/6/1962) گه‌یشتمه‌ پایته‌ختی (چیكۆسلۆڤاكیا) شاری پراگ، زه‌ماله‌م وه‌رگرتبوو بۆ خوێندن، ساڵێك له‌وێ مامه‌وه‌ بۆ فێربوونی زمانی چیكی، له‌و كاته‌شدا یارمه‌تییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی منیان دا له‌ كاتی دیراسه‌تی زمانی چیكی، پرۆفیسۆرێكیان بۆ من دانا هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك دووجار ئه‌هاته‌ لام ده‌رسی پیانۆی پێ ئه‌وتم، چونكه‌ من به‌نیازی ئه‌وه‌ چوومه‌ ئه‌كادیمیا بۆ ئه‌وه‌ی (تألیف_ كۆمپزیشن) بخوێنم، مۆسیقا بنووسیت ئه‌بێ سه‌ره‌تا ئامێری پیانۆ بزانیت، ساڵ ته‌واو بوو هاتم ده‌ستم كرد به‌ ده‌رسخوێندن، ماوه‌ی چوار ساڵ و نیوم پێچوو تیۆری و نه‌زه‌ریاتی مۆسیقا، مێژووی مۆسیقا، خوێندنه‌وه‌ی نۆته‌ به‌بێ ئاله‌تی مۆسیقا و گوێ تاقیكردنه‌وه‌، ئه‌مانه‌م خوێند، كاتێك خوێندنم ته‌واو كرد هیچ نیازێكم نه‌بوو له‌پراگ بمێنمه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ قه‌ده‌ر وایه‌، دوای ئینقلابی ڕه‌شی 1963 ده‌رفه‌تێكی كه‌می هێشته‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌..؟!) (19).

دوای ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان نائومێد ده‌بێت له ‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان، بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ لێره‌ ده‌رفه‌ت و توانا و ئیمكانیات زیاتر ڕه‌خساوه‌ بۆ خزمه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی، هونه‌رمه‌ند له‌ پڕاگه‌وه‌ به‌و په‌ڕی توانا و دڵسۆزییه‌وه‌ قۆڵی لێ هه‌ڵده‌ماڵێ و كاروچالاكی هونه‌ری ئه‌نجام ده‌دات و خزمه‌ت به‌ هونه‌ر ده‌كات.

توانا و به‌هره‌ و بلیمه‌تی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان زیاتر ده‌دروشێته‌وه‌ و سوود له ‌تواناكانی وه‌رده‌گیرێت و ده‌بێته‌ ئه‌ندامی (تیپی ئۆركێسترای سیمفۆنیای چیكۆسلۆڤاكیا)، به ‌مه‌به‌ستی باشتركردنی بژێوی ژیانی ماوه‌ی (20) ساڵ له ‌ڕادیۆی پراگ به‌شی عه‌ره‌بی كار ده‌كات، له‌هه‌مانكاتیشدا خۆی سه‌رقاڵی نووسینی چیرۆكی منداڵان ده‌كات، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند له‌و بواره‌شدا خاوه‌نی خامه‌یه‌كی جوان بووه‌، له ‌په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌ ڕۆژنامه‌ی (ژین) له ‌لاپه‌ڕه‌ی هونه‌رییدا ستوونێكی تایبه‌ت به‌هونه‌ری مۆسیقای كوردی هه‌بووه‌، له‌ ئه‌وروپاش زۆر بابه‌تی هونه‌ری له‌ گۆڤاری (كوردستان)دا بڵاو كردۆته‌وه‌، گۆڤاری ناوبراو له‌لایه‌ن (كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد) له ‌ئه‌وروپا ده‌رچووه‌.

ده‌رباره‌ی چوونی بۆ ڕادیۆ و ئه‌و كارانه‌ی ئه‌نجامی داون له‌و ماوه‌یه‌دا، قادر دیلان ده‌ڵێت (هه‌ژاری ته‌نگی پێهه‌ڵچنیبووم ..! له‌لایه‌كی تره‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا ئیستگه‌ی ڕادیۆ، تیپه‌ موزیكییه‌كانی چیكۆسلۆڤاكی و تیپی ئۆركێسترای كلاسیكی چیكۆسلۆڤاكی له‌خۆگرتبوو، منیش به ‌ئامۆژگاری هه‌ندێك له‌و دۆست و براده‌رانه له‌م ئیستگه‌یه‌ دامه‌زرام، به‌بوونی ئه‌و دۆستانه‌ ده‌توانم به‌شێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانم له‌ ڕێگای ئه‌وانه‌وه‌ تۆمار بكه‌م  هه‌رواش بوو، ئه‌وان هه‌ندێك شتی بچووكیان بۆ تۆماركردم له‌وانه: سروودی (ده‌می ڕاپه‌ڕین)، (سیمفۆنیای مناڵان) و (كاروان سه‌را) و...تاد. ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ به‌ (تیپی ئۆركێسترای سیمفۆنیای چیكۆسلۆڤاكیا) تۆماركران، بێجگه‌ له‌مانه‌ش به‌رهه‌مه‌كانی قه‌وانه‌كه‌ (تیپی ڕۆكی چیكی) ڕۆڵی سه‌ره‌كیان بینی له ‌ئاماده‌كردن و تۆماركردنیدا هه‌ر به‌ هاوكاری ئه‌وان تۆمار كرا) (20).

هونه‌رمه‌ند له ‌دووره‌ وڵاتی و دوور له‌زێد و هاوڕێیان و كه‌سوكاره‌كه‌ی به‌ ڕۆحیه‌تێكی زۆر به‌رز و به ‌دڵێكی خه‌مگینه‌وه‌ ئاھ و ناڵه‌ و حه‌سه‌ره‌تی خۆی به‌رامبه‌ر نیشتمانه‌كه‌ی ده‌ربڕیوه‌ و له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا ژیاوه‌.

له‌و كارانه‌ی كه ‌خۆم لێی ڕازیم، دوای كاره‌ساتی (1974) و بارودۆخی كوردستان زۆر خراپ بوو، پارچه‌یه‌ك مۆسیقام نووسی به‌ناوی (فه‌نتازیای سیمفۆنی) به ‌شانازییه‌وه‌ ئه‌توانم بڵێم سروودی نیشتمانی كوردی بخه‌مه‌ سه‌ر شێوه‌ی سیمفۆنی ئه‌ویش سروودی (ده‌می ڕاپه‌ڕین)م كرد به‌شێوه‌یه‌كی سیمفۆنی، ئه‌و سرووده‌ سیمفۆنییه‌ له ‌یه‌ك ڕۆژدا له ‌چیك ناردییان بۆ چوار ڕادیۆ، گۆرانییه‌كانی سه‌ر قه‌وان بریتی بوون له‌  گۆرانی (باران بارانه‌) له ‌ڕادیۆی پراگ به‌دوو ده‌نگ تۆمار كراوه‌ هه‌ردوو ده‌نگه‌كه‌ خۆمم، گۆرانی دووه‌م (قژكاڵی لێوئاڵی) بوو، پاش ماوه‌یه‌كی تر گۆرانی (ڕوومه‌تی وه‌ك گوڵی) تۆمار كرا (21).

هونه‌رمه‌ند قادر دیلان ماوه‌ی نیو سه‌ده ‌بێوچان تێكۆشا و خزمه‌تی به ‌هونه‌ری مۆسیقا و هونه‌ری مۆسیقا و ئاوازی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كرد، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بوو كه‌ خه‌می هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی له ‌كۆڵ نابوو، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین به‌رهه‌می تۆمار كرد و كه‌وته‌ به‌ر هه‌ست و گوێی هونه‌ردۆست و هه‌وادارانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، ڕۆژنامه‌نووس (سامان قه‌ره‌چوغی) كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی بلیمه‌ت و داهێنه‌ر قادر دیلانی پۆلێن كردووه‌ به‌و شێوه‌یه‌:

 ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لە کارە دیار و بەرچاوەکانی دیلانی نه‌مر:-

1/  چەند گۆرانییەکی لە ئێزگەی بەغدا تۆمار کردبوو لەوانە (ئاوازی سکاڵا، گەلاوێژ، مەولەوی، ڕاز و فریشتە .

2/ لە ساڵی (1976) چەند گۆرانایەکی تر لەسەر

(قەوان) ئیستیوانە تۆمار دەکات لەوانە (باران بارانە، جوانی بێ ناو).

3/ کاسێتێکی گۆرانی لەگەڵ گۆرانیبێژ (ڕزگار ڕه‌نجه‌ڕۆ) کە ئەو کاتە ڕزگار ناوی لە خۆی ناوە (گۆران) لە گۆرانییەکانی ئەو کاسێتە (سیمفۆنیای ھێمنای کوردی، لاوانەوە بۆ ھەڵەبجە ( ئاواز و هه‌لبه‌ست و گوتنی قادر دیلان)، کەی تۆم دیوە (هه‌ڵبه‌ستی گۆران)، فریشتە، سیمفۆنیای فانتازی (ئاوازی قادر دیلان)، ڕاستەی خیابان، قژکاڵی لێوئاڵی، ئەمڕۆژە ڕۆژی نەورۆزە، قاسپەقاسپی کەوان، ئەژدھاک، ھەڵپەڕکێی مناڵ، کورد و باخ، سەمفۆنیا بۆ گیانی بێکەس، دەمی ڕاپەڕین و بەری بەیانە) ئەمە ھەندێکیان تەنیا کورتە مۆسیقایە کە دیلان خۆی دایناوە جگە لەمەش گۆرانییەکان لە ماوەدا زۆر کورت و پڕ مانان.

4/ کۆنسێرتی ڕادیۆی (پەنجەرە) لەگەڵ ھونەرمەند (خالید ڕەشید).

5/  لە ھەمانکاتدا مۆسیقای بۆ فیلمێکی یۆنانی و فیلمێکی عەرەبی داناوە جگە لەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە (20) ساڵ مۆسیقای بۆ کارەکانی ڕادیۆی پراگ داناوە کە ئێستا ھەموو لە ئەرشیفی ئەم ڕادیۆیە دەست دەکەوێت .

بە داخەوە تەمەن بواری نەدا دیلانی نەمر بەردەوام بێت لەسەر کارە نایابەکانی، چونکە یەکێ لە پرۆژەکانی کە زۆر گرنگ بوو نەیتوانی تەواوی بکات ئەویش (مارشێک) بوو کە ھەر بەنیاز بوو لەگەڵ (ڕزگار رەنجەڕۆ) کاری تیا بکات وەک کۆڕال ئەویش سروودێکی مامۆستای شیووعی و نیشتمانپەروەر (عەبدولواحید نووری) بوو (22).

هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له‌ غوربه‌ت و ژیانی ئاواره‌ییدا، ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێ و ده‌بێته‌ خاوه‌نی كوڕ و كچێك، كوڕه‌كه‌ی به‌ ناوی (ئارام) ژه‌نیاری ئامێری (بێزگیتار)ـه‌ له‌ یه‌كێك له ‌تیپه‌ مۆسیقیه ناوداره‌كانی چیك كاری هونه‌ری ده‌كات، كچه‌كه‌شی ناوی (بارووتكه‌)یه.

هونه‌رمه‌ند قادر دیلان یه‌كێك بووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی (كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد) له‌ ئه‌وروپا و  له‌ساڵی (1997) له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌هه‌مان ساڵدا (1997) نه‌شته‌رگه‌ری گه‌ده‌ی بۆ ده‌كرێت، به‌داخه‌وه‌ دوای ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ ڕۆژبه‌ڕۆژ باری ته‌ندروستی به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات و هێز و توانای وه‌ك جاران نامێنێ و نه‌خۆشیی ته‌نگی پێ هه‌ڵئه‌چنێ، به‌داخه‌وه‌ دوای نزیكه‌ی (37) ساڵ دووره‌ وڵاتی له ‌ڕێكه‌وتی (18/3/1999)  له ‌ته‌مه‌نی (71) ساڵید به‌ نه‌خۆشی (شێرپه‌نجه‌) گیانی پاكی سپارد و بۆ هه‌میشه‌ دوور له ‌كوردستان چاوه‌كانی لێك نا، دوای (6) ڕۆژ له ‌كۆچكردنی به‌ئاماده‌بوونی كه‌سوكار و هونه‌رمه‌ندان و هاوڕێیانی له‌ مه‌راسیمێكی شایسته‌دا له‌یه‌كێك له‌ گۆڕستانه‌كانی شاری پراگ به‌خاك ده‌سپێردرێ.

پێنج ساڵ به‌رله‌وه‌ی كۆچی دوایی بكات، هونه‌رمه‌ند قادر دیلان ده‌ڵێت (من كانییه‌ك بووم له ‌سلێمانی هه‌ڵقوڵام و له‌ هه‌نده‌ران وشكم كرد، ئه‌گه‌ر مردم لێره‌م مه‌هێڵنه‌وه‌ و بمبه‌نه‌وه‌ بۆ كوردستان) (23).

قادر دیلان ئه‌وه‌نده‌ تامه‌زرۆی بینینه‌وه‌ی كوردستان بووه‌، ئه‌گه‌ر مردیش ته‌رمه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ ئامێزی خاكی زێده‌كه‌ی، دوا ڕاسپارده‌ی بۆ هونه‌رمه‌ند (د. ڕزگار ڕه‌نجه‌ڕۆ) ئه‌وه‌ بووه‌ (ئه‌وه‌ 30 ساڵی ڕه‌به‌قه‌ دوور له ‌وڵاته‌كه‌م ده‌ژیم، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر مردم بمبه‌نه‌وه‌ وڵات، هه‌ر هیچ نه‌بێت خۆڵه‌مێشه‌كه‌م بگه‌یه‌ننه‌وه‌ كوردستان و قه‌ت له‌ چاكه‌تان ده‌رناچم) (24).

ته‌رمی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان بۆ ماوه‌ی (8) ساڵ و (8) مانگ گۆڕ غه‌ریب ده‌بێت، دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ ڕاسپارده‌كه‌ی دێته‌ دی و له ‌ڕێكه‌وتی (20/11/2007) به ‌هه‌وڵ و خه‌مخۆران و دڵسۆزانی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ته‌رمی پیرۆزی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كوردستان و له ‌ئامێزی خاكی پیرۆزی سلێمانیدا ئه‌سپه‌رده ده‌كرێت.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی هونه‌رمه‌ندی بلیمه‌ت و داهێنه‌ر و پێشه‌نگی زیندووكردنه‌وه‌ی ئاواز و گۆرانی ڕه‌سه‌نی كوردی قادر دیلان و یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌میشه‌ به‌رزو پڕ شكۆ بێت.

جه‌مالی ده‌لاك  15/4/2024 هه‌ولێر .

سه‌رچاوه‌:

چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند قادر دیلان دا ( فكره‌ت عیزه‌ت) گۆڤاری به‌یان ژماره‌( 57) تشرینی یه‌كه‌م 1979، لاپه‌ڕه ‌(52).

(2 و 6  و10  و 14 )به‌رنامه‌ی شانشین، كه‌ناڵی ئاسمانی (Medya TV) (به‌رزان شاسوار) له ‌ڕێكه‌وتی (20/9/1999).

(3 و 12 و 17 و 20 و 24) چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد (قادر دیلان)،  ئاماده‌كردنی (كاكه‌سوور – هۆڵه‌ندا) گۆڤاری (چلاواز)  ژماره‌ (21 و 22) كانوونی دوه‌می (2008) لاپه‌ڕه‌ (28).

(4) كتێبی (ولیه‌م یوحه‌ننا) ژیان و كاری هونه‌ریی، (شنه‌ عه‌بدوڵا محه‌مه‌د) لاپه‌ڕه‌ (36).

(5) كتێبی ئێزگه‌، نووسینی (باكوری)، لاپه‌ڕه‌ (64).

(7 و 13) قادر دیلان، كتێبی گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان، به‌شی دووه‌م، دانانی باكوری، لاپه‌ڕه‌ (116).

(8 و 9 و 19 و 21 و 23) به‌ڵگه‌ فیلمی دیكۆمێنه‌ته‌ری (قادر دیلان) تۆماركردن و ئاماده‌كردنی (سیروان ڕه‌حیم) ساڵی (1994) به‌رهه‌می ساڵی (2023)ی كه‌ناڵی ڕووداو (یوتووب).

(11) تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی چۆن دامه‌زرا؟ ئاماده‌كردن (سیروان محه‌مه‌د) به‌شی یه‌كه‌م، گۆڤاری سلێمانی، ژماره‌ (40) تشرینی دووه‌م (2003)، لاپه‌ڕه ‌(32).

(15) دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (نه‌جاتی عه‌بده‌) كوردانی یۆتۆبۆری/ سوید 16/1/2019، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك.

(16) كتێبی ئه‌و ڕۆژانه‌ی به‌سه‌رچوون، نووسینی مارف ناسراو، سلێمانی 2021، لاپه‌ڕه‌ (82).

(18)  هه‌ڵبه‌ست دیلان، تۆڕی كۆمه‌لایه‌تی فه‌یسبووك له‌ (19/3/2024).

(22) قادر دیلان ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی هونه‌ری كوردی و شیوعییه‌كی داهێنه‌ر بوو، نووسه‌ر (سامان قه‌ره‌چووغی)، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك واڵی ڕۆژنامه‌نووس (سامان قه‌ره‌چووغی).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.