Erbil 15°C چوارشەممە 01 ئایار 17:37

21 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا تێپەڕی

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ 9-4-2024، 21ەمین ساڵیادی رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراقە، کە چه‌ندین تاوانی دژە مرۆڤایەتی و جەنگی دژی گەلی کوردستان ئەنجام دا.

ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی عێراق لە رژێمی بەعس، لەلایەن وڵاتانی ھاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رۆژی 20ی3ی2003 دەستی پێکرد.

ئەمریکا بۆ شەڕی رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لەگەڵ 49 وڵات هاوپەیمانییەکی دروست کرد، بەڵام سەدا 98ـی هێزەکانی هاوپەیمانییەکە لە هێزی ئەمریکی و بەریتانی پێکدەهات.

ژمارەی گشتیی سەربازانی هاوپەیمانان بریتی بوو لە 300 هەزار و 884 سەرباز، 250 هەزار سەربازی ئەمریکی و 45 هەزار سەربازی بەریتانی و سێ هه‌زار و 500 سەربازی کۆریای باشوور و دوو هەزار سه‌بازی‌ ئوسترالی و 200 سه‌ربازی‌ دانیمارکی و  184 سه‌ربازی‌ پۆڵەندی، هەروەها 10 وڵاتی تر بە ژمارەیەکی کەمی سەرباز بەشدارییان کرد.

رژێمی بەعسی عێراق، کە سەدام حوسێن سەرۆکایەتیی دەکرد، لە ساڵی 1968ـەوە بەشێوەیەکی دیکتاتۆرییانە تاوەکو ساڵی 2003 حوکمڕانیی عێراقی کرد.

هێزەکانی هاوپەیمانان لە رۆژی 20-3-2003ـەوە لە باشووری عێراقەوە بەرەو شاری بەغدا پێشڕەوییان کرد و لەماوەی چەند رۆژێکدا، زۆربەی شارەکانی باشووری عێراق رزگار کرانەوە.

رۆژی 3ی4ی2003، هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری بەغدا کرد و لە رۆژی 9ی4ی2003 شارەکەیان رزگار کرد و پەیکەری سەدام حوسێن‌یان لە گۆڕەپانی فیرەوس لە بەغدا، شکاند و هێنا خوارەوە و ئەمریکا کۆتایی هاتنی رژێمی بەعسی راگەیاند.

رۆژێک دواتر، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە پشتیوانیی هاوپەیمانان، شاری کەرکووک‌یان رزگار کرد و کۆتاییان بە داگیرکاریی بەعس لەو شارەی کوردستان هێنا.

لە ماوەی نێوان 20-3-2003 تاوەکو 1-5-2003، هاوپەیمانان، کە پێشمەرگە بەشێک بوو لە هێزەکانی، هەموو خاکی عێراقیان رزگار کردەوە و کۆتاییان بە زەبروزەنگی رژێمی بەعس هێنا.

بەعس، کە لە ساڵی 1968 تاوەکو 1991 حوکمڕانیی کوردستانی کرد، سیاسەتی سوتماککردنی کوردستانی پەیڕەو کرد و وێڕای ئەنفالکردن 182 هەزار هاووڵاتیی کورد، ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی، شەهیدکردنی پێنج هەزار هاووڵاتیی هەڵەبجە بە گازی کیمیاوی، نزیکەی پێنج هەزار گوندی  کوردستانیشی وێران کرد.

دوای خۆشاردنەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێک، رۆژی 6ی12ی2003، سەدام حوسێن‌ی سەرۆکی ڕژێمی بەعس لە چاڵێکدا لە باخچەیەکی سنووری شاری تکریت دەستگیر کرا و دوای دادگایی کردنی، لە رۆژی 5ی11ی2006 دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

سەدام حوسێن لە رۆژی 30ی12ی2006 لە شاری بەغدا لە سێدارە درا.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.