Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 10:40

سه‌رۆك بارزانی: خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین بەڵام دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگای فیدڕاڵی

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی به‌ریتانیا لە عێراق دەكات
کوردستان TV
100%


ڕۆژی چوارشەممە 27ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە  ستیڤن هیچن باڵیۆزی به‌ریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاڵۆگۆڕ كرا و پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردن سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەر لە 1991ـەوە پارتی دەستپێشخەری هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی بووە و هەمیشەش لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی یەكەمی هێناوە. 

ماوەی دووساڵە كە هەڵبژاردنەكان بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی و هاندانی دەرەكی دوادەخرێت، ئێستاش كە بە بڕیاری سیاسی دادگەی فیدڕاڵ و بەپێی ئەجێندای دەرەكی دەسكاریی یاسای هەڵبژاردن كراوە، ئینجا دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت. ئێمە خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین بەڵام دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگای فیدڕاڵ كە ئامانج لێی شكاندنی پارتی بێت. 

سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاند كە ئێمە ناچینە ژێر باری بڕیاری نادەستووری دادگای فیدڕاڵ كە تێیدا دادگە خۆی خستووەتە جێگەی دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن.

 هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە تێبینی و داواكارییەكانی پارتی یاسایی و لە چوارچێوەی دەستوور و لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ڕاست و ڕەوا و بێگەردە.

لەبەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستەسەر سیاسەتی برسیكردن و بڕینی بودجەی خەڵكی كوردستان و جەختی كردەوە كە ناكرێ مامەڵەی سیاسیانە لەگەڵ بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان بكرێت بۆ لاوازكردن و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان، بەپێویستی زانی كە چارەسەرەكی یەكلاكەرەوە بۆ بابەتی بودجەی هەرێم دابنرێت. ئەوەشی بۆ شاندی میوان ڕوونكردەوە كە ئێمە پشتئەستوورین بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلەكەمان و هەرێمی كوردستان بە خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستان دروست بووە نەك بە بڕیاری دەرەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی به‌ریتانیا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو هەتا ئێستا بە بایەخەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و پاڵپشتیەتی، و لەگەڵ هەرێمی كوردستانی بەهێز و سەقامگیر دایە.

 باسی لەوەشكرد كە ڕۆڵی پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان گرنگە و پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا بە بێی ڕۆڵی پارتی پڕۆسەیەكی كامل نابێت و دەیانەوێ یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. 


ڕاشیگەیاند لە نیگەرانییەكانتان تێ دەگەین و بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن بەشدار و هاوكار بن بۆ چارەسەری كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەرد.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.