Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 09:01

ئیسڕائیل: ئەو باڵەخانەیەی ئەمڕۆ لە دیمەشق بۆردومان كرا بارەگای سوپای پاسدارانی ئێران بووە

کوردستان TV
100%

بەرپرسانی ئیسڕائیلی ئاشكرایان كردووە كە ئەو باڵەخانەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆردومان كراوە، بارەگای سوپای پاسدارانی ئێران بووە.

رۆژنامەی (نیۆیۆڕك تایمز) لەسەر زاری بەرپرسانی ئیسڕائیلی گواستوویەتییەوە: ئەو باڵەخانەیەی لە دیمەشق بۆردومان كراوە بارەگای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بووە نەك باڵیۆزخانەی ئێران و نووسینگەیەكی دیپلۆماسی.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆردومان كرا.

لە بۆردومانەكەدا 5 فەرماندە و بەرپرسی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كوژران كە لە كاتی بۆردومانەكەدا لەنێو باڵەخانەدا بوون.

لەبارەی ژمارەی كوژراوەكان، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندكە دوو عەمیدی سەربازی و 5 ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران لە بۆردومانەكەدا كوژراون.

یەكێك لە كوژراوەكان محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا و لبنان بووە لەگەڵ راوێژكار و بەڕێوەبەری نووسینگەكەی بەناوی محەمەد حاجی رەحیمی.

سەبارەت بە هۆكاری ئامادەبوونی ئەم هەموو فەرماندەیەی سوپای پاسداران لەنێو باڵیۆزخانەی ئێران لە كاتی بۆردومانەكەدا، حوسێن ئەكبەڕی باڵیۆزی ئێران لە سووریا رایگەیاند كە ئەوان بەفەرمی مێوانی باڵیۆزخانەكەیان بوون.

جەختیشی كردبووەوە كە بە گشتی لە ئەنجامی بۆردومانەكەدا 7 كەس كوژراون و لەنێویاندا 3 فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەن لە سەرووی هەموویانەوە محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا و لبنان.

لای خۆشییەوە فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا سەرەڕای سەركۆنەكردنی بۆردومانەكە، راستەوخۆ تۆمەتی بۆردومانەكەی بۆ ئیسڕائیل درێژ كرد. 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.