Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 21:06

ئاگره‌كه‌ی بازاڕی له‌نگه‌ی هه‌ولێر كۆنتڕۆڵكرا

کوردستان TV
100%

لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ، دوو جار ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر کەوتەوە و بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە دوکانەکان سووتان و زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ دووشه‌م 8ی4ی2024، جارێکی دیکە ئاگر لە چەند دوکانێکی بازاڕی لەنگە کەوتەوە کە زیان بە نزیکەی 50 دوکان گەیشتووە و لەماوەی نزیکەی دوو کاتژمێردا، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانییان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێریش نیگەرانی خۆی دەردەربڕێت لەھەمبەر کەمتەرخەمی دوکاندارەکان.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەولێر، کاروان میراودەلی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی:دوای پەنجا ڕۆژ لە ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە، ئەمڕۆ بەیانی بەھەمانشێوە ئاگرێکی دیکە لەم شوێنە کەوتووەتەوە کە کاتژمێر 6:43 خولەک لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی بازاڕەکە پەیوەندی بە ژووری کۆنتڕۆڵکراوە و تیمەکان ئاگادارکراونەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە تیمەکانی ئێمە بەرەو شوێنەکە بەڕێکەوتوون، بەڵام بەر لە گەیشتنی تیمەکانمان دوکاندارەکان ھەوڵیانداوە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە.

کاروان میراودەلی گوتیشی: بەڵام دوای کاتژمێرێک و چوار خوولەک، واتا کاتژمێر 7:47 خوولەک دووبارە ھەمان کەس پەیوەندی دەکاتەوە کە ئاگرێکی دیکە ھەیە لە بازاڕی لەنگە، (ئینجا دیارنیە ھەمان ئاگربووە یان لە شوێنێکی دیکە ئاگر کەوتبووەوە)، بۆ ئەم مەبەستە سێ تیممان ھاتوونەتە شوێنەکە و دواتر ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و ژمارەی ھێزەکانی مرۆییامان زیادکرد و لە ڕێگای 17 تیمەوە ھەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەماندا و لەماوەی کاتژمێرێک و بیست خوولەک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا.

لەبارەی ھۆکار و زیانەکانی ئەم ڕووداوەش، کاروان میراودەلی گوتی: "ھۆکارەکەی دیارنیە و، خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام ژمارەیەکی زۆر زیانی ماددی ھەیە، لەم بازاڕە بەداخەوە کێشەی ھونەری و نەبوونی دڵنیایی ھەبووە، سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی تیادا نەبووە، ئەگەر بەم شێوەیە بێت ئەوا ڕەنگە ئاگری دیکە سەرھەڵبداتەوە چونکە بەشێک پەیوەندی بە زێدەڕۆیی دوکاندارانەوە ھەیە کە کەلوپەلەکانییان ھێناوەتە بەردەم دوکانەکانییان و ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ زووگڕگرتن و گواستنەوەی ئاگر بۆ دوکانەکانی دیکە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.