Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 16:36

چواره‌مین خولی ڤێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەده‌چێت

کوردستان TV
100%


 چواره‌مین خولی ڤێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” له ڕۆژانی 18 تا 22ی ئه‌یلوولی 2024 لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

چواره‌مین خوولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” MKFF  بە سه‌رۆکایه‌تی “کەرەم گەردەن زەری” Kerem Gerdenzeri ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri – “ئینا تێدژۆڤا” Inna Tedzhoeva، به مه‌به‌ستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ، مێژوو و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانه‌وانی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوه ڕه‌سه‌نه، بە نمایشی کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م له به‌شی پێشبڕکێی فیلمه بڵینده سینەماییه‌کان، به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم، به‌شی پێشبڕکێی کورتە فیلم، به‌شی “شه‌ویی سینه‌مای کوردی”، به‌شی “نمایشی باشترین فیلمه‌کانی ڕووسیا‌” و پێشانگای که‌لتووریی و هونه‌ریی له ڕۆژانی 18 تا 22ی ئه‌یلوولی (سیپته‌مبه‌ری) 2024 لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.

به‌رپرسانی چواره‌مین خوولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، داوا له هه‌موو ئه‌و‌ فیلمسازانه ده‌که‌ن که فیلمیان سه‌باره‌ت به کورده‌کان و یا به ناوه‌رۆکی کورده‌کان ساز کردووه؛ تاکوو به‌رهه‌مه بڵینده سینه‌ماییه‌کان، بەڵگەفیلم و کورتە فیلمه‌کانی خۆیان بۆ به‌شداری له به‌شی پێشبڕکێی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه ‌له ڕێگای ماڵپه‌ڕی “فیلم فریوه‌ی” به ناونیشانی https://filmfreeway.com/MoscowKurdishFilmFestival  بنێرن و ڕۆژی 10ی حوزه‌یرانی (ژوئه‌نی) 2024دوایین مۆڵه‌تی ناردنی به‌رهه‌مه‌کان دیاریی کراوه.

خەڵاتی “هەتاوی زێڕین” ستایلێکی کریستاڵ، به هێمای هەتاوی زێڕینه و ئه‌م خەڵاته گرینگه له پێنج به‌شدا، له‌وانه؛ باشترین فیلمی بڵیندی سینەمایی، باشترین بەڵگەفیلمی بڵیند، باشترین کورتە فیلمی چیرۆکی، باشترین بەڵگەفیلمی کورت و هەروەها خەڵاتی “هاوبه‌شی له سینه‌مای کوردی”دا به براوه‌کان پێشکەش دەکرێت.

بەرپرسانی چواره‌مین خوولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: “ئه‌م فێستیڤاڵه، له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا بۆته ڕووداوێکی باوه‌ڕپێکراو و خۆشه‌ویست له لایه‌ن هۆگرانی هونه‌ریی سینه‌ما. به تایبه‌ت جێگای خۆشحاڵییه که نه ته‌نیا کوردانی تاراگه و نیشته‌جێی وڵاتی ڕووسیا بوونه‌ته هۆگریی فێستیڤاڵه‌که‌؛ به‌ڵکوو ساڵی پار، سه‌رنجی زۆریی له لایه‌ن پیشه‌گه‌ڕانی سینه‌ما و هه‌روه‌ها بینه‌رانی ڕووسیاوه بۆلای خۆی ڕاکێشا. و هه‌ر ئه‌وه گرینگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌ که ئێمه له ئێستادا سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی کارێکی گرینگ و زۆر پێویستین. له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی فێستیڤاڵ، پلانێکمان داڕشت که بینه‌ران نه ته‌نیا له‌گه‌ڵ سینه‌ما، به‌ڵکوو به شێوه‌ی گشتیی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ند و جیاوازیی کورده‌کان ئاشنا بکه‌ین. له ساڵی 2023 توانیمان پێشانگایه‌ک له هونه‌ری هاوچه‌رخی کوردیی به‌ڕێوه‌به‌رین و ئه‌مساڵیش هیوادارین که ئه‌م ڕێگایه درێژه پێبده‌ین و بێجگه له سینه‌ما و شێوه‌کاری، مۆسیقا، هه‌ڵپه‌ڕکێی، ئه‌ده‌بیات و ته‌نانه‌ت خواردنی زۆر خۆشیی کورده‌واریش پێشکه‌ش بکه‌ین.”

لە درێژه‌ی ئه‌م ڕاگەیێندراوه ڕۆژنامەوانییه‌دا هاتووه: “ساڵی پار، فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، ته‌رکیزی خستبووه سه‌ر سینه‌مای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌و مێژوو و دابوونه‌ریته ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی که هه‌یه‌‌تی. ئه‌مساڵیش به شێوه‌ی گشتیی ته‌رکیزمان خستۆته‌ سه‌ر ئاخاوتن و وتووێژیی نێوان که‌لتووریی و هاوکاریی له‌گه‌ڵ سینه‌مای ڕووسیا. کوردەکان یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی جیهانن، هەر بەم پێیە مێژوویەکی دەوڵەمەند و فەرهەنگێکی جیاواز و جۆراوجۆریان هەیە که هەمووی ئەم تایبەتمەندییه جوانانە لە سینەمای هاوچەرخی کوردیدا خۆی دەرخستووە. فیلمه‌کانی فێستیڤاڵی کوردی “مۆسکۆ”، بینه‌رانی خۆی ئاوێته‌ی جوانناسی و به‌‌هێزبوونی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تی، دابوونه‌ریت و که‌له‌پووریی ئایینی و هه‌روه‌ها دیارده کۆمه‌ڵایه‌تیی و که‌لتووریی خه‌ڵکانی کورد ده‌کات که به‌ڕاستی خه‌زێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی سینه‌مای ڕۆژهه‌ڵاتن.
مه‌نسوور جیهانی 

بۆ زانیاری زیاتر:
www.moscowkff.ru
ژێده‌ر - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی چواره‌مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ.

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.