ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ئەمشەو دووشەم بەهۆی پێشبینی شەپۆڵی بارانبارین و دروستبوونی لافاو، ئاگادارییەكی بۆ هاووڵاتییان بڵاوكردەوە.
لە ئاگادارییەكەی ئیدارەی راپەڕیندا هاتووە "بە گوێرەی پێشبینی کەشوهەوا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، شەپۆلێکی بارانبارین روو لە سنوورەکەمان دەکات، بۆ ئەو مەبەستە پێشبینی دەکرێت باران ببارێت و لافاو لە سنوورەکە دروست بێت".
هەروەها هاتووە "بۆیە داواکارین لە هاووڵاتییان لە کاتی بوونی باران و لافاو، خۆیان بەدووربگرن لە شوێنی نزم و نزیک چەم و رووبارەکان و رێڕەوە ئاوییەکان".
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین راشیگەیاند "ئەم شەپۆلە لە كاتی نیوەڕۆی سبەی سێشەم دەست پێ دەکات و دووسبەی چوارشەم کۆتایی دێت، هەروەها تیمەکانی حکوومەت لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو".
داواشی لە شۆفێران كرد دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی ڕێگەی گۆمەسپان – سماقووڵی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.