لە سنووری پەروەردەی بەردەڕەش، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، 13 قوتابخانەی نوێ دروست كراون و 70 قوتابخانەش نۆژەن كراونەتەوە.
مەهدی خەلیل ئەمین، بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: "بە گوژمەی 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار، 13 قوتابخانەی نوێ دروست کراون و 70 قوتابخانەش نۆژەن کراونەتەوە و پۆلیان بۆ زیاد کراوە".
مامۆستایەکی سنووری پەروەردەی بەردەڕەش لەم بارەیەوە دەڵێت: "زۆر دڵخۆشین بە دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە بۆ قوتابییەکانمان؛ سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین؛ مامۆستا و قوتابییەکان زۆر دڵخۆشن بە دروستکردنی ئەم قوتابخانە نوێیە".
قوتابییەک لەم بارەیەوە دەڵیت: "دڵخۆشین بە هاتنمان بۆ ئەم قوتابخانە نوێیە. پێشتر لە قوتابخانەیەکی کۆندا بووین؛ لە کاتی بارانبارین دڵۆپەی دەکرد و مەترسیی ڕووخانی هەبوو. سوپاسی حکومەتی هەرێم دەکەین بۆ دروستکردنی ئەم قوتابخانە نوێیە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو دابینکردنی کەشێکی لەبار بۆ پرۆسەی فێرکردن و پەروەردە، 3 دەوامی لە قوتابخانەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە. لە دروستکردن و بونیادنانی باڵەخانەی نوێی قوتابخانەکانیش بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.