سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 10 پارت و لایەنی سیاسی توركمانی پاڵپشتی خۆیان بۆ بڕیارەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەربڕی سەبارەت بە بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا كە 10 پارت و لایەنی سیاسی توركمانی واژۆیان لەسەر كردووە، هاتووە "هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەرز دەنرخێنین بۆ پاڵپشتیكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلی توركمان".
هەروەها هاتووە "سەرجەم پارت و كۆمەڵە سیاسییە نیشتمانییەكانی توركمان بڕیاریان دا بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن بەهۆی بڕیارە نا یاسایی و نا دەستوورییەكانی دادگەی باڵای فیدڕالی كە خۆی لە پێشێلی دەستوور و بنەماكان و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەكان لەوانە پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی 11 كورسی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان دەبینێتەوە".
پارت و لایەنە توركمانەكان لە بەیاننامەكەدا راشیانگەیاند "دادگای فیدڕالی هەر بەوەش نەوەستا هەڵسا بە هەڵوەشاندنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان و گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێم، بەمەش دادگاكە ئێستا شوێنی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و قەزایی گرتۆتەوە".
ئاماژەیان بەوەش دا "ئێمە وەك پارت و كۆمەڵەی سیاسیی نیشتمانیی توركمانی پاڵپشتی هەڵوێستەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین و داواش لە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان تر دەكەین لە یەك بەرە و یەك هەڵوێستیان هەبێت دژی بڕیارە نا دەستووری و نا یاساییەكانی دادگەی باڵای فیدڕالی".
ئەمەی خوارەوە ناوی ئەو 10 پارت و لایەنە توركمانییەیە كە بەشدارینەكردنیان لە هەڵبژاردن راگەیاندووە:-
پارتی گەشەپێدنی توركمانی
پارتی رزگاری نەتەوەیی توركمانی
پارتی دیموكراتی توركمانی
كۆمەلەی توركمانی لیبڕالی
كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمانی
پارتی یەكێتی توركمانی عێراقی
پارتی نیشمانی توركمانی
بزووتنەوەی دیموكراسی توركمانی
بزووتنەوەی سەربەخۆی توركمانی
پارتی گەلی توركمانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.