Erbil 14°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 19:00

زۆرترين بڕی بارانبارین له‌ شارەدێی زاويته‌ى سه‌ر به‌ پارێزگاى دهۆک تۆمارکراوە

کوردستان TV
100%


زۆرترین بڕى بارانبارین لە ماوەى 48 کاتژمێرى ڕابردوو لە شارەدێی زاويته‌ى‌ سنوورى پارێزگاى دهۆک تۆماركراوه‌ كه‌ 277 ملم بووە و، له‌ سه‌نته‌رى پارێزگای دهۆكيش 200 ملم باريووه.

به‌شى پێشبينى له‌ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئامارى بارانبارينى 48 کاتژمێرى ڕابردووی بڵاوکردەوە کە تیاییدا ئاماژە بەوەکراوە کە بڕی بارانبارین لە سەنتەری دهۆک 200 ملم، زاخۆ 96 ملم، شارەدێی کانی ماسی 202 ملم، شارەدێی سەرسەنگ 200 ملم و شارەدێی زاوێتە 277 ملم بووە.

لە وەرزى بارانبارینى ساڵى 2021-2022سەنتەرى پارێزگای دهۆک بە درێژاىی وەرزەکە، تەنها 249ملم بارانی لێ بارى، بەڵام ئه‌مساڵ تا ئێستا بڕی 669.2 ملم باران باريووه.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانى دهۆكيش ئامارى بارانبارينى 24کاتژمێرى ڕابردوو بڵاوكردووته‌وه‌ كه‌ له‌ زاخۆ 66ملم، هەریەک لە شارەدێیەکانی، باتيفا 121ملم، ده‌ركار 97ملم, مانگێش138ملم, بامه‌رنێ 145ملم، قەزای ئامێدى 87 ملم، شارەدێی شێلادزێ 81 ملم، شارەدێی دێرەلووک 105ملم، شارەدێی چه‌مانكێ 138ملم، قەزای ئاكرێ 41 ملم، شارەدێی دينارته‌ 85.8ملم و، قەزای شێخان 38ملم باران باريووه‌.

به‌ هۆى ئه‌م شه‌پۆله‌ بارانه‌ى دوو ڕۆژه‌ هه‌رێمى گرتووته‌وه‌، لافاو لە چەندین گەڕەکی شاری دهۆک دروست بوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس و برینداربوونی 11 کەسی دیکە، هاوکات 120 کەسیش لە لافاو ڕزگارکران.

بەپێی ئامارى بەڕێوەبەرایەتی گشتی گه‌شتوگوزارى دهۆک، دوێنى شه‌و 627 کەس لە هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک نیشتەجێکراون و 160 خانووش زیانیان پێگەیشتووە، هاوکات 50 ئۆتۆمبێلیش هەر بەهۆی لافاوەکە زیانییان بەرکەوتووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.