Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 12:07

یەکەمین مانیڤێستی هەڵبژاردن و دەریچەیەک بۆ گرفتەکانی ئێستا

کوردستان TV
100%

سالار عوسمان

هەر شازدە ڕۆژێک تێپەڕیبوو بەسەر ڕاپەڕینی ساڵی 1991، ڕابەرێک لە نێو گەلەکەیدا، پێ بە پێ و سەرکەوتن دوای سەرکەوتن لەگەڵ جەماوەری ئازادیخواز و پێشمەرگەی هەڵمەتبەر لە شاری کۆیە گوتارێکی یەکلاکەرەوەی مێژوویی پێشکەش کرد و بە هەمووانی گوت: (قۆناغی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی کۆتایی هات و پێویستە بەرەو شەرعییەتی یاسایی هەنگاو بنێین، پێویستە هەڵبژاردن بکرێت و جەماوەری کوردستان و گەلی کورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات)*.

ئەم گوتارە هی سەرۆک مەسعود بارزانییە، ئەم ڕوانگەیە هی ئەو ڕابەرەیه کە بە داڕێژەری هەڵبژاردن دادەندرێت لە کوردستان و زۆر جاری تریش گوتوومە: ئەم گوتارەی بارزانی یەکەمین مانیڤێستی دیموکراسیی دوای ڕاپەڕینە کە پەرلەمانی لێ ڕسکا و حکوومەتی کوردستانی لێ هاتە بەرهەم و ئازادیی سیاسی کردە هەقیقەت.

با بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕۆژە: ( 22 ی ئاداری ساڵی 1991) و بپرسین:

ـ بارزانی چی گوت و چی کرد؟

ـ ئەم گوتارە ناوبڕێکی مێژوویی لەنێوان دوو زەمەندا کێشا، زەمەنی شۆڕشگێڕی و زەمەنی یاسایی، کە هی یەکەم هی بژاردەیەک لە تێکۆشەرانە و هی دووەم هی هەموو گەلی کوردستانە بە تێکۆشەرەکانیشییەوە، بارزانی بۆ ئەوەی کرد و ئەو ناوبڕە مێژووییەی بۆ کێشا؟.

ـ لەبەرچی دەبووا هەرچی زووە هەڵبژاردن بکەین؟

ـ ئەم وردبینی و دووربینییەی سەرۆک بارزانی لە چییەوە سەرچاوەی گرتبوو؟.

ـ هەڵبژاردن چۆن بەڕێوەچوو و کێ زۆرترین دەنگی هێنا؟

ـ گرفتەکانی ئەو کات چی بوون و چۆن چارەسەر کرا؟

ـ کێ لەپێناو گەل و بەرژەوەندییە باڵاکان وازی لە دەنگەکانی خۆی هێنا و کێیش پتر لە هەقی خۆی داوا کرد و بۆچی؟.

ـ پەنجا بە پەنجا چارەسەر بوو، یان بوو بە گرفت؟

ـ ئایا دوای سی و سێ ساڵ کاتی ئەوە نەهاتووە هەندێ ڕاشکاوتر و نیشتمانییانەتر گفتوگۆی یەکتر بکەین و بەیەکتر بڵێین، لە کوێ ڕاستمان کردووە و لە کوێ هەڵە؟.

ـ ڕۆشنبیران چییان کرد و چییان دوورییەوە؟

ـ ئەرێ بەڕاست ئەو دەنگەدەنگە سیاسییە ڕقنە چی لێ بەرهەم هات، کە بەشێک لە بژاردەی سیاسیی کوردی ئومێدیان لەسەر هەڵچنی؟

ـ شەقام، ئەو چەمکە سیاسییەی، کە غەدری لێ کرا و هیچی بۆ نەکرا، ئێستا لە کوێیە و چی بەسەرهات؟!.

ـ هەموو ئەو دژایەتی و شەڕانەی بە سەرۆک بارزانی، بە هەرێمی کوردستان، بە حکوومەت و گەلەکەی دەفرۆشرێت، هۆکارەکانی چین و، مەرەم چییە؟

ـ خەڵک لە نێوخۆ و، دونیا لە دەرەوە چۆن سەیرمان دەکەن و، ئایا لە هەڵبژاردنەکانی دادێ دەنگدەر هەڵوێستی چۆن دەبێت؟.

ـ چۆن فێربین گفتوگۆ بکەین، ڕەخنە بگرین و هەڵوێست بنوێنین، بەڵام درۆ بۆ یەکتر هەڵنەبەستین و یەکتر ناشیرین نەکەین و لە  گفتوگۆکاندا مەبەستمان چارەسەر بێت نەک ئازاردانی یەکتر و نانەوەی فیتنە؟

ـ میدیای کوردی سەری خسۆتە نێو پۆپۆلیزمەوە، ئەم پۆپۆلیزمە چی لە بەهاکان دەکات و بەرەو کوێمان دەبات؟

ـ چی بکەین باشە و دەریچە و چارەسەر چییە؟.

هەموو ئەم پرسیارانە و هی تریش، لەبەر ڕۆشنایی و خوێندنەوەی ئەم گوتارەی سەرۆک مەسعود بارزانی وەڵام دەدەمەوە، کە بەر لە سی و سێ ساڵ لە کۆیە پێشکەشی کرد، گوتارێک، کە بۆ ئەو کات و ئێستایش هەر نەخشەڕێگەی ڕۆشن و چارەسەرئامێزە.

——————

* مەسعود بارزانی :  بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریحوازی کورد، بەرکی پێنجەم ـ ڕاپەڕین، دەسکەوت و ئاستەنگەکان، چاپی یەکەم/ حوزەیریانی 2022، لاپەڕە 70

دیدی رۆژنامه میدیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.