سەرۆكی رێكخراوی رابیتەی مرۆیی داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی كوردستان كرد بەهانای زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی دهۆك بكەون و جەختیشی كردەوە كە بەهاناوەچوونیان ئەركێكی ئایینی و مرۆڤایەتی و نیشتمانییە.
دكتۆر عەلی قەرەداغی سەرۆكی رێكخراوی رابیتەی مرۆیی رایگەیاند "داوا لە هاووڵاتییانی جوامێری کوردستان دەکەم کە هەمیشە پێشەنگن لە بەهاناوەچوون و کاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی، ئێستاش خەڵکی پارێزگای دهۆک کە بەهۆی کارەساتی سروشتی لافاوەوە دوو هاووڵاتییان شەهید بوون و زیاتر لە 300 ماڵ بێ حاڵ و ماڵ بوون، پێویستیان بەهاوکاری ئێمەیە".
راشیگەیاند "بەهاناوەچوونی خوشک و براکانتان لە پارێزگای دهۆک ئەرکێکی ئاینی و مرۆڤایەتی و نیشتمانییە.
هەروەها رایگەیاند "لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی 7 ڕۆژ ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی ڕادەسپێرم بە کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک، بە پشتیوانی خودای گەورە و هاووڵاتییانی خێرخوازی هەرێمی کوردستان لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان".
ئەمڕۆ سێشەم بەهۆی ئەو شەپۆڵە زۆرەی بارانبارین كە بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لە بەشێك لە شەقام و گەڕەكەكانی سەنتەری پارێزگەی دهۆك لافاو دروست بوو و ماڵ و حاڵی زۆرێك لە دانیشتووانی ئەو گەڕەكانە ژێرئاو كەوتن و زیانێكی زۆر كەوتەوە.
سەبارەت بە زیانەكانیش، عەقید بێوار عەبدولعەزیز گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی دهۆك رایگەیاندبوو كە بەهۆی بارانبارینە بە لێزمەكە لە دهۆك 2 كەس گیانیان لەدەستداوە و 11 كەسی تریش بریندار بوون.
راشیگەیاندبوو كە زیاتر لە 150 خانوو و 50 ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان زیانیان بەركەوتووە و 120 كەسیش لە مەترسی رزگاركراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.