له لێدوانێكی بۆ رۆژنامهنوسان وەزیری دەرەوەی عێراق لە واشنتۆن رایگەیاند: لە سەردانی سهرۆك وهزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رەنگە تەوەرێکی گفتوگۆکان بێت.
ئاماژهی بهوهشكرد: ئەوەی لە سوودانی تێگەیشتووم، هیچ گرفتێک نییە و مووچەی مانگی ئاداریش دەنێردرێت.
ههروەها فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: كار لەسەر پرسی مووچە كراوه هەرچەندە تا وەکوو ئێستا گرفتەکان چارەسەر نەکراون بەڵام پێشبینی دەکرێت لەم چەند ڕۆژە چارەسەر بکرێن.
ئهوهشی خستهڕوو وهك ئهوەی من له محهمهد شیاع سوودانی تێگەیشتووم، هیچ گرفتێک نییە و مووچەی مانگی ئاداریش دەنێردرێت.
ههروهها رایگهیاند: له ئێستادا شاندێكی حكومهتی ههرێمی كوردستان سەبارەت بە بابەتی پڕۆژەی هەژماری من له بهغدان و لەسەر ئەم پڕۆژەیە سهرقاڵێ دانووستانن.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی، هەرچەندە زانیاریم لە رەوتی دانووستانەکان نییە، بەڵام پێویستە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم بابەته و پرسەکانی دیکەش بگەنە رێککەوتن.
هەروەها دەربارەی سەردانی ئەمجارەی شاندی باڵای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سوودانی بۆ واشنتۆن كه بڕیاره 15ی مانگی نیسان ئهنجام بدرێت، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگهیاند: شاندەکە ئەندامانی کوردیشی تێدا دەبێت و ناوەڕۆکی گفتۆگۆکانیش لە سەردانەکانی پێشتر جیاوازترە.
وتیشی، چەند پرسێکی دیکە بۆ باسکردن هەن بەڵام ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە بانک و دۆلار و دینارەوە هەیە هەر باس دەکرێنەوە.
وتیشی: بەدڵنیاییەوە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باس دەکرێت، بەو پێیەی چەند کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری نەوت ئەمەریکی هەن، کە بێگومان ئەوانیش گرفتەکانی خۆیان لەگەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی ئەمەریکا باس کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.