Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 06:59

نێچیرڤان بارزانی: له‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دواى ڕوفاتى شه‌هيداندا و گێڕانه‌وه‌يان بۆ باوه‌شى نيشتمان به‌رده‌وام ده‌بين

کوردستان TV
100%


نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌ ساڵیادی جینۆسایدی ئه‌نفال بڵاوكرده‌وه‌.


له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ يادى خه‌مگينى سى و شه‌ش ساڵه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفال و زياتر له‌ 182 هه‌زار منداڵ و ئافره‌ت و پياو و گه‌نجى ئه‌نفالكراوى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌ يه‌كێك له‌ سامناكترين تاوان و جينۆسايدى مێژوودا ساڵى 1988 له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمى ئه‌وساى به‌غدا شه‌هيد كران و لێكه‌وته‌كانى تا ئێستا و تا داهاتوويه‌كى درێژ، به‌رده‌وام ده‌بن. له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و شكۆدارييه‌وه‌ به‌ بيريان ده‌هێنينه‌وه‌ و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين.

نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێ، له‌ كاتێكدا دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق ئه‌م تاوانه‌ى به‌ جينۆسايد ناساندووه‌، داواكاريمان له‌ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ بۆ به‌جێگه‌ياندنى دادوه‌رى، ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و قوربانييان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ و قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ خزمه‌تكردنى باشترى كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌ و هه‌رچى له‌ توانادا بێت، ده‌بێ درێخييان بۆ نه‌كرێت.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، كه‌سوكارى ئازيزى ئه‌نفالكراوان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تا كۆتايى له‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دواى ڕوفاتى شه‌هيداندا و گێڕانه‌وه‌يان بۆ باوه‌شى نيشتمان به‌رده‌وام ده‌بين. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ كار و هه‌وڵى هه‌مه‌لايه‌نه‌مان ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ ئه‌وى تاوانى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش به‌ جينۆسايد بناسرێت و هه‌رگيز تاوانێكى وا له‌ هيچ شوێنێكى جيهان دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێ، له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى ته‌واوى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ مه‌رجى پاراستن و مانه‌وه‌ى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستانه‌. يادى شه‌هيدان هه‌ميشه‌ به‌ خێر و دروود له‌ گيانى پاكيان، سڵاو له‌ خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.