وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا ریكلامكردن بۆ شیر و تەواوكەرە خۆراكییەكان لە هەموو نەخۆشخانەكان قەدەغە بكات و هەر پزیشك و كارمەندێكیش پێچەوانەی ئەم كارە بكات توندترین سزا دەدرێت كە سزاكەی رەنگە ببێتە كۆتییهێنان بە راژەكەی.
فەرمانەكە لەلایەن د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی دەرچووە و لەپێناو بایەخدان بە خزمەتگوزاری چاودێری سەرەتایی تەندروستی بە تایبەت چاودێری دایكایەتی و منداڵان دەركراوە بۆ ڕێكخستنی كاری كۆمپانیاكان كە ریكلام بۆ شیر و تەواوكەری خۆراكی تایبەت بە منداڵاانی تەمەن 1 تا 10 ساڵ دەكەن.
فەرمانەكە لە 8 خاڵی سەرەكی پێكهاتووە كە ئەمانەی خوارەوەن:-
1- پێویستە لەسەر کارمەندانی نەخۆشخانەکانی لەدایکبوون و سەنتەرەکانی کوتانی منداڵان ڕێنمایی دایکان بکەن تاوەکو شیری دایک بدەن بە کۆرپەکانیان .
2- بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە کە هیچ جۆرە شیرێک یان تەواوکەری خۆراکی لە نەخۆشخانەکانی لەدایکبوون و بنکە تەندروستییەکان و سەنتەرەکانی کوتانی منداڵان بدرێ بە هاووڵاتییان .
3- بوونی (مروج)ی کۆمپانیاکان لە نەخۆشخانەکانی حکوومی و ناحکوومی، سەنتەرەکانی کوتانی منداڵان و هەر دامودەزگایەکی تەندروستی و ریکلامکردن بۆ شیر یان تەواوکەری خۆراکی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە .
4- هەر پزیشکیک و کارمەندێکی تەندروستی و فەرمانبەرێک ریکلام بۆ هەر کۆمپانیایەک بکات رێکاری یاسایی توندی بەرامبەر بگیرێتە بەر بە سزادان و گواستنەوەی لەو شوێنە .
5- هەر خۆبەخشێک کار لەگەڵ کۆمپانیای شیر یان تەواوکەری خۆراکی بکات کۆتایی بە ڕاژەکەی بهیێنرێ و ڕیکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.
6- بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە شیر و تەواوکەری خۆراکی منداڵان لە کافتریای نەخۆشخانەکان بفرۆشرێت و ریکلام بۆ هەر کۆمپانیایەک بکرێت، لە کاتی سەرپێچیشدا جگە لە ڕێکاری یاسایی کۆتایی بە گرێبەستەکەی بهێنرێت.
7- هەر چالاکییەکی زانستی لەلایەن کۆمپانیاکانی شیر و تەواوکەری خۆراکی منداڵان ڕێک دەخرێت، پێویسە رەزامەندی پێشوەختەی لە وەزارەتی تەندروستی بەشی چاودێری خۆراک وەربگیرێت و نابێت هیچ فەرمانبەرێکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی بەشداری لەم چالاکییانە بکات، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی توندیان بەرامبەریان دەگیرێتە بەر .
7- بەرێوەبەری نەخۆشخانە و لێپرسراوی کارگێری نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان بەرپرسن بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی توند لە بەرامبەریان دەگیرێتە بەر .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.