پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كرد كە ئەو كەسەی ئەمڕۆ لە سەیدسادق برایەكی خۆی كوشتبوو، خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد.
پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردەوە: دوای ئەوەی لەلایەن نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە کە کەسێک بەفیشەک بریندار کراوە و گەیەنراوەتەوە نەخۆشخانەکەیان، دەستبەجێ هێزەکانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستی پێ کرد.
بڵاویشی كردەوە: دواتر بریندارەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بکوژەکە دەرکرد.
هەروەها بڵاوی كردەوە: سەرەنجام بکوژ خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد و لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی سەیدسادقەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 ڕاگیراوە.
جەختیشی كردەوە كە لە لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار (ب، ع) هۆکاری تاوانەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لە سەیدسادق دەمەقاڵێ لەنێوان دوو برا دروست بوو، لە ئەنجامدا برایەكیان بە چەكی ئێم فۆڕ چەند گولەیەكی بە براكەی ترییەوە ناوە بەناوی وریا عەبدوڵا، لە كاتی گواستنەوەشی بۆ نەخۆشخانە برا بریندارەكە گیانی لەدەست دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.