ئەمڕۆ دووشەم ژمارەیەك پارت و نوێنەری كریستیانەكان بە فەرمی بەشدارینەكردنیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند.
10 پارت و نوێنەرەی كریستیانەكان لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند "ئێمە وەك نوێنەرانی كریستیانەكان لە كلدان و ئاشوور و سریان و ئەرمەن لە هاوپەیمانی حمورابی و هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی و دەستەی باڵای سیاسی كلدانی، بە چاوی ڕێزەوە لە بەیاننامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڕوانین و پشتگیری بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەین كە لەژێر واقعێكی نادەستووری و نایاسایی و سیستەمێكی نادادپەروەرانەی سەپێنراو ئەگەری بەڕێوەچوونی هەیە".
راشیگەیاند "بڕیاری كریستیانەكان و توركمانەكان و دواتر بڕیاری یەكلاكەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك یەكەمین و گەورەترین هێزی جەماوەری و سیاسی كوردستان، هەنگاوێكی چارەنووسسازە لەپێناو پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان و پاراستنی بنەماكانی دیموكراسی و دەستوور و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و سروشتی فیدڕالی عێراق".
هەروەها رایگەیاند "ئێمە لێرەدا سوپاسی رێزدار جەنابی سەرۆك كاك مسعود بارزانی دەكەین كە جارێكی دیكە ئەوەیان سەلماند كە جەنابیان لە گشت قۆناغە ئەستەم و چارەنوسسازەكان یەكەمین و بەهێزترین داكۆكیكەری راستەقینەن لە بەهاكانی دیموكراسی و پێكەوەژیان و قەوارەی فیدڕالی و دەستووری كوردستان و عێراقن".
لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە "جارێكی دیكە ئێمە وەك نوێنەری كریستیانەكان لە كلدان و ئاشوور و سریان و ئەرمەن جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە دەكەینەوە لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دامەزراوە یاسایی و دەستووری و دادوەرییەكانی هەرێمی كوردستان و لەژێر یاسایێكی كوردستانی و بە ڕێكخستنی كۆمیسیۆنێكی بێلایەنی كوردستانی بەبێ دەستوەردانی دەرەكی كە هەڵبژاردنێكی كوردستانی بێت و بۆ گشت كوردستانییەكان بێت بە یاسایەكی كوردستانی نەك یاسایەكی سەپێنراوی هاوردەكراوی دەرەكی بێت".
هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە "بۆیە ئێمە پشتگیری لە بەیاننامەی پارتی و پشتگیری لە گشت هەنگاوەكان لەپێناو پاراستنی دیموكراسی و بێلایەنی دامەزراوەكانی یاسایی و پاراستنی دەستووری عێراقی فیدڕال دەكەین، و دژ بە هەر بڕیارێك دەوەستینەوە كە دەبێتە ئەگەری تێكدانی سیستەمی فیدڕالی و دیموكراتی عێراق، لەبەر ئەوەی ئەمەی ئەمڕۆ وەك واقیع و دەستوور بەرقەرارە، بەرهەمی خوێنی پیرۆزی سەدان هەزار شەهیدی سەربەرزی ئەم نیشتمانەیە".
ناوی ئەو 10 پارت و نوێنەرەی كریستیان كە بڕیاریانداوە بەشداری هەڵبژاردن نەكەن:-
حزبی ئەنجوومەنی نەتەوەیی كلدان
حزبی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان
لیژنەی ئیدارەی تائیفەی ئەرمەن
رەوتی شلاما بۆ كاروباری كریستیانەكان
حزبی یەكێتی دیموكراتی كلدان
هاوبەندی جیهانی كلدان
كۆمەڵەی ئەرمەن
هاوپەیمانی حمورابی – عێراق
هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی – هەرێمی كوردستان
دەستەی باڵای سیاسی كلدانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.