وەزارەتی پەروەردەی عێراق ماتەمینی راگەیاند بەهۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەك قوتابی لە رووداوێكی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای بەسڕە.
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم بارهەڵگرێكی بەڕاد لە ناوچەی هاریسە لە باكوری پارێزگەی بەسڕە كۆنتڕۆلی لەدەست دا و چووە نێو قوتابییان كاتێك لە قوتابخانە دەهاتنە دەرەوە.
لە ئەنجامی رووداوەكە 6 قوتابی گیانیان لەدەست دا و 10ی دیكەش بریندار بوون.
ئیبراهیم ئەلجبووری وەزیری پەروەردەی عێراق بەهۆی كارەساتەكە ماتەمینی راگەیاند و فەرمانیشی كرد رێوشوێنی پارێزگاری زیاتر لەبەردەم قوتابخانەكان بۆ قوتابییان لە تەواوی عێراق جێبەجێ بكرێت.
هەر لەسەر رووداوەكە، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە بڕیاری دابوو سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە پارێزگاكەیان ئەنجام بدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش دوای دەستگیركردنی شوفێری بارهەڵگرەكە، رایگەیاندبوو كە لە دانپێدانی شوفێرەكەدا دەركەوتووە بارهەڵگرەكە ئیستۆپی نەماوە و بەهۆیەوە كۆنتڕۆلی لەدەستداوە و خۆی كێشاوە بە قوتابییەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.