Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 22:01

تەقینەوەیەک لە لوبنان برینداربوونی 3 چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و کەسێکی وەرگێڕی لێکەوتەوە

کوردستان TV
100%


لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە باشووری لوبنان، سێ چاودێری سەربە ھێزەکانی ئاشتیپارێز سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNIFIL)و کەسێکی وەرگێڕ برینداربوون.

ھێزی ئاشتیپارێز سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNIFIL) کە لەسەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل لە ئەرکدایە، ڕایگەیاند کە تەقینەوەیەک لە باشووری لوبنان ڕوویداوە و لە ئاکامدا، سێ چاودێریان لەگەڵ کەسێکی وەرگێڕدا، برینداربوون.

گوتەبێژی یونیفڵ، ئەندریا تێنێنتی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سێ چاودێری سەربە یونیفڵ و کەسێکی وەرگێڕ لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا لە باشووری لوبنان، بەھۆی تەقینەوەیەکەوە برینداربوون.

ڕاشیگەیاندووە کە لەئێستادا، لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکە دەکەن و ھاتووە: "ئەندامانی دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست پاڵپشتی لە ھێزەکانی یونیفڵ دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە باشووری لوبنان".

داواشی کردووە کە دەستەبەرکردنی سەلامەتی و ئاسایش بۆ کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکەوێتە سەر شانی ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕایگەیاندووە: "دووبارە داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوانیان ڕابگرن، بۆ ئەوەی زیاتر خەڵکی بێتاوان نەبنە قوربانی".

پێشتر ئاژانسی ھەواڵی فەرمی لوبنان بڵاویکردبوویەوە کە سوپای ئیسرائیل، ھێرشی کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی ھێزی ئاشتیپارێز سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNIFIL) لە نزیک ناوچەی ڕەمیش باشووری لوبنان.

ڕاشیگەیاندبوو کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، سێ ئەفسەری ھێزەکانی یونیفڵ و کەسێک وەرگێڕ برینداربوون.

باسی لەوەش کردبوو، ئەو سێ ئەفسەرەی ھێزەکانی یونیفڵ کە لەو ھێرشەی سوپای ئیسرائیلدا، برینداربوون هەر کامیان خەڵکی وڵاتانی ئوسترالیا، چیلی و نەرویجن و وەرگێڕەکەش بە ڕەگەز لوبنانییە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.