Erbil 14°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 19:00

سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریكا كۆمەڵێك بابەتی گرینگ تاوتوێ دەكەن

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕومەنسکی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا پیرۆزبایی نەورۆزی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دواپێشهاتەكان، نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی لە دوا پێشهاتە سیاسییەكان دەربڕی و داواشی كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵی خۆی ببینێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر پێكەوە كێشە و نیگەرانی و تێبینیەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانی هەرێم چارەسەر بكەن.

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە هۆكارەكانی دەرچوونی بەیاننامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دا و ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوونکردەوە كە هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەددەی ڕابردوو پارتی دەستپێشخەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە و خۆی لە ساڵی 1991 داوای كردووە كە پێویستە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی جێگەی خۆی بداتە شەرعییەتی دەستووری و هەڵبژاردن بكرێ، پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە و ترسی لە هەڵبژاردن نییە بەڵكو تێبینی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و مەترسیی تێكدانی بنەماكانی پێكەوەژیان و نەهێشتنی بەشداریی پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسیدا هەیە.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە بە بیانووی جۆراوجۆر دووساڵ هەڵبژاردنیان دواخست، دەستی نامۆ و دەرەكی خرانە ناو ئەو بابەتە و لە بەها و پێگەی هەرێمیان كەم كردەوە. هەروەها بە شێوەیەکی نا دەستووری و نا یاسایی بڕیار و یاساکانی هەرێمی کوردستانیان گۆڕی و ستەمێکی گەورەیان لە پێكهاتەكان و تێكڕای خەڵكی كوردستان كرد.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە كە تێیدا دەنگدەران لە مافی دەنگدان بێبەش نەكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێ بەها نەكرێت و یاساکانی هەرێم پێشێل نەکرێن.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دا و ئەوەی خستەڕوو كە ڕێككەوتنێكی ڕوون و هەمەلایەنە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەژێر ناوی ئیئتیلافی دەوڵەت هەیە كە بەداخەوە هیچ یەك لە خاڵە گرنگەكانی ئەو ڕێككەوتنامەیە جێبەجێ نەكراوە. ڕێككەوتنەكە لەپێناو ئەوە بوو كە سەقامگیری بێتە دی و خەڵك بگاتە خوشگوزەرانی و بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق پیادە ببن، بەڵام هیچ یەك لەمانە نەكران.

سەرۆك بارزانی جەختیشی كردەوە كە لە ڕاوێژ و هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی نیگەرانییەكان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.