Erbil 12°C دووشەممە 18 تشرینی دووەم 00:40

هونه‌رمه‌ند موكریان ئه‌بوبه‌كر: سه‌رده‌می هه‌شتاكان عه‌شقێك بۆ هونه‌ر و ژیان هه‌بوو

کوردستان TV
100%


هونه‌رمه‌ند موكریان ئه‌بوبه‌كر: من له‌ سوید به‌ره‌خنه‌ی لێزانه‌كان زۆر شتی ژیانمی گۆڕیم .

موكریان ئه‌بوبه‌كر یه‌كێكه‌ له‌ ژنیاره‌ به‌تواناكانی جیهانی موزیك،هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خه‌ونی به‌ موزیكه‌وه‌ بینیوه‌، بۆیه‌ ته‌مه‌ن5 ساڵان ده‌بێت ئامێری ساز ده‌ژه‌نێت.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ وه‌كو پسپۆر ئامێری (چه‌لۆ) ده‌ژه‌نێنت، به‌ڵام توانستێكی باشی هه‌یه‌ له‌ ژه‌نینی ئامێره‌كانی كه‌مان، ساز،عود.

دوای ئه‌وه‌ی به‌پله‌ی نایاب په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌شی موزیك ته‌واو ده‌كات ، بۆ درێژه‌دان ده‌چێته‌ وڵاتی سوید له‌وێ بڕوانامه‌ی ماجستێر له‌ بواری موزیك به‌ده‌ست ده‌هێنێت، ناوبراو  به‌شداری چه‌ندین كۆنسێرت و ئاهانگی موزیكی له‌گه‌ڵ چه‌ندین تیپی موزیكی جیهانی وه‌كو ژه‌نیارێكی به‌توانا بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت، خاوه‌نی چه‌ندین ڤیدیۆ كلیپیشه‌ ئه‌و هه‌میشه‌ خۆی به‌ منه‌تباری هونه‌رمه‌ندان (ئامانج غازی و به‌كر خالید) ده‌زانێت كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان فێری ئه‌لف و بێی موزیك بووه‌، ئێمه‌ش بۆ زیاتر ئاشنا بوون به‌كارو چالاكییه‌كانی وه‌كو ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی به‌ چه‌ند پرسیارێك به‌سه‌رمان كرده‌وه‌.

هه‌ڤپیڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس  

*سه‌ره‌تا با بزانین ده‌سپێكی هونه‌ریت چۆن ده‌ست پێكرد؟

‎- ده‌ستپێكی هونه‌رم به‌شێوه‌یكی ئه‌كادیمی، له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ولێر بوو، ئه‌گه‌ر چی پێش بچمه‌ په‌یمانگا  ژه‌نیاری ساز بووم به‌ جۆرێك چه‌ند میلۆدی مه‌قامێك له‌ ناو هاوڕێكانم و له‌ كۆڕۆ و كۆبونه‌وه‌ی ماڵه‌وه‌ ده‌ژه‌نی، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه‌ توانیم له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی په‌یمانگا قبوڵ بكرێم به‌سه‌ركه‌وتووی وه‌ربگیرێم،له‌زۆربه‌ی فیستیڤاڵه‌كانی ناو په‌یمانگاش به‌شداری كارام هه‌بوو، دوای ئه‌وه‌ی چوومه‌ هانده‌ران له‌وێش به‌شداری چه‌ندین كۆسێرت و ئاهه‌نگه‌كان له‌ بۆنه‌ نیشتمانییه‌كان كرد.


*هه‌رچه‌نده‌ به‌رێزتان له‌ ژه‌نینی زۆربه‌ی ئامێره‌كان توانستێكی باشتان هه‌یه‌،به‌ڵام وه‌كو پسپۆری ئامێری چه‌لۆتان هه‌ڵبژارد هۆكاره‌كه‌ی چی بوو؟

- ئه‌وه‌ی راستی بێت،من هه‌ر له‌مناڵیه‌وه‌  حه‌زوو ئاره‌زووم له‌ ئامێری چه‌لۆ بوو به‌جۆرێك  ئامێری چه‌لۆ له‌لام وه‌كو سیحرێك وابوو،ته‌نیا گوێم لێده‌ بوو ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی كه‌م ده‌رامه‌ت بووین به‌ڕاده‌یه‌ك ته‌له‌فزیۆنیشمان نه‌بوو، هه‌تا له‌په‌یمانگاش وه‌رگیرام ، ئامێری چه‌ڵۆم نه‌ بینیبوو، بۆیه‌ كاتێ له‌په‌یمانگا وه‌رگیرام یه‌كه‌م جاربوو ئامێری چه‌لۆ ببینم بۆیه‌ زۆر به‌عشقه‌وه‌ له‌ باوه‌شم كرد،تا ئه‌و راده‌یه‌ زۆرێك له‌ هاوڕێكانم گاڵته‌یان پێكردم هه‌رچه‌نده‌ له‌و كاته‌  هه‌ستم به‌ شه‌رم كرد به‌ڵام ئه‌و رۆژه‌ رۆژێكی زۆر خۆش بوو بۆمن.

*تۆ له‌هانده‌ران ده‌ژیت وه‌كو هونه‌رمه‌ندێك جیاوازی كاری هونه‌ری له‌ كوردستان و هانده‌ران له‌چی ده‌بینیته‌وه‌؟

 - جیاوازیه‌كان زۆرن كاتێك تۆ له‌ ناو میلله‌تێكی هه‌ژارو دارووخاو دێیته‌ ناو كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتووی ئه‌م گه‌ردوونه‌ و باسی موزیك بكه‌یت له‌گه‌ڵیان هه‌ست به‌ جیاوازییه‌كی زۆر ده‌كه‌یت،من له‌ وڵاتی سوید له‌رێگه‌ی موزیك بژێووی ژیانی خۆم دابین ده‌كه‌م، بڕوانامه‌ی ماسته‌رم له‌ كۆلێژی شاهانه‌ی ستۆكهۆڵم  به‌ده‌ست هێنا، له‌ به‌رزترین ده‌زگای هونه‌ری سویدی كارده‌كه‌م له‌ بواری موزیك و سینه‌مادا، به‌توانستی خۆم توانیم له‌گه‌ڵیان بگونجێم له‌رێگه‌ی هونه‌ری موزیك توانیم شوێن په‌نجه‌م دیار بێت.

*زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندان پێیان وایه‌ سه‌رده‌می هه‌شتایه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ،سه‌رده‌می زێرێنی هونه‌ری كوردی بوو ئێوه‌ش هه‌مان بۆچوونتان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ چی ده‌گه‌رێته‌وه‌؟

- به‌ڵێ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ عه‌شقێك هه‌ بوو بۆ هونه‌ر و ژیان كردن،ئێستا  شێوازی ژیان كردن گۆڕاوه‌، هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ به‌هاكانی له‌ ده‌ستداوه‌، كاتێ هه‌ندێ له‌و گۆرانیبێژانه‌ی ئێستا له‌رێگه‌ی نمایش كردنی چه‌ند ئافره‌تێك، رێزم بۆ ئافره‌تان هه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ هه‌وادارانیان سه‌یرو كلیپه‌كانیان ده‌كه‌ن نه‌ك له‌به‌ر ده‌نگ و میلۆدی و تێكست هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌ شه‌پۆڵێك هونه‌رمه‌ندی به‌ ئه‌زموون وازیان له‌ گۆرانی وتن هێناوه‌.

*تاچه‌ند گرنگه‌ ژنیار و گۆرانیبێژ كه‌سانی ئه‌كادیمی بن هیچ نه‌بێت نۆته‌ بخوێنێته‌وه‌؟

‎-  راسته‌ هونه‌رپێش هه‌مووشتێك به‌هره‌یه‌،به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك له‌ هه‌ربوارێك دا بێت به‌شێوه‌ی ئه‌كادیمی بخوێنێت ئه‌وا هونه‌رمه‌ندێكی پڕۆفیشناڵ بوون دێته‌ كایه‌وه‌، واتا له‌ پڕۆفشناڵیزمی خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌  تیۆری و پراكتیكی دا، كاتێك ژنیار پڕۆفشیۆناڵ بێت بتوانی  موزیك بخوێنیته‌وه‌ ،بنوسی،بیژه‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت له‌ گه‌ڵ گرووپه‌ جیهانیه‌كان كاری موزیك و بزنسی هونه‌ری بكه‌یت  له‌م باسه‌ دا نامه‌وێت  قوڵ ببمه‌وه‌ له‌ باسی هاڕمۆنی و ستایله‌كانی موزیك و ورده‌كاریه‌كانی تربكه‌م.

*ره‌خنه‌گری موزیكیمان هه‌یه‌ تاچه‌ند بوونی ره‌خنه‌ گرنگه‌ بۆ پێشكه‌وتنی هونه‌ری موزیك؟

 - ره‌خنه‌ی پڕۆفیشناڵ  كاری ره‌خنه‌گرانه‌،من له‌ سوید به‌ ره‌خنه‌ی لێزانه‌كان زۆر شتی ژیانم گۆڕیم،له‌ بڕوانامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌م پڕۆفیسۆرێكی سویدی گوتی" ڕه‌خنه‌ی عاقڵانه‌ ده‌بێت پێشنیار و هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕێنمای تێدابێت، به‌جۆرێك نابێت له‌ جه‌وهه‌ری بابه‌ته‌كه‌ كه‌م بكاته‌وه‌ بگره‌ هاندان بێت واته‌ ره‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر  بێت "

*له‌م دوایانه‌دا كارێك بۆ هونه‌رمه‌ند خاتوو دڵنیا ره‌زازیی ئه‌نجام دا ئه‌كرێت باسی چۆنیه‌تی له‌ دایك بوونی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بكات؟

‎- هونه‌رمه‌ند خاتوو ،دڵنیا ره‌زازی له‌ كۆنسێرتێكی له‌ شاری له‌نده‌ن پرسیاری ئه‌وه‌ی لێكردم  به‌ نیازه‌ له‌ ئه‌لبومه‌ تازه‌كه‌ی ئه‌م گۆرانیه‌ بخوێنێ منیش به‌ خۆش حاڵیه‌وه‌ قبوڵم كرد ودواجار له‌ ستۆدیوكه‌ی خۆم له‌ ماڵه‌وه‌ كاری تۆمار كردن و ژه‌نین و میكسم بۆ ئه‌نجاماندا هیوادارم به‌دڵی هه‌موولایه‌ك بێت.

*به‌رنامه‌ت نییه‌ بگه‌ریته‌وه‌ كوردستان ؟ هیچ به‌رهه‌می نوێت هه‌یه‌ ؟

- له‌ راستیدا له‌ئێستادا له‌ به‌رنامه‌م دا نیه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ كوردستان چونكه‌ كاری هونه‌ریم و گرێبه‌سته‌كانم  ته‌واو سه‌رقاڵیان كردووم،له‌وكاته‌ی زۆر زۆر تامه‌زرۆم بگه‌ڕێمه‌وه‌  كوردستان، به‌ڵام  به‌داخه‌وه‌ هه‌تا ئێستا هیچ لایه‌نێك و ده‌زگاو میدیایه‌ك،ئاماده‌ نه‌بووه‌ بانگێشتێكمان بكه‌ن سه‌كۆیه‌كم بۆ واڵا بكه‌ن، بۆ كۆنسێرتێك ،سمیناریك ،پڕۆژه‌یه‌ك،لای خۆشم  بۆته‌ پرسیار بۆچی هیچ لایه‌نێك  بانگێشتمان ناكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ هونه‌ریانه‌ی هه‌مانه‌ پێشكه‌ش به‌ گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین، له‌و كاته‌ی من و چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی تری ، ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین  شانۆی جیهانی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین هونه‌رمه‌ندانی ووڵاتانی بێگانه‌ نمایش و چالاكی گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

*ئێمه‌ زۆر سوپاس به‌رێزتان ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌وده‌رفه‌تان به‌ ئێمه‌ به‌خشی بۆ سازدانی ئه‌م هه‌ڤپیڤینه‌.
- منیش زۆر سوپاسی ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌تان ده‌كه‌م ده‌ستان خۆش بێت.

 

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.